Nov 2016

د.یوسف گۆران: زانکۆ تایبەتەکان نابێ ببنە جێگرەوەى زانکۆ حکومیەکان

IMG_0014.JPG

 د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لەبارەى گرنگى و پێگەى زانکۆ تایبەتەکان ڕایگەیاند: زانکۆ تایبەتەکان نابێ ببنە جێگرەوەى زانکۆ حکومیەکان، بەڵکو دەبێ ببنە تەواوکەرى زانکۆ حکومیەکان.

دەستپێکى ئاهەنگەکە

ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە چوارچێوەى وتارێکدا هات، کە ئێوارەى ڕۆژى دوشەممە، ڕێکەوتى (١٧/١٠/٢٠١٦) لە ئاهەنگى دەرچوانى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەشى کرد.

لە شەشەمین ئاهەنگى دەرچوانى زانکۆى جیهان- هەولێر کە بەچاودێرى و ئامادەبونى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و، سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکان و، یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان و مامۆستایان و لێپرسراوانى حکومى و، کەس وکارى دەرچوان لە پارکى زانکۆى جیهان- هەولێر بەڕێوەچو، بڕوانامەى بەکالۆریۆس پێشکەش بە (١٥٤٣) دەرچوى بەشە جیاکانى ئەو زانکۆیە کرا.

ئاهەنگەکە بەهاتنەناوەوەى دەرچوانى کۆلێژە جیاکانى زانکۆکەو مامۆستایان و ستافى ئەنجومەنى زانکۆ و بۆردى زانکۆ دەستیپێکرد، پاشان چەند ئایەتێک لە قورئانى پیرۆز خوێندرایەوە، بەدوایدا ئامادەبوان بەساتێک ڕاوەستان ڕێزیان لە شەهیدانى ڕێگەى ڕزگارى کوردستان گرت.

 

کوردستان و گەیشتن بەئاواتە لە مێژینەکانى

هەر بەو بۆنەیەوە د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتەیەکى پێشکەش کرد، لەسەرەتای وتەکەیدا د.یوسف گۆران وتى:" بەپێویستى دەزانم لە ئەمڕۆدا پیرۆزباى لە خۆمان و ئامادەبوان بکەم بەبۆنەى ئەو سەرکەوتنە گەورەیەى کە ئەمڕۆ هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان لە ناوچە دابڕێندراوەکان بەدەستیان هێنا، هیوادارم ئەو سەرکەوتنەى ئەمڕۆ سەرکەوتنى گەورە ترى بەدوادا بێ تا کوردستان دەگات بەئاواتە لە مێژینەیەکانى و دوا مەنزەڵگەى خۆى".

بایەخدان بەئۆفیسى (Alumni) بۆ بەدواداچونى دەرچوانى زانکۆ گرنگى خۆى هەیە

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە باسى لە پێگەى زانکۆى جیهان کرد و وتى: زانکۆى جیهان یەکێکە لە زانکۆ تایبەتەکانى کوردستان مێژویەکى کۆنى هەیە و، قورسایى و ڕۆڵى خۆشى هەبوە بەتایبەت لە بایەخدان بەسینتەرەکان و بەشداریکردن لە کۆڕو کۆنفرانسە نێودەوڵەتیەکان و بوژانەوەى ئۆفیسى (Alumni) بۆ بەدواداچونى دەرچوانى زانکۆ و، هاوکاریکردنیان بۆ بەدەستهێنانى هەلى کارو دروستکردن و ڕەخساندنى هەلى کار بۆیان، هەروەک وەزارەتیش بەدواداچون بۆ کێشەکانیان دەکات تا بزانێت کێشەکان چین و چۆنن؟

بایەخدان بەکواڵیتى دەبێتە هۆى بەدەستهێنانى پاڵپشتى زیاترى وەزارەت

هەر لە وتارەکەیدا د.یوسف گۆران ئاماژەى بەستراتیژى وەزارەتەکەى کرد و ڕایگەیاند:" ستراتیژى وەزارەتەکەمان پاڵپشتیکردنە لە کەرتى تایبەت، کە لەم چەند ساڵەى دوایدا بایەخێکى زۆرى بەو بوارە داوە، ئامانجیش لەو پاڵپشتیە بۆ ئەوەیە کە زانکۆ تایبەتەکان نابێ ببنە جێگرەوە زانکۆ حکومیەکان، بەڵکو دەبێ ببنە تەواوکەرى زانکۆ حکومیەکان، هەر بۆیە کاتێک پیشتگیرى وەزارەت بۆ ئەو زانکۆیان زیاتر دەبێت، کە بایەخى زیاتر بەکواڵیتى و بەرزکردنەوەى ئاستى زانست و خوێندن لە زانکۆکانیان بدەن و کێبڕکێى زانستى لەگەڵ یەکتریدا بکەن". وتیشى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى درێخى نەکردوەو پاڵپشتیەکى زۆرى زانکۆ تایبەتەکانى کردوەو کارئاسانى زۆرى بۆ کردون.

بۆ یەکەمین جار دەرچوانى زانکۆ تایبەتەکان دەتوانن لە زانکۆ حکومیەکان ماستەر بخوێنن

هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى مژدەى بەدەرچوان داو ڕایگەیاند:" دەرچوانى زانکۆ تایبەتەکان بۆ یەکەمین جار ئەمساڵ شانبەشانى دەرچوانى زانکۆ حکومیەکان دەتوانن داوا پێشکەش بکەن بۆ خوێندنى ماستەر لە زانکۆ حکومیەکان"، ڕونیشیکردەوە جیاواز لە ساڵانى ڕابردو وەک ئەوەى لە ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا هاتوە دەرچوانى ئەمساڵیش دەتوانن ڕاستەوخۆ داوا پێشکەش بکەن بۆ درێژەدان بەخوێندن، چونکە ساڵانى ڕابردو دواى دو ساڵ لە دەرچون ئینجا بۆیان هەبو داوا پێشکەش بکەن بۆ خوێندنى باڵا/ماستەر لە زانکۆکان، ئەو هەنگاوەشى بەدەسکەوتێکى گرنگ بۆ دەرچوانى ئەمساڵ و بەتایبەت زانکۆ تایبەتەکان وێناکرد، کە سەربارى نەهێشتنى ئەو دو ساڵە ئەمساڵ ئەوانیش دەتوانن درێژە بەخوێندن بدەن.

دەبێ لە ڕێگەى ئابورى زانستەوە زانکۆ تایبەتەکان بوارى ئابورى لە کوردستان ببوژێننەوە

هەر لە چوارچێوەى وتارەکەیدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: هاوشانى زانکۆ تایبەتەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان، زانکۆى جیهانیش دەبێت لە هەوڵەکانى بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى، لەهەمان کاتدا دەبێت کاربکەن بۆ ڕاکێشان و هێنانى خوێندکار لە وڵاتانى دەرەوە بەتایبەت وڵاتانى ناوچەکەو خوارو ناوەڕاستى ئێراق بۆ درێژەدان بەخوێندن لە زانکۆکانى کوردستان، بەو هەنگاووەش زانکۆ تایبەتەکان دەتوانن ڕۆڵى گەورە بگێڕن لە بوژانەوەى ئابورى کوردستان، وەک چۆن لە زۆڕێک لە وڵاتان بایەخى زۆر بەو بوارە دەدەن و لە ڕێگەى ئابورى زانستەوە بارى ئابوریان لە وڵاتەکانیان بوژاندۆتەوە.

 

دەبێ دەرچوان ببنە هۆکارێک بۆ دۆزینەوە هەلى کار بۆ خۆیان و گەنجانى دیکە

لە کۆتایى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە ڕێکخەرانى ئاهەنگەکە کرد، هەروەک دەستخۆشى لە مامۆستایان و ستافى زانستى زانکۆى جیهان کرد بۆ پێگەیاندنى نەوەیەکى نوێ، لەهەمان کاتدا پیرۆزبایى لە دەرچوان و کەس وکاری دەرچوانیش کرد و، هیواى خواست دەرچوان بتوانن ببنە نەوەیەکى کارا بۆ کوردستان بەهۆى ئەو مەعریفەو زانستەى فێرى بون ببنە هۆکارێک بۆ دۆزینەوەى هەلى کار بۆ خۆیان و گەنجانى کوردستان.

بڕیارو ڕێنماییەکانى وەزارەت بۆتە ستراتیژى کارکردنى زانکۆ تایبەتەکان

لە بەشێکى دیکەى ئەو ئاهەنگەدا د.یەحیا نەوزاد باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆى جیهان و، د.مەولود فوئاد سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر وتاریان پێشکەش کرد، لە وتارەکانیاندا دواى ئەوەى کورتەیەکیان لەبارەى زانکۆکەیان پێشکەشکرد، ئەوەشیان ڕونکردەوە کە بڕیارو ڕێنماییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستی-یان کردوە ستراتیژى کارکردنیان لە زانکۆکەیان، هەروەک سوپاسى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو تویژینەوەى زانستى-یان کرد بۆ پاڵپشتیە بەردەوامەکانى لە زانکۆ تایبەتەکان.

بڕوانامەى بەکالۆریۆس پێشکەش بە(١٥٤٣) دەرچو کرا

هەر لەو ئاهەنگەدا، دواى سوێندخواردن، لەسەر داواى ڕاگرى کۆلێژەکان، لەلایەن سەرۆکى زانکۆوە بڕوانامەى بەکالۆریۆس پێشکەش بەسەرجەم دەرچوان کرا، کە ژمارەیان(١٥٤٣) دەرچوبو. 

یەکەمەکان خەڵات کران

بەپێشکەشکردنى خەڵات بەسەر یەکەم و دوەم و سێیەمى زانکۆ و کۆلێژەکان لەلایەن د.یوسف گۆران وەیزرى خویندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و، لێپرسراوانى ئامادەبو ئاهەنگەکە کۆتایى پێهات.