بۆ دەرچووانی ئامادەیی کە تەمەنیان لە ٢٥-٣٠ ساڵە

newsitem-1145-13.10.2011-ku.jpg

 قوتابیانی دەرچووی ئامادەیی کە تەمەنیان لە نێوان ٢٥-٣٠ ساڵە و کۆنمرەیان لە ٨٥% کەمترە ،هەر وەک لە ڕاگەیاندنی پێشووماندا ئاماژەمان پێ کرد، دەتوانن داواکاری پیشکەش بکەن بۆ ئەوەی لە سیستەمی پارالێڵ یان زانکۆ ئەهلییەکان بتوانن درێژە بە خوێندنی زانکۆ بدەن. ئەم ساڵ بەهۆی ئەوەی هەردوو زانکۆی سەلاحەددین و دهۆک خوێندنی ئێوارانیان ڕاگرتووە بۆیە هەلی وەرگرتن بۆ ئەو قوتابیانە سنووردارە. بڕیاری ڕاگرتنی خوێندنی ئێواران لە هەردوو زانکۆی سەلاحەددین و دهۆک بڕیاری خودی ئەو زانکۆیانەیەو پەیوەندی بە وەزارەتەوە نییە، بۆ نمونە لە بەر ئەوەی لە زانکۆی سلیمانی و دەستە تەکنیکییەکان خوێندنی ئێواران بەردەوامە هەر بۆیە ئەو کێشانە لە سلێمانی و دەستەکان لە ئارادا نین.

بە مەبەستی رەچاوکردن و هاوکاریکردنی ئەو قوتابییانەی کەمدەرامەتن و توانای خویندنیان لە زانکۆ ئەهلییەکان نییە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە نوسراوی فەرمی داوا لە هەردوو زانکۆی سەلاحەددین و دهۆک کردووە کە بۆ ئەم ساڵی خوێندن ڕێگاچارەیەکی گونجاو بۆ هێنانەدی خواستی ئەو قوتابییانە بدۆزنەوە.

شایانی باسە لە ساڵی ئایندەوە سیستەمی کوردستان هاوشێوەی سیستەمی تەواوی ئێراق گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بۆ نمونە لە عیراق بەرزترین تەمەنی وەرگرتن لە زانکۆکان بۆ خوێندنی بەیانیان دیاریکراوە بە ٢٤ ساڵ، بەڵام لە کوردستان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەرزترین تەمەنی وەرگرتن ٣٠ ساڵ بووە و ئەمساڵ کراوەتە ٢٥ ساڵ، شایەنی باسە ئەم بڕیارە ئەو قوتابییانە ناگرێتەوە کە کۆنمرەیان لە ٨٥% زیاترە.

ئێستا وەزارەتی خوێندنی باڵا دەرفەتی داوە هەردوو زانکۆی سەلاحەددین و دهۆک وەڵامی نوسراوی وەزارەت بدەنەوە، بۆیە داواکارین لە قوتابیان کە هاوکاریمان بکەن و پشوودرێژ بن.