یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ستایشی كارو پڕۆژەكانی وەزیری خوێندنی باڵا دەكات

IMG_9528.jpg

 سكرتێری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕایگەیاند: بەگرنیگەوە لە هەنگاوەكانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڕوانین بۆ باشكردنی دۆخی خوێندن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانست لە ناوەندەكانی خوێندن.

ئەو ڕاگەیاندنەی مامۆستا عبدالواحید محمد حاجی سكرتێری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان, ئەمڕۆ چوارشەممە, ڕێكەوتی (24/6/2015) لە میانەی سەردانێكیدا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هات، لەو سەردانەیدا كە ژمارەیەك لە ئەندامانی سكرتارییەتی یەكێتیی مامۆستایانی هاوڕێتیان دەكرد، بەگەرمی لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشوازییان لێكرا.

لە دیدارێكدا, سكرتێری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ئامانجی سەردانەكەی بۆ وەزارەت ڕونكردەوە و وتی: هەنگاو كارو پڕۆژەكانتان, بەتایبەت لە بواری بایەخدان بەتوێژینەوەی زانستی, گۆڕینی پڕۆگرامەكانی خوێندن, ڕیزبەندی نیشتیمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان بەپڕۆژەی گرنگ لێیان دەڕوانین, بۆیە لە سكرتارییەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان پاڵپشتی تەواوی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانتان دەكەین، هەروەك ئامادەیی هەمو جۆرە هاریكاری و هەماهەنگییەك دەبین بۆ سەرخستنی كارو بەرنامەكانتان. مامۆستا عبدالواحید محمد ئەوەشی ڕاگەیاند: لە ڕێگەی ئەو پڕۆژانەوە ئاستی زانستی لە ناوەندەكانی خوێندن بەرز دەبێتەوەو، كێبڕكێیەكی زانستی و ئەكادیمیش لە نێوان مامۆستایانی و زانكۆكانی كوردستان دروست دەبێت.

لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای بەخێرهێنانی وەفدی میوان ڕاگەیاند: مامۆستایان كۆڵەگەی پێشخستنی زانستن لە ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆكان, بۆیە بەگرنیگەوە لە ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایان دەڕوانین. وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: ئێمە هەمو هەوڵێك دەدەین بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و توانای ئەكادیمی مامۆستایان، وتیشی هەماهەنگی تەواومان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە هەیە بۆ بایەخدان بەمامۆستایان لە قوتابخانەو خوێندنگەكان. د.یوسف گۆران جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە دەبێت گۆڕانكارییەكان بەیەك ئاست لە قوتابخانەو خوێندنگەكان و زانكۆ و پەیمانگەكان بكرێن, تا بەرهەمی باش بۆ كۆمەڵگەكەمان بەدی بێنین.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی چەند كێشەو گرفتێكی مامۆستایان و ناوەندەكانی خوێندن كرا, ئەوەش ڕونكرایەوە چارەكردنی زۆربەی كێشەكان پەیوەستن بەو قەیرانە داراییەی كە ڕوی لە هەرێمی كوردستان كردوە.

لە كۆتایی دیدارەكەدا و, لە بەرامبەر هەوڵ و پڕۆژە زانستییەكانی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی, مامۆستا عبدوالحید محمد سكرتێری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دیارییەكی پێشكەش بە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد.