ئەنجامی وەرگرتنى خوێندکاران لەڕێگەى (زانكۆلاین) ڕاگەیندرا

zankoline ashkrakra

بۆ ساڵی خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان دا (٧٢٧٣) خوێندكار لەڕێگەى (زانکۆلاین) وەرگیران.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندكارانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكان لەڕێگەى زانكۆلاین ڕاگەیاندو وتی: وەزارەتەکەمان ماوەیەكە بەچڕی و ورد كار بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەكات.

لەو چوارچێوەیەشدا ئەمساڵ دەرچووانى خولى يەکەم و دوەمى قۆناخى (١٢)ی‌ ئامادەیی لە ڕێگەی (زانكۆلاین)ەوە فۆرمی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان پێشكەش كرد، بۆ ئەمەش (٧٢٧٣) خوێندكار لە زانكۆ و پەیمانگە حكومیەكان بەڕێگەى (زانکۆلاین) بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) وەرگیران، جگە لەوەی كە (١٨٤٣٧) خوێندکارى دیکە بەڕێگەى سیستمى ڕاستەوخۆى زانکۆیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند خوێندكارانى دوانزەی ئامادەیی دەتوانن لە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێكەوتی (٢٤/١٠/٢٠١٧) لە سەعات (٨)ی شەو بەدواوە لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی )www.regayzanko.com( بەبەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەرو وشەى تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمی (زانكۆلاین)یان پێ‌ بڕكردبوەو، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێیی وەرگیراون.

عەباس ئەکرەم ڕاشیگەیاند: پێنج رۆژ دیاریکراوە بۆ تانەگرتن و سکاڵا، لەهەمان کاتدا داواش لە خوێندکاران دەکەین پەیوەندی بەو بەش و كۆلێژانەوە بكەن کە ناوەکانیان لێ هاتۆتەوە بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان دەستکردن بە پرۆسەى خوێندن.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: لەگەڵ ڕاگەیاندنى ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکاران لە ڕێگەى (زانکۆلاین) بۆ زانکۆ و پەیمانگەکان، لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەى یەک هەفتە دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیى دەتوانن داواکارى لە تۆمارى کۆلێژ و پەیمانگەکان بۆ خوێندن بەشێوەى پارالێل پێشکەش بکەن.

جێگەى ئاماژەیە هەریەک لە کۆلێژەکانى کۆمەڵەى پزیشکى، ئەندازیارى،بەشى یاسا، بەشەکانى زیندەوەرزانى و کیمیا و کۆمپیوتەر لە کۆلێژەکانى زانست، بەشى زمانى ئینگلیزى لە کۆلێژ و سکوڵەکانى زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئەدەبیات لەڕێگەى (زانکۆلاین) خوێندکاران داواکارييان پێشکەش کردوه بۆ وەرگرتن.