د.یوسف گۆران: دەمانەوێ پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ فنلاند دروست بکەین

fnlenda

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: فنلاند لە بواری خوێندنی باڵا هەنگاوی گەورەی ناوە و بۆتە خاوەن ئەزمونێکی سەرکەوتو و تایبەت، بۆیە ئەخوازین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتە بەهێز بکەین و سود لە ئەزمونەکانیان وەربگرین.

ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ۲٤/٤/۲۰۱۸ لە میانەی پێشوازیکردنی لە وەفدی باڵای زانستی وڵاتی فنلاند هات، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کوردستانن.

لەسەرەتای دیدارەکەدا، د.یوسف گۆران بەخێرهێنانی لە وفدی میوان کرد و هیوای خواست لە ماوەی مانەوەیان لە کوردستان لە نزیکەوە ئاشنای دۆخی خوێندنی باڵا ببن و پەیوەندییەکی بەهێزیش لەگەڵ وەزارەت و زانکۆو دامەزراوە زانستیەکان دروست بکەن.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: زانکۆکانی کوردستان و بەتایبەت زانکۆ پۆلیتەکنیەکیەکان پێویستی زۆریان بەسود وەرگرتن لە ئەزمونی فنلاند و پاڵپشتی و هاوکاری دامەزراوە زانستیەکانی فنلاند هەیە بۆ پەرەپێدانی بەرنامە زانستی و ئەکادیمیەکانیان، مەشق و ڕاهێنانی مامۆستایان، دڵنیایی جۆری و سکۆلەرشیپ، بۆ ئەوەش هیوای خواست ئەم سەردانە ببێتە هۆی دروستکردنی پردێکی بەهێزی پەیوەندی و هاوکاری نێوان هەردولا.

لەبەرامبەردا، کارل هۆڵم سەرۆکی وەفدی زانستی فنلاند خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە بۆ هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە و، سوپاسی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد بۆ ئەو بانگهێشتە، هەر لە میانەی قسەکانیدا دوای ئەوەی کورتەیەکی لەسەر سەردانەکەیان باسکرد، وتیشی بەخۆشحاڵییەوە تا ئێستا سەردانەکەمان سەرکەوتوبوە، ئەوەشی ڕاگەیاند بەهۆی ئەو سەردانە بتوانن هەر پڕۆژەیەک جێبەجێ بکەن کە ببێتە هۆی پێشکەوتنی زیاتری بوارەکانی پەروەردە و خوێندن لە کوردستان.

لەو دیدارەدا، د.ئامانج سەعید ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، د.نەژدەت ئاکرێی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان و، د.داود ئەتروشی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئەندازە و پڕۆژەکان و، د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان و، م. فوئاد سمایل یاریدەدەری فەرمانگەی توێژێنەوە و پەرەپێدان ئامادەیبون.

هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا بۆ کوردستان، وەفدی فنلاند سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان کرد.

لە کۆبونەوەیەکدا، کە لە هۆڵی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی زانکۆ بەڕێوەچوو، د.نەجیب تۆما یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ دوای بەخێرهێنانی وەفدی میوان، کورتەیەکی لەبارەی مێژوی دامەزراندنی زانکۆکەیان و قۆناخەکانی گەشەکردنی باسکرد، هەروەک باسی پێکهاتەی زانکۆ و ئەو پەیمانگە و کۆلێژ و بەشانە کرد، کە لە زانکۆکەیان هەیە.

لەبەشێکی دیکەی ئەو کۆبونەوەیە سەرۆکی وەفدی میوانان و ئەندامانی وەفدەکە تێڕوانینەکانی خۆیان لەبارەی زانکۆ و بەتایبەت زانکۆ پۆلیتەکنیک و پیشەییەکان خستەڕوو.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، گفتوگۆ لەبارەی بوارەکانی هاوکاری و هەماهەنگی هەردولا کرا، بەتایبەت چۆنیەتی سود وەرگرتن لەو فەندەی کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی فنلاند بۆ بوژانەوەی ئێراق تەرخانکراوە، بۆ ئەوەش چەندین بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا.

لە وێستگەیەکی دیکەی سەردانەکەیاندا، وەفدی میوان لە شاری هەولێر چەند شوێنێکی کەلتوری و مێژوییان بەسەرکردەوە، لەوانەش سەردانی قەڵای دێرینی هەولێر و منارەی چۆلیان کرد.

واش بڕیارە وەفدەکە، سبەی چوارشەممە لە شاری سلێمانی لەگەڵ زانکۆکانی ئەو شارە درێژە بەدیدار و کۆبونەوەکانیان بدەن.