لە پڕۆژەی ئەکادیمیەکانی خوێندنى باڵاى کوردستان و وڵاتانى ئوردون و میسر هەماهەنگى دەکەن

وه‌زیری خوێندنی باڵا پێشوازی له‌ كونسڵی ئوردون و میسر ده‌كات

لەمیانى کۆبونەوەى لەگەڵ کونسڵى وڵاتانى شانشینى ئوردونى هاشمى و کۆمارى میسرى عەرەبى لە هەولێر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: دەمانەوێت لەگەڵ وڵاتى ئوردون و میسر پەرەى زیاتر بە پرۆژە ئەکادییمیەکانمان بدەین.

ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێکەوتى (١٩/٩/٢٠١٩) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەدیوانى وەزارەت لەشارى هەولێر بە ئامادەبونى بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت، لە دوو دیدارى جیادا پێشوازیکرد لە هەریەک لە  د. هەیسەم ئەبولفول کونسوڵى گشتى شانشینى ئوردونى هاشمى لە هەولێر و، ئەحمەد حارس کونسوڵى کۆمارى میسرى عەرەبى لە هەولێر. لە دوو دیداری جیادا باس لە پەرەپێدانى سەرجەم پڕۆژە ئەکادیمیەکانى هەرێمى کوردستان و وڵاتانى ئوردون و میسر کرا.

لە دیدارى د. ئارام محمد قادر لەگەڵ کونسوڵى گشتى ئوردون لە هەولێر دوپاتیکردەوە: پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئوردون پەیوەندى بەهێز و دێرینەو هەردو گەل خاوەن مێژو و کلتورێکى دەوڵەمەندن، بۆیە هیواخوازین لەم قۆناخەى ئێستادا پەیوەندیەکانمان لەگەڵ دامەزراوەکانى ئوردون فراوانتر بکەین ئەویش بەئامانجى پەرەپێدان و ئاڵوگۆڕى زیاترى زانستى و ئەکادیمى لەنێوان هەردوولا، بۆ ئەمەش کونسڵى گشتى ئوردون باسێکى لەبارەى کارە زانستیەکانى نێوان هەردو وەزارەت لەڕابردو و پلانى کارى داهاتویان خستەڕوو.

لەلایەکى دیکەشەوە لە کۆبونەوەى لەگەڵ کونسوڵى گشتى میسر لە هەولێر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: پەیوەندییە مێژوى و سیاسییەکانمان لەگەڵ گەل و حکومەتى میسر پەیوەندییەکى گرنگ و پڕبایەخە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى جەمال عەبدولناصر و درێژدەبێەوە تاکو قۆناخى ئیستا، بۆ ئەوەش د. ئارام محمد دوپاتیکردەوە هاوتەریب لەگەڵ پەیوەندییە مێژوى و دێرینەکانمان دەمانەوێت ئاستى پەیوەندییە زانستیەکانیشمان فراوانتر بکەین و پەرەى زیاتریان پێبدرێت، بەتایبەت بۆ دابینکردنى سكۆله‌رشیپ و ئاسانکارى بۆ فێرخوازانى هەرێمى کوردستان.

لەبەرامبەریشدا، ئەحمەد حارس کونسوڵى کۆمارى میسرى عەرەبى لە هەولێر ئامادەیى خۆى بۆ درێژەدان بە پەیوەندییەکانى نێوان هەردولا لەڕوى زانستى و گەشەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا دوپاتکردەوە.