وەزارەتى خوێندنى باڵا لە هۆکار و زیانەکانى ئاگرکەوتنەوەکەى زانکۆى چەرموو دەکۆڵێتەوە

charmo

دواى ئەوەى دوێنێ یەکشەممە، ڕێکەوتى (١/١٠/٢٠١٧) ئاگرێک لە کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتى زانکۆى چەرموو کەوتەوە، بەهۆیەوە زیانێکى ماددى زۆر بەر باڵەخانەى کۆلێژەکە کەوت.

بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لە زەرەو زیانەکانى ئەو کارەساتە، لەسەر ڕاسپاردەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (٢/١٠/٢٠١٧) وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کە پێکهاتبوو لە د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى و، د.داود ئەتروشى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى ئەندازە و پڕۆژەکان و، د.نورى هەرزانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى دڵنیایى جۆرى و متمانەبەخشین و، هێمن ئەمین شوانى بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندن سەردانى زانکۆى چەرموو-یان کرد.

لەسەرەتادا وەفدەکەى وەزارەت بەگەرمى لەلایەن د.سەڵاح ڕەزا سەرۆکى زانکۆى چەرموو و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ پێشوازییان لێکرا، دواتر سەردانى باڵەخانەى کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتیان کرد و لە نزیکەوە ئاشنایى زەرەو زیانەکانى کارەساتى ئاگر کەوتنەوەکە بون، بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆ وتى: تیمەکانى ئاگر کوژێنەوە و هاوڵاتیان هەماهەنگێکى زۆریان کردین لە کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکە و دەربازکردنى هەندێ کەل و پەل.

لە بەرامبەردا، د.خەتاب شێخانى بەناوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: لە بەرامبەر بەدەنگەوەهاتنى هاوکارانمان لە زانکۆى چەرموو سوپاسى تیمەکانى ئاگر کوژێنەوە و فریاکەوتن و دانیشتوانى چەمچەماڵ دەکەین، وتیشى خۆشحاڵین کە ئەو کارەساتە هیچ زیانێکى گیانى بەدواوە نەبوە، بۆ زیانە مادییەکانیش ڕایگەیاند: ئەگەر چى زیانە ماددییەکان زۆرن، بەڵام وەزارەت هەماهەنگ و پشتیوانى زانکۆ دەبێ بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، لە سەرۆکایەتى زانکۆى چەرموو کۆبونەوەیەک لە نێوان وەفدى وەزارەت و ئەنجومەنى زانکۆى چەرموو بەڕێوەچوو، لە کۆبونەوەکەدا، د.سەڵاح ڕەزا سەرۆکى زانکۆى چەرموو کورتەیەکى لەبارەى چۆنیەتى ئاگرکەوتنەوەکە و تەشەنەکردنى باسکرد، پاشان بەوردى باسى  لە زیانەکان کرد و وتى: ڕوبەرى ئەو باڵەخانەیەى کە سوتاوە لەسەر (١٦٠٠) مەتر دوجا دروستکراوە، کە بەهۆى ئەو ئاگرکەوتنەوەیە (١٠) تاقیگەى زانستى خوێندن سوتاوە، کە بریتین لە تاقیگەکانى (فێزیا، مایکرۆبایلۆجى، کیمیاى شیکارى، کۆمپیوتەر لەگەڵ چەند سمارت بۆرد و داتاشۆى دیجیتاڵى، کۆمپیوتەر لۆجیک، فیسۆلۆجى، ئۆرگانى کیمیستەرى، جیۆلۆجى، ئیکۆلۆجى) لەگەڵ هەموو کۆگاى تاقیگەکان، کە کەلوپەلى  یەدەگى و کیمیاى لەگەڵ بوە سوتاون، ئەوەشى ڕونکردەوە هۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس بەتەواوى کەلوپەلەکانى ناوى سوتاوە، لەگەڵ ژورى مامۆستایان و، سەرۆکایەتى بەشى زانستەکان و بڕیاردەرەکەى، ئەوەشى ڕونکردەوە کە تەواوى باڵەخانەى سێنتەرى توێژینەوەى زانستى تێکچوە و زیانیکى زۆر بەرکەلوپەکانى کەوتوە.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، چەندین ڕاوبۆچون گەڵاڵەکران بۆ ئەوەى بەزوترین کات ڕێگە چارەیەک دەستنیشان بکرێ تا پڕۆسەى خوێندن لەو بەشانە ڕانەوەستێ، داواشیان کرد سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و، وەزارەتى دارایى هەماهەنگ بێ تا بتوانن لە زوترین کاتدا ڕێگەچارەى پێویست بگیرێتەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش کۆبونەوەکە چەند ڕاسپاردە و پێشنیازێکى گەڵاڵە کرد تا لە زوترین کاتدا کاریان لەسەر بکرێ.

لە کۆتایدا، وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پاڵپشتى تەواوى خۆیان بۆ جێبەجێکردنى هەنگاوەکان دوپاتکردەوە، هەروەک جەختیان لەسەر ئەوەش کردەوە کە لە زوترین کاتدا هەنگاوى جدى دەنێن بۆ جێبەجێکردنى پێشنیاز و ڕاسپاردەکان.