ڕونکردنەوەیەک سەبارەت بە گۆڕینى سستمى وەرگرتن لە کۆلێژەکانى (پزیشکى، ئەندازیارى، زانست)

wezarett

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ساڵى پارەوە هەنگاو بەهەنگاو دەستیکردوە  بەگۆڕانکارى لە سستمی ناوەندى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان، وەک شێوازى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى و بڕیارى ئەژمارکردنى تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکان...، چونکە ئەو شێواز و سستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان کە هەیە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ حەزو ئارەزوى خوێندکاران یەک ناگرێتەوە و، هەروەک یەکێک لە ئاستەنگەکانى بەردەم پێشکەوتنى ئاستى زانستى زانکۆکان وەرگرتنى خوێندکاران بو بەو سستمە کۆنەى کە لە کوردستان و ئێراق پەیڕەو دەکرێ.

بۆیە بەئامانجى پێشخستنى ئاستى زانستى زانکۆکان و ڕەچاوکردنى حەزو ئارەزوى خوێندکاران، لە چوارچێوەى پلانى ستراتیژى خۆیدا، وەزارەتەکەمان دەستى بەکۆمەڵێک گۆڕانکارى لە ناوەندى وەرگرتن کردوە، بڕیارى"ئەژمارکردنى نمرەى وانەکانی زمانی کوردى و عەرەبى بەشێوەى ئارەزومەندانە" بەشێکە لەو زنجیرە بڕیارانەى کە بۆ باشکردنى دۆخى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان و بەتایبەت لە کۆلێژەکانى (پزیشکى، ئەندازیارى، زانست) دراوە.

ئەو بڕیارەش کە لە دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت دراوە، بڕیارى سەرجەم ئەندامانى ئەنجومەنە، کە لە ڕاوێژکاران و سەرۆکى سەرجەم زانکۆکان پێکدێ و، هیچ پەیوەندى بەسیاسەتەوە نیە.

بۆیە وەزارەتەکەمان، جەخت لە ڕونکردنەوەکەى پێشترى دەکاتەوە و، بڕیارەکەش تەواو بڕیارێکى زانستى و ئەکادیمیە و، لەلایەن بەرزترین دەسەڵاتى زانستى یاسایى کە ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا-یە دراوە و، پەیوەندى بەهیچ لایەنێکى سیاسیەوە نیە، بۆیە ناکرێ ئەم بڕیارە بەسیاسى بکرێ و تێکەڵ بەململانێ سیاسیەکان بکرێ و، شیکردنەوەى سیاسى بۆ بکرێ، هەروەک دەبێ لایەنە سیاسیەکان لەوە گەورەتر بیر بکەنەوە و، خۆیان تێکەڵ بەلایەنى زانستى و ئەکادیمى نەکەن، چونکە ئەو بڕیارانەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەیاندات دواى دیراسەتکردنێکى زۆر و هەڵسەنگاندنێکى وردى ئەکادیمى ئینجا پەسندیان دەکات، لە سەرجەم بڕیارەکانیشدا ڕەچاوى پێگەیاندنى نەوەیەکى باشتر و کاراتر بۆ داهاتوى کۆمەڵگەکەمان دەکرێ و کراوە.

بۆیە ئەنجومەنى وەزارەت بەهیچ شێوەیەک دژى زمانى کوردى نیە، بەڵکو لە ڕێگەى چەندین پڕۆژەى جیاوە لە هەوڵەکانی  بۆ خزمەتکردن بەزمان و ئەدەبى کوردى بەردوامە و، ئەو کارەشى بەیەکێک لە کارە سەرەکیەکانى خۆى زانیوەو دەزانێ.

لە کۆتایدا داوا لە لایەنە سیاسیەکان دەکەین، دەرفەتى کارکردن بۆ لایەنى ئەکادیمى  و زانستى بهێڵنەوەو هەمو کایەکانى ژیان بەسیاسەت نەکەن، چونکە ئەنجومەنى وەزارەت سەرجەم بیروڕا سیاسیە جیاوازەکانى لەخۆگرتوە، بەڵام هەموان لەسەر بڕیارە زانستى و ئەکادیمیەکان کۆکن، چونکە هەموان خاوەن پاشخانێکى ئەکادیمى دەوڵەمەندن و نوێنەرایەتى ناوەندێکى ئەکادیمى گرنگ لە کوردستان دەکەن، بۆیە جارێکى دیکە داوا لەلایەنە سیاسیەکان دەکەین، ئەم بڕیارەى ئەنجومەنى وەزارەت بەسیاسى نەکەن، بەڵکو وەک بڕیارێکى ئەکادیمى و زانستى لێی بڕوانن.