وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لێکۆلێنەوە لەو بڕوانامانەى توانستى زمانى ئینگلیزى دەکات، کە گومانیان لەسەرە.
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەر بڕوانامەیەکى توانستى زمانى ئینگلیزى کە پێشکەش دەکرێ و، گومانى لەسەر هەبێ لەلایەن وەزارەتەکەمانەوە بەدواداچونى ڕاستى و دروستى بۆ دەکرێ.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتى: بەپێیى ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆر بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧)، دەرکەوت هەر کاندیدێک بڕوانامەى ساختەى توانستى زمانى پێشکەشکردوە ناوى لە لیستى کاندیدەکان دەسرێتەوەو، ڕێوشوێنى یاسایى بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
عەباس ئەکرەم ڕاشیگەیاند: هەندێ بڕوانامەى تاقیکردنەوەى زمانى ئینگلیزى نێودەوڵەتیمان بۆ هاتوە کە لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە و گومانیان لەسەرە، بۆیە ئێمەش پەیوەندیمان بە لایەنى پەیوەندار کردوەو چاوەڕێى وەڵامین.