ئاگادارییەک بۆ قوتابى و خوێندکارانى هەرێمى کوردستان لە دەرەوەى وڵات

وه‌زاره‌ت + ئاگاداری

لە چوارچێوەى هەوڵە بەردەوامەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لایەنى پەیوەندار لە حکومەتى عێراقى فیدرال، بە ئاراستەى کار ئاسانى کردن بۆ ئەو خوێندکارو قوتابیانەى کە لەدەرەوەى وڵات دەخوێنن و بەهۆى بارودۆخى بڵاو بونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا تا ئێستا لە دەرەوەى وڵاتن.

لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێم، وەزارەتەکانی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ناوخۆ و گواستنەوەو گەیاندن و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە ھەوڵی بەردەوامدان بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی لایەنی عێراقی و ئەو وڵات و شوێنانەی کە قوتابی و خوێندکارانى هەرێمى کوردستانیان تێدا دەخوێنن، بۆ ئەوەی لە نزیکترین دەرفەتدا ئەوانەی کە سیستمی خوێندنیان ڕاگیراوە یان کراوە بە ئۆنلاین بگەڕێندرێنەوە بۆ باوەشی ھەرێمی کوردستان. بۆیە ئاگادارى سەرجەم ئەو خوێندکار و قوتابیانە دەکەینەوە کە خوێندنیان بە فەرمی ڕاگیراوە یان کراوە بەئۆنلاین و تاکو ئێستا لەدەرەوەى وڵات نەگەڕاونەتەوە، لە نزیکترین دەرفەتدا خۆیان ناونوس بکەن لە نوێنەرایەتییەکانى حکومەتى هەرێم لە وڵاتەکانیان بەمەبەستى کارئاسانى و دۆزینەوەى ڕێگە چارەى گونجاو بۆ گەڕانەوەیان، هەروەها لەو وڵاتانەى کە نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان نیە، پێویستە قوتابیان و خوێندکاران خۆیان ناونوس بکەن لە باڵیۆزخانەى عێراق لە وڵاتەکانیان.

 

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

هەولێر ٢٨/٣/٢٠٢٠