Nov 2016

بەئەلیکترۆنیکردنى داتاو زانیارییەکان بۆتە بەشێک لە ژیان و، ئایندەى حکومەت و وڵاتى لەسەر بونیاد دەنرێت

IMG_5291.jpg

 وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: بەئەلیکترۆنیکردنى دامەزراوە جیاکانى خوێندنى باڵا لە کوردستان گرنگیەکى زۆرى بۆ زانکۆکان و وەزارەت و حکومەتى هەرێمى کوردستان دەبێ لە بوارى بەڕێوەبردن و داڕشتنى پلانى تۆکمە بۆ گەشەپێدانى خوێندنى باڵا لە کوردستان و چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان.

ئەو راگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەی لێژنەى باڵاى بەئەلیکرۆنیکردنى دامەزراوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هات، کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (١٩/٤/٢٠١٦) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى دیوانى وەزارەت بەڕێوەچوو.

لەسەرەتایى کۆبونەوەکەدا د.یوسف گۆران باسى لە گرنگى پڕۆژەى بەئەلیکترۆنیکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردو لەو بارەیەوە وتى: ئەم پڕۆژەیە بۆ زانکۆکان و وەزارەت و حکومەت گرنگى تایبەتى هەیە، چونکە زانیارى تەواومان لەبارەى هەموو سێکتەرەکانى خوێندنى باڵا پێ دەدات.

هەر لە قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بەکێشەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد و لەوبارەیەوە وتى: کاتێک دەمانەوێ پلان بۆ بوارێک لە بوارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دابڕێژین داتاو ئامارى ورد لەبەردەست نیە، بۆیە پلانەکان کە دادڕێژرین واقعى نابن و ڕەنگدانەوەى کۆمەڵگەو بوارە جیاکان نابن، بەڵام بەپێچەوانەوە لە وڵاتە پێشکەوتوەکان بەئەلیکترۆنیکردنى داتاو زانیارییەکان بۆتە بەشێک لە ژیان و ئایندەى حکومەت و وڵاتى لەسەر بونیاد دەنرێت، لەو چوارچێوەیەشدا کارەکانیان بەشێوەیەکى ئەلکترۆنى ڕایى دەکەن، بۆیە ئێمەش وەک حکومەت ناتوانین پێشکە بکەوین ئەگەر کارەکانمان بەئەلیترۆنى نەکەین.

د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕاگەیاند: لە سۆنگەى هەستکردنى بەگرنگى ئەو پڕۆسەیە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ماوەى چەند مانگێکە بەخۆشحاڵیەوە دەستى داوەتەوە ئەلیکترۆنیکردنى وەزارەت و زانکۆ و دامەزراوەکانى، وتیشى زانکۆکان ناوەندیکى گرنگى مەعریفەو زانیارى و پێشکەوتى کۆمەڵگەن، بۆیە دەبێت خوێندنى باڵا ببێتە نمونەى سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان، کە ئەوەش شتێکى ئاساییە، بەڵام ئەوە ئاسایى نەدەبوو ئەگەر وەزارەت و دامەزراوەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان لە بەئەلیکترۆنیکردنى سێکتەرەکاندا ببونایە بە نمونەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، چونکە زانکۆکان خۆیان مەعریفەو زانیارى پێشکەش بەکۆمەڵگە دەکەن، دەبێت هەرخۆشیان پێش کەرتەکانى دیکەى کۆمەڵگە ئاشنایى زانیارى و گۆڕانکارییە تازەکانى ژیان و کۆمەڵگەکان بن.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هیواشى خواست لە ئایندەیەکى نزیکدا تەواوبونى پڕۆژەکە ڕابگەێینن، چونکە کارئاسنى زۆر دەکات بۆ بوارى بەڕێوەبردن و داڕشتنى پلانەکانى داهاتوى وەزارەت، هەروەک زانکۆکانیشى ڕاسپارد بەتایبەت ئەوانەى تا ئێستا کارەکانیان تەواو نەکردوە پەلە بکەن لە ڕاپەڕاندنى کارەکان بۆ ئەوەى هەنگاو بۆ جێبەجیکردنى قۆناغى دوەمى پڕۆژەکە بنێن.

لە بەشیکى دیکەى کۆبونەوەکەدا د.ئومێد سابر شوانى سەرۆکى لێژنەى کۆکردنەوەى داتاو زانیارى بۆ سیستمى HR سمینارێکى لەبارەى چۆنێتى کارکردنى لێژنەکان بۆ کۆکردنەوەى داتاکان خستەڕوو و لەوبارەیەوە ڕاگەیاند: لەسەر بنەمایەکى زانستى و ئەکادیمى توانیمان لە ماوەى (١٠) ڕۆژدا کارەکان تەواو بکەین و سەرجەم زانیارییە داواکراوەکانى ئەو قۆناغە بەئەلکترۆنى بکەین.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا باس لەو بەرست و ڕێگریانە کرا کە هاتونەتە پیش زانکۆکان لە کۆکردنەوەى داتاکان و داخڵکردنى زانیارییەکان، هەروەک ئاماژە بەوەش کرا کە زانکۆکانى (هەولێرى پزیشکى، زاخۆ، کۆیە، دهۆک، هەولێرى پزیشکى) کارەکانیان گەیشتۆتە قۆناغى کۆتایى و لە چەند ڕۆژى داهاتوو تەواوى زانیارییەکان بەئەلیکترۆنى دەکەن و پێشکەشى وەزارەتى دەکەن، هەروەک زانکۆکانى دیکەش بەڵێنییان دا تا کۆبونەوەى داهاتوو سەرجەم زانیارییەکان کۆبکەینەوەو پێشکەشى وەزارەتى بکەن.