ئاگادارییەک بۆ دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیى

ZANKO LIN.jpg

 وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەێنێت، خوێندکارانى دەرچوى دوانزەى ئامادەیى دەتوانن سەردانى وێب سیاتى (زانکۆلاین) بکەن بۆ دڵنیابون لە دروستى نمرەکانیان.

لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانى ڕابردو و ، لە پێناوا کاراکردنى پڕۆسەى (زانکۆلاین) و، گەڕانەوەى ناویان خوێندکاران لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتەکەمان ئاگادارى دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیى دەکات، بۆ دڵنیابون لە کۆنمرەى پۆلى (١٢) و، هەژمارکردنى نمرەى قۆناغەکانى (١٠) و (١١)یان، لە ئەمڕۆ ڕێکەوتى (١٨/٨/٢٠١٦)ەوە دەتوانن سەردانى وێبسایتى (زانکۆلاین) بەناونیشانى  (regayzanko.com) بکەن، هەروەک داواى لە دەرچوانی دوانزەى ئامادەیى دەکات، ئەگەر هەر خوێندکارێک هەڵە لە کۆنمرەکانیان هەبو، پێویستە سەردانى (بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئەزمونەکانى وەزارەتى پەروەردە) بکەن بۆ چاککردنى هەڵەکانیان و سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى نەکەن.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى خولى یەکەم دەتوانن بە ژمارەى ئەزمونەکانى قۆناغى دوانزەى ئامادەییان بچنە ناو سیستمى (زانکۆلاین) بۆ دڵنیابون لە کۆنمرەکانیان، هەروەک وتیشى ئەم ئاگادارییەک تەنها بۆ دڵنیابونى خوێندکاران و قوتابیانە لە ڕاستى و دروستى نمرەکانیان، بەهیچ جۆرێک پەیوەندى بە هەڵبژاردن و دیاریکردنى (بەش و کۆلێژ و زانکۆکان) و، پێشکەشکردن بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان نیە، بەڵکو کاراکردنى (زانکۆلاین) لە کاتێکى دیکەدا ڕادەگەێنین.