هیچ خوێندکارێکى تواناسازى بەهۆى قەیرانى دارایى فەشەلى نەهێناوە

logoy wezaret.jpg

 سەبارەت بە کۆنگرەى رۆژنامەوانى بەڕێز (شوان قەڵادزەیى) ئەندامى لێژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە پاڕلەمانى کوردستان، کە لە ڕێکەوتى (١١/٨/٢٠١٦) لەبارەى خوێندکاران و قوتابیانى تواناسازى لەدەرەوەى وڵات سازیکردبو، وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژنەوەى زانستى بەپێویستى دەزانین چەند ڕاستیەک بۆ ڕاى گشتى و سەرجەم كانديدانى تواناسازى ڕونبکەینەوە.

·        بەڕێز (شوان قەڵادزەیى) ئەندامى پاڕلەمانى کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیدا ڕایگەیاندوە، کە "زیاتر لە ١٠٠ کاندیدى تواناسازى بەهۆى قەیرانى داراییەوە شکستیان هێناوەو گەڕاونەتەوە کوردستان و ئەو بڕەشى کە وەریان گرتووە بەقیست لێیان وەردەگیرێتەوە". لەو بارەیەوە وەک وەزارتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تەواوى ئەو زانیارییەى بەڕێز (شوان قەڵادزیی) ڕەتدەکەینەوە، چونکە تائێستا هیچ کاندیدێکى تواناسازى بەهۆى قەیرانى دارایى هەرێمى کوردستان و بەتایبەت لەو کاتەى قەیرانى داراییەوە سەرى هەڵداوە فەشەلى نەهێناوەو هیچ بڕە پارەیەکیشیان بە قیست لێ وەرنەگیراوەتەوە، بەڵکو ئەوانەى بەقیست پارەیان لێ وەردەگیرێتەوە بریتین لەمانە:

١. هەر  خوێندکارێکى تواناسازى، کە خوێندنی بەسەرکەوتوى تەواو بکات و بگەڕێتەوە کوردستان، ئەوا پاکتاوى دارایی بۆ ئەنجامدراوە، ئەو پاکتاوەش بەپێى پسولەى خوێندن و، ماوەى مانەوەى لەو وڵاتەى کە تیایدا خوێندوییەتى، ئەگەر هاتو خوێندکارەکە قەرزار بێت ئەو بڕى ئەو پارەیەى بە قیست لێ وەردەگیرێت، ژمارەى ئەوانەش (٨٠) خوێندکارە کە خوێندنیان بەسەرکەوتوى تەواو کردوە.

٢. هەر خوێندکارێکى تواناسازى، کە لە خوێندنەکەیان بەهۆى کەمتەرخەمیان، یاخود غەشکردن سەرکەوتو نەبونە، لەلایەن لێژنەى تواناسازییەوە کە لە کۆمەڵێک ستافى ئەکادیمى پێکهاتون بڕیاریان لەسەر دراوە، کە سەرکەتو نەبون واتە فەشەلیان هێناوە، بۆیە ئەوانیش بەهەمان شێوە بەقیست پارەکانیان لێ وەردەگیرێتەوە.  لە هەمان کاتدا ئەو خوێندکارانەشى کە خۆیان بە یاداشت داواى وازهێنان لە خوێندن کردوەو پارەشیان وەرگرتوە، بەهەمان شێوە ئەوانیش بەشێوەى قیست پارەکانیان لێ وەردەگیرێتەوە، کۆى گشتى ئەم گرپەش لە خوێندکارانى تواناسازى (١٠٦) خوێندکاران، واتا ئەم گروپە بەهیچ شێوەیەک کێشەى داراییان نەبوە.

·        وەزارەتەکەمان لە هەوڵى بەردەوامدایە بۆ دابینکردنى تەواوى مافە داراییەکانى خوێندکارانى تواناسازى، کە لەدەرەوەى وڵات دەخوێنن و، بەهۆى قەیرانى دارییەوە حکومەتى هەرێم نەیتوانیوە لە کاتى خۆیدا شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکات، هەر لەو چوارچێوەیەداو پاڵپشت بە نوسراوى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران، وەزارەتەکەمان داواى لەو زانکۆیانە کردوە کە خوێندکارانى تواناسازى لێیى دەخوێنن ڕەچاوى بارودۆخى دارایى هەرێمى کوردستان بکەن و، هاریکارى خوێندکارانى تواناسازى بکەن، خۆشبەختانە زۆربەى زۆرى زانکۆکانیش بەدەم داواى وەزارەتەکەمانەوە هاتون و، ئامادەیى هاریکارییان پیشانداوە.

·        سەبارەت بە کێشەى دارایى خوێندکارانى تواناسازى و، ئەو بڕە پارەیەى کە بەپێى لیستەکان و کاروبارەکانى وەزارەت بۆیان خەرجکراوە، پێمان باشە لێژنە پەیوەندارەکانى پاڕلەمانى کوردستان بەر لە باسکردنى هەر بابەتێکى پەیوەست بە تواناسازى و هەر کێشەو گرفتێکى دیکە بگەڕێنەوە بۆ دوا هەوڵەکانى وەزارەت بۆ دڵنیابون لە ڕاستى و دروستى ئەو زانیارییانەى کە بۆ خوێندکارانى تواناسازى و دامەزراوەکانى ڕاگەیاندن و ڕاى گشتى لە هەرێمى کوردستان دەیانخەنەڕو.

·        لە کۆتایدا داوا لە بەڕێز (شوان قەڵادزێى) دەکەین، لیستى ناوى ئەو (١٠٠) خوێندکارەمان بۆ ڕەوانە بکات، کە ئەو دەڵێت بەهۆى قەیرانى داراییەوە لە خوێندن شکستیان هێناوەو، ئەو بڕە پارەیەى کە پێیان دراوە بەقەرز لێیان وەردەگیرێتەوە بۆ ئەوەى وەک وەزارەت بەدواداچونى وردى بۆ بکەین.