قۆناخێکى دیکەى فراوانکردنى پرۆسەى بەئەلیکترۆنیکردنى وەزارەت و زانکۆکانى کوردستان بڕیارى لێدرا

kobunewey Anjumani Wezaret

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەنجومەنى وەزارەت لە خەمى سەربەخۆیى زیاترى زانستى و دارایى و کارگێڕى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و، جێبەجێکردنى پڕۆژەکانیشى هەمویان بەو ئاراستەیەیە.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتى (٢٦/٦/٢٠١٨) لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت هات.

لەماوەى (٢) ساڵى قەیرانى دارایدا چەندین پڕۆژە جێبەجێکراون

لەو چوارچێوەیەدا و، سەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەگەڵ سەرهەڵدانى قەیرانى دارایى وەزارەتەکەمان بەپڕۆژەیەک کاریکرد بۆ ئەوەى زانکۆکان لەسەر پێیى خۆیان بوەستن و، هەنگاوێکى گرنگ لە ڕوى زانستى و دارایی و ئەکادیمیەوە بچنە پێشەوە، بەو هۆیەوە توانراوە چەندین پڕۆژەى زانستى گرنگ جێبەجێ بکرێ، بۆ ئەوەش زانکۆکانى ڕاسپارد لە نزیکترین کاتدا وردەکارى داهات و چۆنیەتى خەرجکردنیان ئامادە بکەن و، بۆ وەزارەت بەرزى بکەنەوە.

ڕێکخستنەوەى ساڵنامەى خوێندن:

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د. محمد حوسێن سەرۆکى دەزگاى گشتى سەرپەرشتى دڵنیایى جۆرى کورتە باسێکى لەبارەى گرنگى پێداچونەوە بە ساڵنامەى خوێندن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرد، بۆ ئەوەش وتى: گرنگە لەسەر ئاستى وڵات یەک سیستم و ساڵنامەى خوێندنمان هەبێت، چونکە ئەوەى ئێستا هەیە لە زانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکى دیکە جیاوازە، بۆ ئەوەش پێشنیازیکرد دەوامى زانکۆ هەمو ساڵێک لە ڕێکەوتى (١/٩) دەست پێ بکات، هەر بۆ ئەوە مەبەستە ئەوەى ڕاگەیاند: بەپڕۆژە پێشنیازێک وردەکارى ساڵنامەى خوێندن و ڕۆژەکانى دەوام و پشو بۆ مامۆستایان و خوێندکاران لە زانکۆکان دیارى دەکەن، لەو چوارچێوەیەدا ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا دواى ئەوەى پرۆژە پێشنیازەکە ئامادە دەکرێت ئاڕاستەى زانکۆکان بکرێ تا بۆچون و پێشنیازەکانیان ڕەوانەى وەزارەت بکەن.

کاروبارى زانکۆکان بەئەلیکترۆنى دەکرێ

هەر لەو کۆبونەوەیەى ئەنجومەنى وەزارەتدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: قۆناخى دوەمى بەئەلکیترۆنیکردنى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا، دواى دیوانى وەزارەت بریتیە لە چۆنیەتى بەستنەوەى سیستمەکە بەزانکۆکان، چونکە ئەوەى دیوانى وەزارەت دەبێتە سێنتەرێک و، بۆ زانکۆکان بڵاوى دەکەینەوە، بۆ ئەم مەبەستە د. خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى ڕاسپارد وردەکارى پڕۆسەى بەئەلیکترۆنیکردنى کاروبارەکانى وەزارەت پێشکەش بکات، لەو چوارچێوەیەدا د. خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى لە ڕاپۆرتێکدا وردەکارى هەنگاوەکانى بەئەلیکترۆنیکردنى سێکتەرەکانى کاروبارەکانى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسکرد و وتى: کاروبارەکانى شەش بەشى سەرەکى و لاوەکى لە دیوانى وەزارەت بەئەلکیترۆنى کراوە، ئەوانیش بریتین لە (یەکسانکردنى بڕوانامەکان، سەرچاوە مرۆییەکان، ژمێریارى، بەڕێوەبەردنى نوسراوەکان، سیستمى وەرگرتنى خوێندنکاران و، سیستمى بەڕێوەبردنى سکۆلەرشیپ)، وتیشى بۆ نمونە ئێستا یەکسانکردنى بڕوانامەکان بەو شێوەیە کاردەکەن، ئەمەش کارئاسانى زۆرى بۆ کردوین و، هاوڵاتى پێویست ناکات بێتە وەزارەت بۆ پێشکەشکردنى مامەڵەکەى، بەهەمان شێوە سیتسمەکانى دیکەش کارى لەسەر کراوە و، بەشێکیشیان لە ئەبدەیت و کارکردندان و، هەمو کەسێک ئێستا دەتوانێ بەدواداچون بۆ نوسراوەکانى بکەن.

کاروبارەکانى سەرچاوە مرۆیەکانیش جێبەجێکراوە و، هەمو فەرمانبەران دەتوانن بەدواداچون بۆ نوسراوەکانیان بکەن، بۆیە سیستمى (HR) بەتەواوەتى ئامادەکراوە و هەموو زانیارییەکانى مامۆستاو فەرمانبەرانى تیادایە، لە ژمێریاریش بەهەمان شێوە کار تەواوى لەسەر کراوە و ئێستا کارى خۆیى دەکات، هەروەک بۆ خوێندکاران و سکۆلەرشیپیش بەهەمان شێوە کارى خۆیى دەکات.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان ئێستا ئامادەیە ئەم سیستمە بدات بە زانکۆکان بەتایبەت سیستەمەکانى (HR، ژمێریارى، خوێندکاران و نوسراوەکان)، بۆیە ئەگەر ئەم سیستمە لە زانکۆکان جێبەجێ بکەین دەتوانین خزمەتێکى زۆر باشتر بە پرۆسەى خوێندن بکەین و، ئاسانکارى بۆ بەڕێوەبردنى ئەرکەکان بکەین، بۆ ئەوەش داواى لە زانکۆکان کرد ئەدمینێکى سەرەکیان بۆ دابنین بکرێ، لەهەمان کاتدا ستافێک بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە لە زانکۆکان دابنرێت و، دەسەڵاتیشیان پێ بدرێت بۆ جێبەجێکردنى پرۆژەکە. لە ئەنجامدا ئەنجومەنى وەزارەت پشتگیرى خۆى بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە لە زانکۆکان وەک هەنگاوى دوەمى بەئەلکیترۆنى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا دوپاتکردەوە.

سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکان گۆڕانکارى تێدا کرا

 لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، لەلایەن د. داود سلێمان سلیم ئەتروشى سەرۆکى لێژنەى پێداچونەوە بەسیستمەکانى وەرگرتن سمینارێکى سەبارەت بەکارى لێژنەکەیان پێشکەشکرد، لە سمنارەکەیدا وردەکارى کارى لێژنەکەیان باسکرد و، لەو بارەیەوە دوتى: دواى دەستبەکاربونى لێژنەکەمان چەندین کۆبونەوەمان لەگەڵ کەسانى پسپؤر و شارەزا و نوێنەرى خوێندکار و قوتابیان و لێپرسراوە پەیوەندیدارەکان لە زانکۆکان ئەنجامدا، لەو کۆبونەوانەدا خاڵە لاواز و بەهێزەکانى سیستمەکانى وەرگرتن (سیستمى ڕاستەوخۆیى زانکۆیى، سیستمى پارالێل، سیستمى وەرگرتنى ئێواران، زانکۆلاین) دەستنیشانکرد و، سەرجەم خاڵە بەهێز و لاوازەکانى هەریەک لەو سیستمانەى باسکرد، پاشان ڕایگەیاند: دواى هەڵسەنگاندنى وردى بابەتەکە، لێژنەکەمان کۆمەڵێک خاڵى گرنگى پێشنیازکرد، دواى خستنەڕوى تەواوى پێشنیازەکان و تاوتوێکردنیان لەلایەن ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت ئەم بڕیارانەیدا:

  • پێکهێنانى لێژنەیەکى هەمیشەیى بۆ دانانى سیستمەێک بۆ تاقیکردنەوەکانى سیستمى ڕاستەوخۆیى زانکۆیى نیشتیمانى و دیاریکردنى ڕێژەى نمرەى تاقیکردنەوەکان.
  • جێبەجێکردنى سیستمى کریدیت بۆ وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٨-٢٠١٩) سەبارەت بەسیستمى ڕاستەوخۆ.
  • بۆ خوێندنى ئێواران، بەهیچ شێوەیەک چیتر خوێندکار لە بەشە زانستیەکان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتیەکان وەرناگیرێ و دادەخرێن، هەروەک لێژنەیەک بۆ بەشەکانى زانستە مرۆڤایەتیەکان لە زانکۆ حکومى و تایبەتیەکان و پەیمانگە تایبەتەکان پێکدێ، بەشێوەیەک ڕێژەى وەرگرتن لە ئێواران کەم بکاتەوە، لە برى ئەوە خوێندنى پارالێل زیاد بکرێ و، لەمانگى (٧)لێژنەکە وردەکارییەکانى ئەو بڕیار و ڕێنماییانە دەردەکەن.

تاوتوێکردنى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت باسى لە گۆڕانکارى ڕێنماییەکانى وەرگرتن لە خوێندنى باڵا/ماستەر و دکتۆرا کرد، بۆ ئەوەش وتى: پێویستە لە گۆڕانکارییەکاندا ڕەچاوى کواڵیتى خوێندن و شێوەى وەرگرتن بکرێ، هەروەک ئاماژە بەشێوازى خوێندکارانى نێودەوڵەتیش بکرێ، بۆ ئەوەش ئەنجومەنى وەزارەت بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەکى پەسند کرد.

پەسندکردنى چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەک

ئەو کۆبونەوەیەى ئەنجومەنى وەزارەت ڕاسپاردەکانی کۆنفراسی (پەرەپێدانی سێنتەرەکانی جێندەرناسی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان) پەسندکرد، کە لە ڕێکەوتى (8/3/2018) بە ئامادەبون و چاودێری (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکی حکومەت لە شاری هەولێر بەڕێوەچو، هەروەک پێداچونەوە بە پرۆگرامی سێنتەرەکانی گەشەپێدان بۆ کار لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان-یش پەسند کرا.

پێدانى دکتۆرایى فەخرى

هەروەک لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا، نووسراوی زانکۆی سلێمانی تایبەت بە بەخشینی بڕوانامەی دکتۆرای فەخری زانکۆکەیان لە بوارى کۆمەڵزانى بە بیرمەندی گەورەی فەرەنسی ئالان تۆرین و، یاداشتی فەرمانگەی توێژینەوەی و پەرەپێدان لە دیوانی وەزارەت تایبەت بە پێدانی بڕوانامەی دکتۆرای فەخری بە (د. ئیسماعیل بێشکچی ) و (پ. د.مستەفا زەڵمی ) لەلایەن زانکۆی سەڵاحەددین پەسندکرا، لە هەمان کاتدا بڕیاردرا بەپێکهێنانى لێژنەیەک بۆ داڕشتنى ڕێنماییەک بۆ بەخشینى دکتۆرایى فەخرى.