د.یوسف گۆران: ئەگەر بمانەوێ شتێکى گرنگ بونیاد بنێین دەبێ بیرکردنەوەى نائاسایمان هەبێ

IMG_0031.jpg

 وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند لە ڕێگەى بەهێزکردنى زانست و مەعریفەوە دەتوانین باشتر لەیەکتر تێبگەین و کێشەى نێوان گەلان چارەسەر بکەین.

 ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى دیدارێکدا لەگەل کونسڵى تورکیا لە هەرێمى کوردستان هات.

لەو دیدارەدا کە ئەمڕۆ یەک شەممە، ڕێکەوتى (٢٩/٥/٢٠١٦) بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د. مسڵح مستەفا سەرۆکى زانکۆى سۆران بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى چۆنێتى بەهێزکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا کرا.

لەو چوارچێوەیەدا و لەسەرەتاى دیدارەکەدا محمد عاكیف كونسڵی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان  وتى: هاوشێوەى بوارەکانى دیکە، کۆمارى تورکیا خوازیارە پەیوەندییە زانستیەکانیشى لەگەڵ هەرێمى کوردستان پەرە پێبدات، هیواشى خواست دیدارەکە ببێتە بناغەیەکى باش بۆ داهاتویەکى گەش لە نێوان هەردولادا.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەوڵى بەردەوامدایە بۆ ئەوەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى لەگەڵ وڵاتان بەهێز بکات، بەتایبەت وڵاتانى ناوچەکە، وتیشى تورکیا کە وڵاتێکى گرنگە لەماوەى (١٠) ساڵى ڕابردودا پێشکەوتنى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە، دەخوازین سود لە ئەزمونەکانتان وەربگرین بۆ پیشخستنى زیاتر زانکۆکانمان، د.یوسف گۆران ڕونیشیکردەوە کە لە ڕابردودا پەیوەندى لە نێوان زانکۆکانى هەردولادا هەبووە، بەڵام لێرە بەدواوە دەخوازین پەیوەندییەکانمان بچیتە قۆناغێکى دیکەوە، لە هەمان کاتدا چوارچێوەیەکى دامەزراوەیى بۆ دابڕێژین، وەک وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى پێدا ساڵانە ژمارەیەکى زۆرى خوێندکار لە هەرێمى کوردستانەوە ڕوو لە زانکۆکانى تورکیا دەکەین، هەندێک لەو خوێندکارانە ڕوبەڕوى کیشە دەبنەوە بەتایبەت لە وەرگرتنى ڤیزا، بەهەمان شێوە زانکۆکانمان ئەخوازن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زانکۆکانى تورکیا زیاتر بەرەو پێش ببەن، بەڵام زۆرجار ڕوبەڕوى کیشە دەبنەوە، جگە لەوانەش زانکۆکانى تورکیا خاوەن ئەزمونێکى باشن لە بوارى چۆنیەتى وەرگرتنى متمانەى نێودەوڵەتى، لەلایەکى دیکەوە بۆ ئەوەى تێگه‌یشتنێكی زیاتر له‌ نێوان گه‌لانی ناوچه‌كه‌ (كورد و تورك و عه‌ره‌ب و فارس و..) هه‌بێ، پێویست ده‌كات گروپى توێژەرى هاوبەش و ئاڵوگۆڕکردنى مامۆستاو ستافى زانستى و گۆرێنەوەى پرۆگرام لە نێوانیان هەبێ، دەبێ پەیوەندییەکانمان بەدامەزراوەیى بکەین بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و ڕێکخستنى پەیوەندییەکانمان، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا د.یوسف گۆران ئاماده‌یی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی پیشاندا بۆ پێشوازیكردن له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خوازیان زمان و ئه‌ده‌ب و كه‌لتورو مێژوی كوردی بخوێنن و له‌ زانكۆكانی كوردستان ده‌رفه‌تی فێربونیان بۆ بڕخسێنن.

لە کۆتایى وتەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئەگەر بمانەوێ شتێکى گرنگ بونیاد بنێین دەبێ بیرکردنەوەى نائاسایمان هەبێ.

لە بەرامبەر پێشنیازو بۆچونەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆنسڵى گشتى تورکیا لە هەرێمى کوردستان دواى ئەوەى پێشوازى لە پێشنیازو بۆچونەکانى د.یوسف گۆران کرد، پشتیوانى خۆشى بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکان دوپات کردەوە، لەو چوارچێوەیەشدا بانگهێشتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ تورکیا کرد. بۆ چارەسەرکردنى کێشەى ڤیزاى خوێندکارانیش کونسڵى تورکیا ڕاگەیاند: لەمانگى شوباتەوە کە گۆڕانکاریمان لە سیستمى پێدانى ڤیزا کردوە، لەوکاتەوە تا ئێستا (١٤) هەزار ڤیزامان بەهاوڵاتیان داوە، هەروەک (١١) هەزار هاوڵاتى دیکەش چاوەڕێى وەرگرتنى ڤیزا دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خوێندکارانمان بەدەر کردوە لە سیستمى پێدانى ڤیزە بەئاسانترین ڕێگە ڤیزایان پێ دەدەین.