سەندیکاى پارێزەران ستایشى چاکسازییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا لە بوارى یاسا دەکات

parezeran

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە پێناو پێگەیاندنى پارێزەرى بەتوانا و لێهاتو وەزارەتى خوێندنى باڵا درێژە بەچاکسازییەکانى خوێندنى یاسا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەدین و، مەرجى  پێویست بۆ وەرگرتنى خوێندکاران لە بەشەکانى یاسا دادەنێن.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى سەردانێکیدا بۆ سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان هات، لەو سەردانەدا، کە ئەمڕۆ دوشەممە بەهاوڕێیەتى د.نەژدەت ئاکرێى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان لە شارى هەولێر سەردانى سەندیکاى پارێزەرانى کرد، بەگەیشتنیان لەلایەن سەرۆکى سەندیکا و ژمارەیەک لە ئەندامانى ئەنجومەنى سەندیکا بەگەرمى پێشوازیان لێکرا، لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەى دۆخى یاسا لە زانکۆکان و، بارودۆخى پارێزەران لە کوردستان کرا.

لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى دیدارەکەدا، بەختیار قازى سەرۆکى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، دواى بەخێرهێنانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، وەفدى هاوڕێى، کورتەیەکى لەبارەى بارودۆخى سەندیکاى پارێزەران و کارى پارێزەرى لە کوردستان خستەڕ و وتى: سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان (١٤) هەزار ئەندامى هەیە، لەو ژمارەیەدا (٦) هەزاریان خانەنشین و ئەوانى دیکە کارى پارێزەرى دەکەن، لەهەمان کاتدا نزیکەى (١٥٠) پارێزەریش کە ئاوارەن و لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێین سەندیکا ڕێگەى کارکردنى پێداون، ئەوەشى ڕاگەیاند: هەرێمى کوردستان لە بنەڕەتدا خۆى پێویستى بە (٣٠٠٠) سێ هەزار پارێزەر هەیە، بەڵام ئەو ژمارە زۆرەى پارێزەر بارگرانیەکى زۆرى بۆ سەندیکا دروست کردوە، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، سەرۆکى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان ستایش و دەستخۆشى لە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ ئەو چاکسازییانەى لە خوێندنى یاسا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کردویەتى، بۆ ئەوەش وتى پشتیوانى تەواوى ئەو چاکسازییانەین کە دەستان پێکردوە، چونکە ئاستى زانستى دەرچوانى بەشەکانى یاسا زۆر دابەزیوە، هیواى خواست چاکسازییەکانى وەزارەت هەنگاوێک بێ بەئاراستەى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى دەرچوانى بەشەکانى یاسا، هەر لە میانەى قسەکانیدا سەرۆکى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان چەند پیشنیازێکى پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بەتایبەت کردنەوەى خوێندنى باڵایى پیشەیى بۆ پارێزەران و هەژمارکردنى خزمەتى پارێزەرى لە کاتى پێشکەشکردن بۆ پرۆسەى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا.

لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئێمە دەمانەوێ پەیوەندیمان لەگەڵ سەرجەم سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەییەکان بەهێز بکەین، چونکە سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەییەکان باشتر ئاشناى جۆر و پێداویستیەکانى بازارى کارى کوردستانن، دواجار ئێمەش دەمانەوێ کەسانێک پەروەردە بکەین، کە بتوانن خزمەت بە کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بکەن و، پێداویستیەکانى بازارى کارى کوردستان پڕ بکەنەوە، هەر بەو ڕێگەیەش دەتوانین پێکەوە خزمەت بەبەرژەوەندییە باڵاکانى کوردستان بکەین، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران سوپاسى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستانى کرد کە لە بوارى خوێندنى یاسا هاوکار و پاڵپشتى چاکسازییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا-ن، وتیشى ئامانجمان لەو چاکسازییانە لە پێناو پێگەیاندنى پارێزەرى بەتوانا و شارەزا و  لێهاتوە، هەربۆیە درێژە بەچاکسازییەکانى خوێندنى یاسا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەدەین و، مەرجى پێویست بۆ وەرگرتنى خوێندکاران لە بەشەکانى یاسا دادەنێن و، هەوڵ دەدەین زمانەکانى (کوردى و عەرەبى و ئینگلیزى) بکەینە مەرجى سەرەکى وەرگرتن لەو بەشى یاسا، لەهەمان کاتدا پێداچونەوە بە وەرگرتنى لقى زانستى لە بەشى یاسا دەکەین.

لە کۆتایى دیدارەکەشدا، لەسەر پێشنیازى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیارى ئەنجامدانى وۆرکشۆپێکى هاوبەش لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەندیکاى پارێزەران درا بۆ جێبەجێکردنى پێشنیازەکانى سەندیکاى پارێزەران و، بەردەوامیدان بەپرۆسەى چاکسازى لە بوارى خوێندنى یاسا لە زانکۆکانى کوردستان.