د.یوسف گۆران: ئەگەر بمانەوێ پێشکەوین, دەبێت نمونەیەکى سەرکەوتو بکەینە خاڵى دەستپێکى کارەکانمان

IMG_9334.JPG

 د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى دیدارێکیدا لەگەڵ د.مەریوان ئەحمەد سەرۆکى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى تاوتوێى پڕۆسەى بۆلۆنیاى کرد.

لەو دیدارەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە, ڕێکەوتى (٨/٦/٢٠١٥) لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو, گفتوگۆ لەبارەى دۆخى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و هەوڵەکان بۆ پێشخستن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى زانکۆکان کرا, بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى ستایشى کار و پلانەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ ڕیفۆرمى نوێى خوێندنى باڵا, ئامادەیى زانکۆکەیانیشى پیشاندا بۆ جێبەجێکردنى پلانى نوێى وەزارەت بەتایبەت جێبەجێکردنى بنەماکانى پڕۆسەى ڕیزبەندى نیشتمانى بۆ زانکۆکان و پڕۆسەى بۆلۆنیا, وەک ئەوان ئاماژەیان پێدا پڕۆسەى بۆلۆنیا گۆڕانکارى ڕیشەیى لە پرۆسەى خوێندن و واقیعى کوردستان دەکات.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: ئێمە هەوڵەکانمان چڕ کردۆتەوە بۆ باشکردنى کواڵیتى زانکۆکان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستیان, ڕاشگەیاند: ئەگەر بمانەوێ پێشبکەوین دەبێت نمونەیەکى سەرکەوتو بکەینە بنەما و خاڵى دەستپێکى کارەکانمان, لەو چوارچێوەیەشدا ئێمە دەمانەوێ ببینە بەشێک لە پرۆسەى بۆلۆنیا, هەر بۆیە چەندە توانیمان خۆمان لەگەڵ ئەو پرۆسەیە بگونجێنین, ئەوەندە سەرکەوتو دەبین و زانکۆکان دۆخیان باشتر دەبێت.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا باس لە گرنگى و بایەخدان بەزمانى ئینگلیزى لە ناوەندەکانى خوێندن کرا، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا ڕاگەیاند: دەبێت پێوەرێکى زانستى و ئەکادیمى بکەینە بنەما بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زمان بەتایبەت زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکان, چونکە زمان خاڵى بەیەکگشتى نەتەوەکان و, زمانى ئینگلیزیش زمانى مەعریفەو داهێنانەکانى زانستە لەم سەردەمەدا.