د.یوسف گۆران: بڕیارمانداوە پڕۆسەى بەئەلیکترۆنیکردن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش جێبەجێ بکەین

IMG_0004.JPG

بەئامانجى داڕشتنى بەرنامەیەکى نوێ بۆ ساڵى نوێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى، بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبونەوەیەکى تایبەت لەگەڵ سەرۆکى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچو.

خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى لە کوردستان

لەو کۆبونەوەیەدا، کە ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (١٨/٧/٢٠١٦) لە دیوانى وەزارەت بەئامادەبونى، د.ئیبراهیم سمۆ سەرۆکى لێژنەى پەرەوەردەو خوێندنى باڵا لە پاڕلەمانى کوردستان و، د.ئامانج سەعید ڕاویژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.محمد سابر بەڕێوەبەرى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى بەڕێوەچو، لەسەرەتادا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتەیەکى پێشکەش کرد، لە وتەکەیدا هێڵە گشتیەکانى کۆبونەوەکەو دیدى وەزارەتى خوێندنى باڵا سەبارەت بەخوێندنى تایبەت لە کوردستان خستەڕو.

گرنگى کۆبونەوەکان

لەو چوارچێوەیەداو لەسەرەتای وتەکەیدا د.یوسف گۆران ئاماژەى بەگرنگى ئەو جۆرە کۆبونەوانە کرد بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لە بڕیارو ڕێنماییەکان و دیدى وەزارەت بۆ خوێندن لە کوردستان و لەو بارەیەوە وتى: ئەم کۆبونەوانە گرنگن بۆ داڕشتنى میکانزمێک بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لە کێشەو گرفتەکان و پڕۆژەو دیدە جیاوازەکان، ئەوەش دواجار سودى بۆ ئێمەو بۆ ئێوەش دەبێ.

زانکۆ  و پەیمانگە تایبەتەکان بەئەلیکترۆنى دەکرێن

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە ئاماژەى بەپڕۆسەى بەئەلیکترۆنیکردنى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کرد و ڕایگەیاند: وەک چۆن لە زانکۆ و دامەزراوە جیاکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا لە حکومەتى هەرێمى کوردستان قۆناغى یەکەمى پڕۆسەى بەئەلیکترۆنیکردنمان تەواو کرد، بەهەمان شێوە دەمانەوێ ئەو پڕۆسەیە لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش دەست پێ بکەین و، لایەنى بەڕێوەبردن و داتاو زانیارى و ئاڵوگۆرکردنى نوسراوەکان هەموان بکەینە سیستمى ئەلیکترۆنى، چونکە بەشێکى زۆرى کێشەکانمان لە ڕێگەى ئەو سیستمەوە دەتوانین چارەسەر بکەین و کاتى زۆریشمان بۆ بگەڕێتەوە، بۆیە دەمەوێ پێتان ڕابگەێنم کە بڕیارمانداوە سیستمى بەئەلیکترۆنیکردن لە زانکۆ و پەیمانگەکانیش دەست پێ بکەین.

زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان نابێ درێژکراوى زانکۆ حکومیەکان بن

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیداد.یوسف گۆران بەگرنگیەوە باسى لە کواڵیتى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کرد و لەو بارەیەوە وتى: زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان نابێ درێژکراوى زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان بن، بەڵکو دەبی نمونەیەکى جیاواز بن و، نمونەیەکى جیاوازیشمان پێشکەش بکەن، بۆیە گرنگیدان بەو لایەنانەى کە زانکۆ حکومیەکان نەیانتوانیوە یان نەیانویستوە لاى لێ بکەنەوە، دەبێ ئێوە لە پاڵ ئەرکەکانى دیکەتان بایەخ بەو لایەنانانەش بدەن، لە ڕوى کواڵیتیشەوە ئێمە بەهەمو شێوەیەک پشتگیرى و ئاسنکاریتان بۆ دەکەین بۆ ئەوەى کواڵیتى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەرز بکرێتەوە، چونکە دەمانەوێ کواڵیتى زانکۆو پەیمانگە تایبەتەکان جیاواز بێ، لەبەرئەوەى هۆکارى بونى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بۆ لەخۆگرتنى ژمارەى خوێندکاران نیە، بەڵکو دەمانەوێ مۆدێرنانەترو سەردەمیانەترو پەیوەندتان لەگەڵ دنیا هەبێ و سەربەخۆ بن لەکارکردن، بۆیە لەبەرامبەر ئەو ئەرکەى پێتان دەسپێرین مافەکانیشتان پێ دەدەین.

دەبێ خوێندکارى نێودەوڵەتى لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بخوێنن

سەبارەت بەستراتیژى وەزارەت بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى زانکۆکانیش، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ستراتیژى کارکردنى وەزارەت ئەوەیە کە نەک تەنها کارئاسانى بۆ خوێندکارانى خۆمان بکات بۆ ئەوەى لە زانکۆکانى کوردستان بخوێنن ڕو لە دەرەوە نەکەن، بەڵکو دەمانەوێ خوێندکار لە وڵاتانى دەوروبەر و بێن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەتایبەت زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بخوێنن، بۆیە ئێمە بەهەمو جۆڕیک پشتگیرى لەو پڕۆسەیە دەکەین و ئێمە لاریمان نیەو کارئاسانیتان بۆ دەکەین و، گرنگە ئەوەیە پڕۆژەتان هەبێ بۆ پڕکردنەوەى کورسیەکانى خوێندن بە خوێندکارى نێودەوڵەتى، د.یوسف گۆران ڕاێگەیاند: ئەم پڕۆسەیە سودى زۆرى هەیە لەلایەکەوە ئەبێتە هۆى ئەوەى کەرتێکى نوێى ئابورى لە کوردستان دروست بکەین،کە ئەوەش ئابورى مەعریفى، وەک چۆن ئەوەى لە قوبرس هەیە کە بەپێى بەرنامەیەکى دانراو توانیویانە سودى زۆر لەو پڕۆسەیە وەربگرن بۆ بوژانەوەى ئابورى وڵاتەکەیان، لەهەمان کاتدا هێنانى خوێندکارى نێودەوڵەتى کاریگەرى لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى زانکۆکان و ناساندنى زانکۆکان بە دنیاى دەرەوە هەیە، هەروەک دەبنە هۆکارێک بۆ ئاشنابونى گەلان بەکەلتورى کورد و بوژانەوەى ئابورى کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەمو پشتگیرى و کارئاسانیەکى بۆ زانکۆ و پەیمانگەکان دوپات کردەوە بۆ ئەوەى دەست بەو پڕۆسەیە بکەن.

تاقیکردنەوەى ناوەندى لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان فراوان دەکرێت

سەبارەت بەتاقیکردنەوەى ناوەندى لەسەر ئاستى زانکۆکان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: تاقیکردنەوەى ناوەندى بەلامانەوە گرنگەو، ئامانجیشمان لەو کارە بریتیتە لە زانینى ئاستى زانستى زانکۆکان، چونکە بەبەراوردکردن لەگەڵ یەکتر دەتوانین باشتر ئاستى زانستى زانکۆکانمان بۆ دەربکەوێ، بۆ ئەوەش وتى: ئەمساڵ توانیمان ئەو تاقیکردنەوەیە لە بەشەکانى یاساو لە چەند وانەیەک ئەنجام بدەین، هەروەک بەرنامەکەمان وایە لە ساڵى داهاتوە لە هەندێ بابەت لە هەندێک لە بەشەکانى دیکە ئەو تاقیکردنەوەیە ئەنجام بدەینەوە بۆ ئەوەى ئاستى زانستى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بزانین لە کوێن و ئینجا بڕیارى پێویستیان لەبارەوە بدەین.

تا دۆخى دارایى ئاسایى دەبێتەوە، بڕیارى کەمکردنەوەى کرێى خوێندن بەردەوام دەبێ

بۆ کرێى خوێندنیش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: سوپاستان دەکەین کە ئەمساڵ هاوکارى وەزارەتان کرد و، بەیەکەوە توانیمان بڕیارێکى گرنگ لە بەرژەوەندى میللەتەکەمان و خوێندکاران بدەین، وتیشى بەجێبەجێکردنى ئەو بڕیارە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان توانیتان ئەرکێکى نیشتیمانی جێبەجێ بکەن، هەربۆیە چاوەڕێ دەکەین تا دۆخەکە ئاسایى دەبێتەوە، ئەم بڕیارە وەک خۆى لە ساڵانى داهاتوش جێبەجێ بکەن.

بۆ کردنەوەى خوێندنى باڵا مەرج و ڕێنماییەکان بەپێى پێداویستیەکان جێبەجێ دەکەین

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکى دیکەى قسەکانى تەرخان کرد بۆ خوێندنى باڵا لە زانکۆ تایبەتەکان و لەو بارەیەوە وتى: کردنەوەى خوێندنى باڵا/ماستەر بەپێى یاسا هەندێ ڕێوشوێنى هەیە، بەهەمان شێوە وەک چۆن لە زانکۆ حکومیەکانیش هەیە، بۆ نمونە ساڵى ڕابردو ڕێگەمان بەهەندێ بەش نەدا لە زانکۆ حکومیەکان خوێندنى دکتۆرا بکەنەوە، چونکە مەرجەکانیان تەواو نەبو، ئامانجیشمان لەو کارە پشتگیریکردنە لە بەرزکردنەوەى پلەى زانستى و ئاستى خوێندن لە زانکۆکان، کە مەرجەکانیش دیارى دەکەین بۆ ئەوەیە کە بەهایەک بۆ زانست و پرۆفیسۆرو پرۆفیسۆرى یاردەدەر دابنێین، بۆیە لە زانکۆ حکومیەکانیش دەرفەتەمان نەداوە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئەوەى لاى ئێمە گرنگە کواڵیتى خوێندنەکەیە، لەهەمان کاتدا دەمانەوێ لە ڕێگەى کردنەوەى خوێندنى باڵا تواناى خوێندکاران بەرز بکەینەوەو، خوێندنەکەش سودى بۆ بازارى کارى کوردستان هەبێ، لەبەرئەوە نامانەوێ زانکۆکان تەنها بڕوانامە ببەخشن، د.یوسف گۆران وتى: لەبەر ڕۆشنایى ئەو دیدە ستراتیژەیە، وەزارەتەکەمان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەگەر زانکۆ تایبەتەکان لە توانایانادا هەبێ لەگەڵ زانکۆ ئاست بەرزەکان دنیا ڕێککەوتن بکەن، ئەتوانن پڕۆژە پێشکەش بکەن بۆ کردنەوەى خوێندنى باڵا، لە وەزارەتیش بەهەمان دید و بۆچون وەک چۆن مامەڵەمان لەگەڵ زانکۆ حکومیەکان کردوە، مامەڵە لەگەڵ پڕۆژەکانى زانکۆ تایبەتەکانیش دەکەین.

کۆتای کۆبونەوەکە

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەلایەن سەرۆکى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانەوە چەندین پێشنیاز گەڵاڵە کران بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و بەرەوپێشبردنى ئاستى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان لە کوردستان.