د.یوسف گۆران: ڕیفۆرمی خوێندنی تەکنیکی فاکتەرێکی گرنگی گەشەپێدانی ئابوری و دەستکەوتێکی گەورەی زانستییە

politeknic

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ڕیفۆرمکردن لە خویندنى تەکنیکى دەبێتە دسکەوتێکى گەورەى زانستى و ئابورى بۆ کۆمەلگەکەمان، چونکە خوێندنى تەکنیکى ئێستا بۆتە بابەتێکى جیهانی و، وڵاتان بۆ پیشخستنى بارى ئابورییان بایەخى زۆر بەخوێندنى تەکنیکى و پیشەیى دەدەن، هەربۆیە ئەو وڵاتانەى زیاتر پشت بەئابورى خۆیان دەبەستن خوێندنى تەکنیکیان پێشخستوە.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠١٨) لەمیانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەیەکى (لێژنەى باڵاى ڕیفۆرمى خوێندنى تەکنیکى لە کوردستان) هات.

لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەئامادەبونى د. ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێنددنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هۆڵى کۆبونەوەکانى ئەنجومەنى بەڕێوەچو، گفتوگۆ لەبارەى کارەکانى لێژنەى ڕێفۆرمى خوێندنى تەکنیکى لە کوردستان کرا.

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، د.کاوە شێروانى سەرۆکى (لێژنەى باڵاى ڕیفۆرمى خوێندنى تەکنیکى لە کوردستان) بەناوى لێژنەکەیان بەخێرهێنانى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، هەروەک کورتەیەکى لەبارەى کارەکانیان خستەڕو.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە کارەکانیان کرد، هەروەک ئاماژەى بەگرنگى و چۆنیەتى ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفۆرمى خوێندنى پۆلیتەکنیک کرد، بۆ ئەوەش ڕاگەیاند: وەزارەت پاڵپشتى تەواوى پڕۆژە و پێشنیازەکانتان دەکات، وتیشى ئەم پشتگیریەمان بۆ ڕێفۆرمکردن لە پۆلیتەکنیک دەگەڕێتەوە بۆ دیدگاى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە ئەخوازێ ئەو زانکۆیانە کادیرى ناوەندى و کارامە بۆ دامەزراوەکانى حکومەت و کۆمەڵگە پیبگەێینن، چونکە لە ئێستا بازارى کارى کوردستان پێویستى زۆرى بەو جۆرە کادیرانە هەیە، هەروەک جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە دەبێ لەم ڕیفۆرمەدا هەوڵى تەواو بدەن کە کارى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان جیاواز بێ لە زانکۆ ئەکادیمیەکان.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، د. ئامانج عبدللە سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێنددنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سمینارێکى لەبارەى دواین سەردانیان بۆ وڵاتى فنلاند خستەڕو، لە سمینارەکەیدا بەوردى تیشکی خستە سەر کارایی سیستمی خوێندنی تەکنیکی فنلاند و دەرفەتەکانی بەشداریکردن و هەماهەنگی زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای ئەو وڵاتە لە پرۆسەی ڕیفۆرمی خوێندنی تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان ، بۆ ئەوەش وتى: زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمیەکانى ئەو وڵاتە ئامادەیی تەواویان پیشانداوە هاریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و زانکۆکان بکەن، ڕاشگەیاند: ئەو ئامادەییەى ئەوان هەنگاو و دەسکەوتێکى گرنگە و دەتوانین سودى زۆریان لێ وەربگرین بۆ پشتیوانیکردنی ڕیفۆرمى خوێندنى پۆلیتەکنیکى لە زانکۆکانى کوردستان.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى هەنگاو و کارەکانى داهاتوى لێژنەکە کرا، بۆ ئەوەش بڕیار درا کە بۆ جێبەجێکردنی هەر یەک لە هەنگاوەکانی نەخشەڕێگەی ڕیفۆرمی خوێندنی تەکنیکی و، بۆ هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی فنلاند گروپ وتیمی کارکردن لە مامۆستایانی زانکۆپۆلیتەکنیکیەکان پێکبهێنرێت و پرۆسەی ڕیفۆرم بە بەشداری کارای مامۆستایان و کۆمەڵگەی ئەکادیمی زانکۆکان بخرێتە ڕێ .

بەئامانجى ڕیفۆرمکردن لە خوێندنى تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان لە ڕێکەوتى (١٣/٨/٢٠١٧) لەسەر ڕاسپاردەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێکهات، لەماوەى دەستبەکاربونیان زنجیرەیەک کۆبونەوەیان ئەنجامداوە.