وەزیری خوێندنی باڵا بە فەرمی دەستپێکردنی بەکارهێنانی سیستمی (GIS)ی بۆ نەخۆشی کۆرۆنا ڕاگەیاند

وه‌زیر له‌ زانكۆی سلێمانی + كۆرۆنا

د. ئارام محمد قادر ستایشی ڕۆڵی زانکۆی سلێمانی دەکات کە لە ڕوبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنادا هاوشانى تیمەکانى تەندروستى لەسەر ئاستى سلێمانى، لە هێڵی پێشەوەن و هەنگاوی زانستی گرنگ و دەستپیشخەری بەرچاویان هەبوە.

ئەم وتانەى د. ئارام محمد قاد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (١٦/٣/٢٠٢٠) لە میانى سەردانی کامپی نوێی زانکۆی سلێمانی هات کە لەلایەن (د. ڕەزا حەسەن حسێن) سەرۆکی زانکۆ و د. کۆسار محمد على ڕاگری کۆلێجی پزیشکی و د. عەبدولفەتاح هەورامى و بەرپرس و ئەندامانی تیمی جێبەجێکردنی پرۆژەی (GIS) بە گەرمی پێشوازی لێکرا.

لەکۆبونەوەیەکدا کە سەرۆکی زانکۆو ڕاوێژکاری وەزیرو ڕاگری کۆلێجی پزیشکی و ئەندامانی تیمی جێبەجێکردنی پرۆژەی (GIS) ئامادەی بون، گرنگی پرۆژەکەو لایەنە زانستی و تەکنیکییەکانی خرانەڕو.

دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پوختەی پرۆژەکەی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕونکردەوە، لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: ئەمرۆ لە یادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەو کارەساتە جەرگبڕە دادەنەوێنین، هیوامان وایە کە هەرگیز کارەساتی لەو جۆرە نەیەتەوە ڕێمان.

سەبارەت بە دەستپێکردنی بەکارهێنانی سیستمی (GIS) بۆ نەخۆشی کۆرۆنا، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: هیوامان وایە بتوانین پێکەوە تواناکانمان یەک بخەین بۆ ئەوەی ڕوبەڕوی پەتای کۆرۆنا ببینەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پرۆژەیە بۆ یەکەمین جارە لەسەر ئاستی  عیراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، پرۆژەکە بریتییە لە داخڵکردنی هەمو زانیاری و داتاکانی ئەو نەخۆشانەی کە دوچاری پەتای کۆرۆنا دەبن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، دواتر لە ڕێگەی ئەم سیستمەوە داتاکان بە شێوەیەکی زانستی بەردەست دەبن بۆ شیکردنەوە و ڕاڤەکردن و یارمەتیدەری وەزارەتی تەندروستی و دەزگا بەرپرسەکان دەبن بۆ ئەوەی بتوانن لە سەر بنەمای زانستی بڕیاری دروست بدەن بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەو ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان. هەروەها دەبێتە سەرچاوەیەکی رەسەنی زانستی بۆ توێژەرانی زانکۆکانمان بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر بنەمای داتاو زانیاری دروست بەشدار بن لەو توێژینەوانەی کە لەبواری پەتای کۆرۆنا ئەنجام دەدرێت.

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەئکیدی کردەوە کە پرۆژەکە بۆ هەموو کوردستانە بەشێکی ئەو داتایانەش بەردەست دەبن بۆ ئەوەی هەمو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بتوانن زانیاری دروست لە بارەی نەخۆشیەکە لە هەرێمی کوردستان وەربگرن. بۆیەش ئەم سیستمە لە ئایندەدا لە زۆری بواری دیکەش سودی لێوەردەگیرێت، بە تایبەت بواری نەخۆشیەکانی شێرپەنجەو نەخۆشییە گوازراوەکان.

د. ئارام محمد قادر تەئکیدیشی کردەوە ئەم پرۆژەیە بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی تەندروستی و زانکۆی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بەڕیوە دەبرێت. لەو چوارچێوەیەشدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەکانیدا ستایشی ڕۆڵی زانکۆی سلێمانی کرد لە هەڵمەتی ڕوبەروبونەوەی پەتای کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان، پرۆژەی بەکارهێنانی (GIS)یش یەکێکە لە  دەستپێشخەریەکانی زانکۆی سلێمانی و سوپاسی تایبەتی ئاراستەی سەرۆکی زانکۆ و تیمەکەی کرد بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد زانکۆی سلێمانی لە بوارەکانی دیکەشدا رۆڵی بەرچاویان هەبوە، لەئێستادا ٣٠ خوێندکاری زانکۆی سلێمانی لەسەر هێڵی گەرمی (١٢٢) هاوکاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەن بۆ پاراستنیان لە پەتای کۆرۆنا. هەروەها لە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و ڕاهێنانی تایبەت بە هۆشیاری تەندروستی و خۆپارێزی رۆڵی گەورەیان بینیەوەو چەندین تیمی کارایان لە ئێستادا لە کاردان.

لە کۆتاى کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا تەئکیدی کردەوە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوە زانستی گرانتی تایبەتی بۆ توێژینەوەکانی بواری پەتای کۆرۆنا دەستەبەر کردوە، داوای لە هەمو توێژەرانی بواری زانستە پزیشکییەکان و زانستە بنچینەییە پەیوەندیدارەکان کرد کە گروپی توێژینەوەی زانستی لە بواری نەخۆشی کۆرۆنا پێکبهێنن و پرۆپۆزەلەکانیان پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی لەڕێگەی ئەم گرانتەی وەزارەتەوە پشتیوانی دارایی بەدەست بهێنن.

جێگەى ئاماژەیە لەسەرەتای دەستپیکردنی هەڵمەتەکانی ڕوبەروبونەوەی پەتای کۆرۆنا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەمو توانا مرۆییەکان و ژیرخانی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای خستە خزمەتی ئەم پرۆسەیەو لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی لە هاوکاری هەماهەنگی بەردەوامدان.