وەزارەتى خوێندنى باڵا: ئەو خوێندکارانەى لە زانکۆکانى دەرەوە دەگەڕێنەوە پێوستە پابەندى ڕێککارە تەندروستیەکانى تایبەت بە (کارەنتین) بن

خوێندكارانی ده‌ره‌وه‌

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: سەرجەم خوێندکاران/ قوتابیان کە لە زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و شارەکانى ناوەڕاست و خواروى عێراق دەخوێنن و لە ئێستادا گەڕاونەتەوە یان دەگەڕێنەوە، پێویستە پابەندى تەواوى ڕێککارە تەندروستییەکانى (کارەنتین) بن.

 

بە نوسراوى ژمارە (٣٠٦) لە ڕێکەوتى (١/٣/٢٠٢٠) کە ئیمزاى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەسەرەو ئاراستەى چەند لایەنێکى پەیوەندار کراوەو لە پێناو پاراستنى سەلامەتى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا: سەرجەم خوێندکاران/ قوتابیان کە لە زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و شارەکانى ناوەڕاست و خواروى عێراق دەخوێنن و لە ئێستادا گەڕاونەتەوە یان دەگەڕێنەوە بۆ شارەکانى هەرێمى کوردستان، پێویستە پابەندى تەواوى ڕێککارە تەندروستییەکانى (کارەنتین) بن و نوسراوى فەرمى وەزارەتى تەندروستى بۆ پشتراستکردنەوەی پابەندبوونیان پێشکەش بە وەزارەتەکەمان بکەن.

 

هەر لە فەرمانە وەزارەیەکەدا هاتوە: بە پێچەوانەوە ئەگەر ڕێککارە تەندروستییەکان جێبەجێ نەکەن، ئەوا لە داهاتودا لە کاتى یەکسانکردنى بڕوانامەکانیان، وەزارەتەکەمان ڕێککارى یاسایى بەرامبەریان دەگرێتەبەر لە کاتی ئەژمارکردنی مۆڵەت و ماوەى یاسایى مانەوە لە وڵاتی خوێندن و پەسەندکردنى بڕوانامەکانیان.