Nov 2016

وتەبێژى خوێندنى باڵا: پێداچونەوە بە زانکۆکانى تورکیا و ئێران لە لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان دەکرێت

weza32

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێداچوونەوە بە لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکانى وڵاتانى (تورکیا ئێران) دەکات.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان بەپێى ستاندار و پێوەر جیهانییەکان و ڕیزبەندییە جیهانییەکانى زانکۆکان، لەماوەیەکى نزیکدا دەست دەکات بە پرۆسەى پێداچونەوە بە لیستى زانکۆکانى وڵاتانى (تورکیا و ئێران) لە لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکانى هەرێمى کوردستان دەکرێ بەتایبەت بۆ ئەو خوێندکارانەى دەیانەوێت لەو دوو وڵاتە درێژە بە خوێندن بدەن، وتیشى بۆ ئەم مەبەستە وەزارەت دواى ئەنجامدانى پرۆسەى پێداچونەوە بە لیستى نوێى زانکۆ باوەڕپێکراوەکانى ئەو دوو وڵاتە، لیستى زانکۆ پەسەندکراوەکانى تورکیا و ئێران بڵاودەکاتەوە.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: ئامانج لە پێداچونەوە بە لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکانى تورکیا و ئێران ڕەچاوکردنى کواڵێت و بنەما و پێوەرى زانستی و خوێندن و دەستەبەرکردنى پێوەرە جیهانییەکانە لەو زانکۆیانەى کە لەسەر ئاستى دونیا لە پێشەوەن، ئەوەش دەبێتە هۆى بەرزرکردنەوەى ئاستى زانستى خوێندکاران، کە بەمەبەستى درێژەدان بە خوێندن لەدەرەوەى وڵات سەردانى زانکۆکانى ئەم دوو وڵاتە دەکەن و گەشە بە پسپۆڕییەکانیان دەدەن.