لە ئەمڕۆوە داواکارى بەسیستمى ڕاستەوخۆى زانکۆیى دەستپێدەکات

سیستمى ڕاستەوخۆى زانکۆیى

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەنێت، لە ئەمڕۆوە (١٥/٨) داواکارى بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بەسیستمى ڕاستەوخۆى زانکۆى لە (٣٧٧) بەش و کۆلێژى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان دەست پێدەکات.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: دواى ئەوەى ساڵى ڕابردو بەسەرکەوتوى توانرا سیستمى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى جێبەجێ بکرێ، بۆیە وەزارەتەکەمان بڕیارى فراوانکردنى ئەو سیستمەى داو، بۆ ئەمساڵى خوێندن (٣٧٧) بەشى زانستى بەسیستمى وەرگرتنى راستەخۆى زانکۆیى خوێندکار وەردەگرن، جگە لە کۆلێژەکانى کۆمەڵەى پزیشکى، ئەندازیارى،بەشى یاسا، بەشەکانى زیندەوەرزانى و کیمیا و کۆمپیوتەر لە کۆلێژەکانى زانست، بەشى زمانى ئینگلیزى لە کۆلێژ و سکوڵەکانى زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئەدەبیات کە وەک ساڵانى پێشو لە ڕێگەى (زانکۆلاین) خوێندکاران دەتوانن داواکارى پێشکەش بکەن، کە دواتر لەلایەن وەزارەتەوە کاتى کارابونى ڕادەگەیەنرێت. هەروەک وتیشى: لەوەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى ڕێژەى (٣٠%)ى کۆنمرە بۆ تاقیکردنەوەى بەش یان کۆلێژە دەبێت و، ڕێژەى (٧٠%)ى کۆنمرەى پۆلى دوانزەى ئامادەیى هەژمار دەکرێت.

وتەبێژى خوێندنى باڵا وتیشى: لەئەمڕۆ وە داواکارى بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بەسیستمى راستەوخۆى زانکۆى دەستپێدەکات و داواکارى ڕاستەخۆ لە تۆمارى کۆلێژ/ پەیمانگە دەبێت و، خوێندکاران دەتوانن سەردانى ئەو کۆلێژ و پەیمانگەیانە بکەن کە ئارەزوى دەکەن، وتیشى لەیەک کاتدا دەتوانن داواکارى بۆ سێ بەشى جیا پێشکەش بکەن، لەهەمان کاتدا ئەو خوێندکارانەى کە تاقیکردنەوەیان بۆ خولى دوەم ماوە بەهەمان شێوە دەتوانن فۆرمى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەدەست بهێنن، وتیشى لە هەمو زانکۆکان ئامادەکارى تەواو کراوە بۆ پێشوازیکردن لە خوێندکاران، هەروەک ئاگادارى خوێندکارانیش دەکات، کاتێک کە سەردانى تۆمارى کۆلێژ و پەیمانگەکان دەکەن بۆ خۆتۆمارکردن و بەدەستهێنانى فۆرم دەبێ ژمارەى ئەزمونى و ئەنجامى پۆلى (١٢)ى ئامادەیى پێشکەش بە تۆمار بکات، تا لەلایەن تۆمارى زانکۆ وە پۆلینى داواکارییەکان بەپێى مەرجەکان بکرێت.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) وەزارەتەکەمان پلان و بەرنامەى تازەیى بەئاراستەى بەرەوپێشبردنى ڕەوتى خوێندن لە هەرێمى کوردستان و، بەرزکردنەوە ئاستى زانستى خوێندکاران و، کواڵێتى خوێندن داڕشت و، مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتنى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان هەرێمى کوردستان دەرکرد.

 

مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠١٧-٢٠١٨