وەزارەتى خوێندنى باڵا کێشەى دەرچوانى پۆلى (١٢) چارەسەر دەکات

kobwnewey taybet be nawandi wergrtn222

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆبونەوەیەکدا دواى تاوتوێکردنى سەرجەم کێشەى دەرچوانى پۆلى دوانزە، بڕیاری چارەسەرکردنى سەرجەم کێشەکانیدا.

لەو کۆبونەوەیەدا، کە ئەمرۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (٣٠/١٠/٢٠١٧) بەسەرپەرشتى د.کەریم ساڵح ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، بەئامادەبونى د.خەتاب ئەحمەد بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى وەزارەت و، د.محمد سابر بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و یاریدەدەرى سەرۆکی زانکۆکان بۆ کاروبارى خوێندکاران و قوتابیان و م. کەریم لەتیف بەڕێوەبەرى گشتى ئەزمونەکان لە وەزارەتى پەروەردە بەڕێوەچو، باس لە کێشەو گرفتەکانى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکان و دەستنیشانکردنى ڕێگەچارەکان کرا.

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، د.کەریم ساڵح دواى ئەوەى کورتەیەکى لەبارەى چۆنیەتى گەشەسەندنى چەندایەتى و چۆنایەتى زانکۆکان کرد، ئاماژەى بەو گۆڕانکاریانەش کرد کە لە سیستمى ناوەندى وەرگرتن کراوە، وتیشى لە کۆبونەوەى ئەمڕۆدا هەوڵ دەدەین ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو کێشانە دیارى بکەین کە ڕوبەڕوى خوێندکاران و قوتابیان بۆتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون ڕایگەیاند: ئەمساڵ لە (٣٨٢) بەشى زانستى دەرچوانى پۆلى دوانزە بەسیستمى وەرگرتنى (ڕاستەوخۆى زانکۆیى) داواى وەرگرتنیان پێشکەشکرد و، لە (١٥٨) بەشى زانستى دیکەش وەرگرتن بە ڕێگەى (زانکۆلاین) بوە و لە (٨٠) کەمتر وەرنەگیراوە، ئەوەش بەهۆى ئەوەى ژمارەى داواکارى زۆر بوەو بەشەکانیش کەمبوە، جگە لەوەش زیاتر (١٣٠٠) خوێندکار سەربارى ئەوەى نمرەیان لە نێوان (٨٠ بۆ ٩٧)ە بەهۆى ئەوەى لیستى داواکاری بەشەکانیان کەمبوە لە هیچ شوێن وەرنەگیراون، بەڵام وەزارەت لەم ڕۆژانەدا بەپێیى نمرەکانیان و پلانى زانکۆکان دواى ئەوەى خوێندکاران سکاڵا تۆماردەکەن بەسەر بەشەکانى (زانکۆلاین) دابەشیان دەکاتەوە.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، بڕیاردرا هەر ئەمڕۆ دوشەممە لیستى ناوى وەرگیراوان بە ڕێگەى (زانکۆلاین) و سیستمى ڕاستەوخۆ ڕەوانەى سەرجەم زانکۆکان بکرێ، لەگەڵ (کەمترین کۆنمرەى وەرگیراو بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان) بەڕێگەى (زانکۆلاین)، بۆ ئەوەى خوێندکاران دەست بەمامەڵەى وەرگرتن بکەن.

سەبارەت بەسکاڵا بڕیاردرا کە ئەمڕۆ دوشەممە، لەسەر وێبسایتى (زانکۆلاین) تۆمارکردنى سکاڵا کارا بکرێ، بۆیە خوێندکاران دەتوانن تا سەعات (١٢)ى شەوى هەینى ڕێکەوتى (٣/١١/٢٠١٧) بەشێوەى (ئۆنلاین) سکاڵا تۆمار بکەن، بۆ سکاڵاکردن سەبارەت بەسیستمى (ڕاستەوخۆى زانکۆیى) بڕیاردرا تا رۆژى سێ شەممەى داهاتوو ڕێکەوتى (٧/١١/٢٠١٧) خوێندکاران دەتوانن سکاڵا لە تۆمارى کۆلێژەکان تۆمار بکەن.

بۆ کێشەى ئەو خوێندکارانەى کە نمرەکانیان لە نێوان (٦٠ بۆ ٨٠)یە و لە هیچ شوێنێک ناویان نەهاتۆتەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بەپێى ڕێنماییە پەسندکراوەکان خولێکى نوێى سیستمى وەرگرتنى ڕاستەوخۆ بۆ ئەو خوێندکارانە بکاتەوە بەتایبەت لەو بەشانەى کە کورسى خوێندنیان بە بەتاڵی ماوەتەوە، بۆ ئەوەش ڕێکەوتى (٥ تا ٩/١١/٢٠١٧) بۆ پێشکەشکردن دیاریکرا و، ڕێکەوتى (١٢/١١/٢٠١٧)بۆ ڕۆژى تاقیکردنەوە لەو بەشانە دیاریکرا، لەهەمان کاتدا زانکۆکان ناوى سەرجەم ئەو بەشانە بڵاودەکەنەوە کە خوێندکاران دەتوانن داواکارى تێدا پێشکەش بکەن.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، چەندین بابەتێکى تاوتوێکرا و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.