وەزارەتى خوێندنى باڵا: پاراستنى بەرژەوەندى خوێندکاران و قوتابیان لەئەولەویەتى کارەکانماندایە

كۆبونه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌ت

لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕێکەوتى (٢٤/٢/٢٠٢٠) دەستەى بەڕێوەبردنى لقى زانکۆى ستراتفۆردى ئەمریکى لە هەولێر بە فەرمى بانگهێشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کران، بە مەبەستى بەدواداچون بۆ ئەم کێشانەى کە لەنێوان لقى هەولێرى ئەم زانکۆیەو لقى سەرەکیەکەیدا دروست بون.

لە کۆبونەوەیەکدا کە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى و بەڕێوەبەرانى خوێندنى تایبەت و دڵنیایى جۆرى ئامادەیبون، تەئکید لەوە کرایەوە کە پێویستە بەزوترین کات ئەم کێشانە یەکلا بکرێنەوەو بەهیچ شێوەیەک نابێت خوێندکاران و قوتابیان لەم جۆرە کێشانەدا زەرەرمەند بن، بە پێچەوانەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەمو ڕێککارێکى یاسایى و کارگێڕى دەگرێتە بەرو مافى ڕەواى خوێندکاران و قوتابیانیش دەپارێزرێت.