وەزیرى خوێندنى باڵا: “دەمانەوێت ڕێنماییەکانى ماستەر و دکتۆرا بەشێوەیەک دابڕێژین ڕێگر بێت لەچونە دەرەوەى سامانى نیشتیمانى وڵاتەکەمان”

كۆبونه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌خوێندنی باڵا

وەزیرى خوێندنى باڵا: دەمانەوێت ڕێنماییەکانى ماستەر و دکتۆرا بەشێوەیەک دابڕێژین ڕێگر بێت لەچونە دەرەوەى سامانى نیشتیمانى وڵاتەکەمان

 

د. ئارام محمد: لە ڕێنماییەکانى ماستەر و دکتۆرا زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیاران دەستەبەر دەکەین

 

وەزیرى خوێندنى باڵا: بە ڕەچاوکردنى کواڵێتى خوێندن و بنەما زانستییەکان، ڕێنماییەکانى ماستەر و دکتۆرا دادەڕێژینەوە

 

دەرچوانى زانکۆکان ئەوانەى تا ئێستا دانەمەزراون، بەبێ ڕەچاوکردنى ساڵانى دەرچون و خزمەت دەتوانن داواکارى بۆ ماستەر پێشکەش بکەن

 

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى کردەوە پێویستە ڕێنماییەکانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا بەشێوازێک دابڕێژین ڕێگر بێت لەچونە دەرەوەى سامانى نیشتیمانى وڵاتەکەمان و زۆرترین دەرفەتیش بۆ خوازیاران دەستەبەر بکەین. دوپاتیشیکردەوە سەرجەم دەرچوانى زانکۆکان ئەوانەى تا ئێستا دانەمەزراون بەبێ ڕەچاوکردنى ساڵانى دەرچون و خزمەت دەتوانن داواکارى بۆ ماستەر پێشکەش بکەن.

ئەو جەختکردنەوەى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێککەوتى (٣/٩/٢٠١٩) لەمیانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبوونەوەى داڕشتنەوە و پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان هات، کە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆکان بۆ کاروبارى زانستى ئامادەیبوون.

لە وتەیەکدا بۆ یاریدەدەرانى سەرۆک زانکۆکان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسیکردن، کە بەردەوام ڕۆڵیان لە داڕشتنى بنەما زانستییەکان هەبوە بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندنى باڵا بۆ گەنجانى وڵاتەکەمان، وتیشى: لەم کۆبونەوەیەدا پێداچونەوە بە ڕێنمایەکانى خوێندنى باڵا ماستەر و دکتۆرا دەکەین، بەشێوەیەک بۆ ئەمساڵى خوێندن بتوانین ئەم ڕێنماییانە بە باشترین شێوە ئامادەبکەین لەو پێناوەى زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیاران دەستەبەر بکەین.

د.ئارام محمد قادر وتیشى: سەرجەم دەرچوانى زانکۆکان ئەوانەى تاکو ئێستا دانەمەزراون، لەمساڵدا بەبێ ڕەچاوکردنى ساڵانى دەرچون و خزمەت دەتوانن داواکارى بۆ ماستەر پێشکەش بکەن، بۆ ئەمەش دوپاتیکردەوە دەخوازین بە ڕەخساندنى زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیارانمان بتوانین ڕێگر بین لە بردنە دەرەوەى سەرمایەى نیشتیمانى وڵاتەکەمان و کادیرى زانستى و ئەکادیمى بە کواڵێت و ستاندارد و بنەما زانستییە پێشکەوتوەکان پێبگەیەنین.

وەزیرى خوێندنى باڵا زیاتر وتیشى: ئەم ڕێنماییانە بۆ کواڵێتى کۆرسەکان و توێژینەوەکانیشە بۆ ئەوەى توێژینەوەکان بچنە ئاستێکى باڵاتر و لە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەکانى دونیا بڵاو بکرێنەوە، ئەمانەش بۆ ئەوەن بتوانین ئاستى زانکۆکانمان زیاتر بەرەوپێش ببەین لە روى زانستى و ئەکادیمى، هەروەک داواى لە یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆکان بۆ کاروبارى زانستى کرد: پێویستە مۆدێل و ستایڵى گفتوگۆى ماستەر و دکتۆرا گۆرانکارى بەسەردا بکرێت، بەشێویەک لەگەڵ بنەما زانستییە نێودەوڵەتییە مۆدێرنەکان بگونجێن و گفتوگۆکان لەئاستێکى زانستى و باڵا بەڕێوەببردرێن.

هەر لەو کۆبوونەوەکەدا بەخستنەڕووى دیدو بۆچوونى زانستى، گفتوگۆیەکى ورد لەبارەى داڕشتن و پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرا.