خوێندنی ماستەر و دكتۆرا بێ بەرامبەر

newsitem-1894-25.01.2015-ku.jpg

لەچوارچیوەی سەردانەكەیدا بۆ دەرەوەی وڵات د.یوسف گۆران وەزیری خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەیاوەری پرۆفیسۆر پۆڵا خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ توێژینەوەی زانستی چەند دەزگایەكی زانستی ناوداری (گۆتنگن)ی ئەڵمانی بەسەركردەوەو گفتوگۆیان لەسەر هەماهەنگی وهاوكاری نێوان زانكۆكانی كوردستان و ئەڵمانیا كردو دواجار هەردولادا یاداشتێكی لێك تێگەیشتنیان ئیمزا كرد.


د. یوسف گۆران بەهاوڕێیەتی پرۆفیسۆر پۆلا خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ توێژینەوەی زانستی سەردانی زانكۆی(Georg - August)  كەزانكۆیەكی پسپۆری توێژینەوەی زانستی و دەزگای(Max-plank)ی ستراتیژیان كردو لەلایەن سەرۆكی زانكۆكە و جێگرەكانی پێشوازیان لێكرا.

لەدیدارێكی زانستیانەدا زانكۆی گۆتنگن و دەزگای  (Max-plank)و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ هەماهەنگی و جێبەجێكردنی پڕۆژەی زانستی هاوبەش نیشاندا، بۆ ئەوەش زانكۆی گۆتنگن و دەزگای ماكس پلانك بڕیاریاندا هاوكاری زانكۆكانی كوردستان بكەن و خوێندكاری ماستەر و دكتۆرا لە گشت بەشە جیاوازەكاندا بەبێ بەرامبەر وەربگرن.
لەبەسەركردنەوەیەكی مەیدانیشدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دكتۆر پۆڵا خانەقا لەلایەن ڕاگری هەشت كۆلێژی زانكۆی(Georg - August)  پێشوازیان لێكراو، لە میانەی دیدار لەگەڵ هەریەكەیاندا بەجیا و بەپێی تایبەتمەندێتی كۆلێژەكانیان گفتوگۆیان لەسەر شێوازی خوێندن و ئاڵوگۆڕی ستافی خوێندكاران و پڕۆژەی زانستی هاوبەش كرد، ڕاگری كۆلێژەكانی ئەو زانكۆیە ئامادەیی خۆیان پیشاندا بۆ وەرگرتنی خوێندكارانی ماستەرو دكتۆرا بەزمانی ئینگلیزی بێ بەرامبەر، هەروەك بڕیاریشیاندا هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە زانستیەكانیدا بكەن، لەهەمان كاتدا دەزگای ناوداری ئەڵمانی شاری گوتنگن  (Max-plank) لەبواری لێكۆڵینەوەی ستراتیژیدا ئەو دەرفەتەی ڕەخساند تا خوێندكارانی كورد بتوانن بڕوانامەی ماستەرو دكتورا بەدەست بێنن و ئامادەیی تەواوی خۆیان دەربڕی بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی زانستی هاوبەش.
لەكۆتاییدا و بەئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیژی، یاداشتێكی لێك تێگەیشتن لە نێوان زانكۆی گۆتنگن و زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیژی ئیمزا كرا، لە بەرامبەردا د. یوسف گۆران خۆشحاڵی خۆی بەپڕۆژەی هاوبەش و ڕەخساندنی دەرفەتی سەردانیكردنی خوێندكارانی كورد بۆ دامەزراوە زانستیەكانی (زانكۆی گۆتنگن)ی ئەڵمانیا دەربڕی، هەروەك پتەوكردنی پەیوەندییە زانستیەكانی نێوان زانكۆكانی كوردستان و گۆتنگن بەگرنگ دانا بۆ گەشەپێدانی زانستی دا لە نێوان هەردولادا.
هەوڵەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەكابینەی نوێدا پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێی گەشەكردنەوە، ئەم دەستكەوتەش بۆ خوێندكارانی بواری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەنگاوێكی ترە بەئاراستەی بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی زانكۆكانی كوردستان.
 لە بارەی سەردانەكەشیان بۆ ئاڵمانیا (د.پۆلا خانەقا) ڕایگەیاند: ئەم سەردانە زانستیانە و دروستكردنی هەماهەنگی و پڕۆژەی هاوبەش و فراوانكردنی دەرفەتی خوێندن و توێژینەوەی زانستی هاوبەش بەشێكە لەپلان و نەخشە ڕێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەو چوارچێوەیەشدا دەتوانین بڵێین سەردانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ئەڵمانیا سەردانێكی گرنگ و پڕ بایەخ بوو. هەوڵیش دەدرێ بازنەی ئەم جۆرە پەیوەندییە زانستیانە لەسەر ئاستی زانكۆكانی دەرەوە بەگشتی و لەگەڵ زانكۆكانی كوردستاندا گەشەی پێبدرێ.