وەزیرى خوێندنى باڵا بریندارانى ڕوداوى وەرگەڕانى پاسى خوێندکارانى پەیمانگەى تەکنیکى دوکانى بەسەرکردەوە

خوێندكارانی بریندار به‌سه‌ركرانه‌وه‌21

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە نەخۆشخانەى (شار)ى سلێمانى خوێندکارە بریندارەکانى روداوى هاتوچۆى ڕێگەى سلێمانى- دوکانى بەسەرکردەوەو لە نزیکەوە لەبارى تەندروستى یەکە بە یەکەى خوێندکارەکانى پرسى و هیواى تەندروستیەکى باشى بۆ خواستن.

دواى ئەوەى ئەمڕۆ لەکاتى گەڕانەوەیان بۆ شارى سلێمانى پاسێکى خوێندکارانى پەیمانگەى تەکنیکى دوکان کە ژمارەیەک خوێندکارى هەڵگرتبوو وەرگەڕاو خوێندکارێک گیانى لەدەستداو ژمارەیەکى دیکەش برینداربون، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لە تەندروستى بریندارەکان، ئەمشەو یەکشەممە ڕێکەوتى (٦/١٠/٢٠١٩) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە نەخۆشخانەى (شار)ى سلێمانى خوێندکارە بریندارەکانى بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە لەبارى تەندروستى یەکە بە یەکیانى پرسى و هیواى تەندروستیەکى باشى بۆ خواستن.

د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: دواى ڕودانى ڕوداوەکە لە پەیوەندى ڕاستەوخۆ و بەردەوام دابوین لەگەڵ تیمەکانى فریاگوزارى و تەندروستى، بەردەوام لەهەواڵى بریندارەکانمان پرسى و ئاگادارى بارى تەندروستییان بوین، بۆیەش وەک وەزارەت ئامادەیى هەمو پشتیوانیەکین بۆ برینداران و کەسوکارەکانیان، ڕاشیگەیاند: ڕودانى ئەو ڕووداوە جەرگبڕە، دڵتەنگ و خەمبارى کردین کە بوە هۆى گیان لەدەستدانى خوێندکارێک و برینداربونى ژماریەکى دیکە، لەدڵەوە خەبارم و خوازیارم هەرگیز ڕووداوى لەم شێوەیە دوبارە نەبێتەوە.

بەم بۆنە خەمناکەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پرسەو سەرەخۆشى ئاراستەى بنەماڵەى خوێندکار (چاوان بهاءالدین) قوربانى ڕوداوەکەى هاتوچۆى ڕێگەى سلێمانى - دوکان کردو هیواى خواست ئەمە دوا کۆستى بنەماڵەکەیان بێت، هاوکات وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى تیمەکانى تەندورستى لە نەخۆشخانەى شار کرد بۆ بەدەمەوە چونى قوربانیان لەکاتى ڕوداوەکەو هەوڵەکانى بەرزنرخاندن.

له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا، ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رۆك زانكۆكانی كوردستان هاوڕێیه‌تی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی-یان ده‌كرد و برینداره‌كانیان به‌سه‌ركرده‌وه‌.