یەکەم گروپى خوێندکاران بەئەزمونێکى نوێ لە چین گەڕانەوە

IMG_0021.jpg

 دواى ئەوەى لە چەند ڕۆژى ڕابردو یەکەمین گروپى خوێندکارانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەرەو کۆمارى میللى چین بەڕێکەوتن، دواى دوانزە ڕۆژ مانەوەو بەسەرکردنەوەى کۆمەڵێک دامەزراوەى ئەکادیمى و ناوەندى کەلتورى کۆتاییان بەسەردانەکەیان هێناو، ڕۆژى دوشەممە، ڕێکەوتى (٥/٩/٢٠١٦) لە ڕێگەى فرۆکەخانەى نێوەدەوڵەتى هەولێرەوە گەڕانەوە هەرێمى کوردستان.

بەگەیشتنەوەییان لە دیدارێکدا لەگەڵ د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى ناوەڕۆک و ئەنجامى سەردانەکەیان بۆ کۆمارى میللى چین خستەڕو.

لەو بارەیەوەو لەسەرەتایى دیدارەکەدا د.خەتاب شێخانى بەناوى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێننى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەخێرهاتنەوەى لە ئەندامانى گروپەکە کردو، هیواى خواست سەردانەکە ئاسۆى بیرکردنەوەییانى فراوان کردبێت و سودیان لە ئەزمونى نوێى ئەو وڵاتە وەرگرتبێت و لە ژیانى ڕۆژانەیان لە کوردستان جیبەجێیان بکەن.

دواتر د.محمد کەلارى سەرۆکى وەفدەکە سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و داراییان کرد بۆ ڕێکخستنى ئەو سەردانە، ئەوەشی ڕونکردەوە سەردانى چەندین دامەزراوەى زانستى و کەلتورییان لە کۆمارى میللى چین کرد و،  لە میانەى سەردانیان بۆ زانکۆى بەیجین بۆ خوێندنى بیانى کە زیاتر لە (٥٠) زمانى بیانى تێیدا دەخوێندرێ، پێشنیازییان کردوە زمانى کوردیش لەو ناوەندە بخوێندرێ.

خوێندکارانى ئەندامانى وەفدەکەش سەربارى سوپاسگوزارییان بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى دڵخۆشییان بەو سەردانە دەربڕى و، هیواشیان خواست ئەو پرۆسەیە درێژەى هەبێت بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییە کەلتورى و ئەکادیمیەکانى کۆمارى میللى چین  و سود وەرگرتن لە ئەزمونە نوێیەکانى ئەو وڵاتە.