د.یوسف گۆران: هاوشانى بەشدارى مامۆستایان دەبێ خوێندکارانیش ڕۆڵی کارایان لە کۆنفرانسە زانستیەکان هەبێ

soran

د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند: شانبەشانی ڕۆڵ  و بەشداری مامۆستایان و توێژەران لە کۆنفرانس و گفتوگۆ زانستیەکان، دەبێ بەهەمان شێوە بایەخ بەخوێندکاران بدەن و، دەرفەتی بەشداری کاریان پێ بدەن.

ئەو ڕاگەیاندنەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی (١٥/٥/٢٠١٧) لە میانەی سوپاس و دەستخۆشیەک بۆ سەرۆکایەتی زانکۆی سۆران هات بەبۆنەی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی سێیەمین کۆنفرانسی زانستی قوتابی.

د.یوسف گۆران لە پەیامەکەیدا، سەرباری دەڵێ: "هەرچەندە بەهۆی سەرقاڵبونی زۆرمان بەکارەکانی وەزارەت نەمتوانی ئامادەیی کۆنفرانسەکەتان بم، بەڵام سوپاس و دەستخۆشی لە سەرۆکایەتی زانکۆی سۆران و ڕێکخەران و بەشداربوانی کۆنفرانسەکەتان دەکەم".

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند: گرنگیدان بە توێژی خوێندکاران و قوتابیان بەدەستپێشخەریەکی گرنگی دادەنێین،چونکە نابێ کۆنفرانس و بابەتە زانستیەکان تەنها تایبەت بکرێن بەمامۆستایان و توێژەران، بەڵکو دەبێ زانکۆ هاوشانی ڕۆڵ  و بەشداری مامۆستایان و توێژەران لە کۆنفرانس و گفتوگۆ زانستیەکان، دەبێ بەهەمان شێوە بایەخ بەخوێندکاران بدەن و، دەرفەتی بەشداری کاریان پێ بدەن.

 لە کۆتایشدا، د.یوسف گۆران ستایشی بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسەکە کرد و، هیوای خواست کۆنفرانسەکە ببێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی خوێندکاران بتوانن توانا و ئاستی زانستیان لەو جۆرە کۆنفرانسانە پیشان بدەن و، ئەنجامەکەشی بەسودی کۆمەڵگە بکەوێتەوە.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی (١٥/٥/٢٠١٧)  بەدروشمی (بەرەو ئایندە) به‌ ئاماده‌بونی  "د. موسڵح موسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران و یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ و ڕاگری فاكه‌ڵتییه‌كان و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستا و قوتابی و خوێندکار، زانکۆی سۆران (سێیه‌مین كۆنفرانسی قوتابی) لە هۆڵی بۆنەکان لە سۆران دەستپێکرد.

کۆنفرانسەکە بەساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهیدان و پێشکەشکردنی وتەیەک لەلایەن د. مسڵح مستەفا سەرۆکی زانکۆی سۆران دەستپێکرد.

لەو کۆنفرانسەدا، كه‌ ماوەی دو ڕۆژ بەردەوام دەبێ، لەلایەن خوێندکارانی بەشە جیاکانی زانکۆی سۆران (٣٠) سی توێژینەوە لە بوارە جیاوازەکان پێشکەش دەکرێن و، لەلایەن ئامادەبوانەوە تاوتوێ دەکرێن.