د. یوسف گۆران: مرۆڤ ئیرادەى هەبێ دەتوانێ هەموو کارێک بکات و بەربەستەکان تێپەڕێنێ

IMG_0018.jpg

 وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: ئەوەى بەکەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت دەکرێت دەبێ بکرێتە نمونە نەک هەر بۆ کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت، بەڵکو دەبی ببنە نمونە بۆ کەسانى ئاسایى، چونکە لە زۆر قۆناغدا کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت بونەتە پێشەنگى کۆمەڵگەکانیان لە بوارە جیاکان.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى لە میانەى پیشوازیکردنى لە (جێگر نازم حوسێن) هات کە خاوەن پێداویستى تایبەتەو خوێندنى باڵا/ماستەرى لە چوارچێوەى بەرنامەى تواناسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەریتانیا بەسەرکەوتوى و لەماوەى یەک ساڵدا بەبێ بەشداریکردنى لە خولى زمانى ئینگلیزى تەواو کرد.

لە میانەى دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (١١/٥/٢٠١٦)  بەئامادەبونى د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو، د.یوسف گۆران دواى بەخێرهێنانى، دەستخۆشى لە (جێگر نازم) کرد و وتى: سەرکەوتنت لە خوێندنى ماستەرو ئەو توانا بەرزەى لە زمانى ئینگلیزى هەتە نەک هەر نمونەیە بۆ سەرکەوتوى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت، بەڵکو نمونەى بۆ ئێمەش تا زیاتر هەوڵ بدەین بۆ زاڵبون بەسەر کێشەکان، وتیشى ئێمە خۆشحاڵین کە لە سیستمى حکومڕانى هەرێمى کوردستاندا نمونەى سەرکەوتوى وەک بەڕێزتان بەدى دەکەین، ئەوەشى ڕاگەیاند: کە (جێگر نازم) ئەوەى بۆ سەلماندین ئەگەر مرۆڤ ئیرادەى هەبێ دەتوانێ هەموو کارێک بکات و بەربەستەکان تێپەڕێنێ. لە بەرامبەر ئەو سەرکەوتنەى بەدەستیشیهێناوە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ڕێز لە هەوڵ و ماندوبونەکانت دەگرێن بەتایبەت کە لە ماوەیەکى دیاریکراودا توانیت بەسود وەرگرتن لەبەرنامەى تواناسازى خوێندنى ماستەر بەسەرکەوتوى تەواو بکەیت.

لە بەرامبەردا (جێگر نازم حوسێن) دواى ئەوەى سوپاسى ئەو پێشوازییە گەرمەى کرد وتى: سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و ستافەکەت و سەرجەم کارمەندانى وەزارەت دەکەم و، وتیشى هاندانى ئێوەى بەڕێز بوو توانیم بەسەرکەوتوى خوێندن تەواو بکەم، وتیشى ئەم ڕێزگرتن و پێشوازیکردنە ئاماژەیەکە بۆ دانانى بەهایە بۆ بەهەرمەندان، هیواشى خواست لە ڕێگەى ئەم کارانە هەوڵ بدرێت تێڕوانینى کۆمەڵگە بەرامبەر بەکەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت بگۆڕدرێ، چونکە تا ئێستا تێگەیشتنێکى نەرێنى بەرامبەر بەئێمە هەیە، وتیشى هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەى ئەو تێڕوانینەى کۆمەڵگە بگۆڕم، بەڵام لەو کارەدا پێویستیم بەپشتگیرى ئێوە دەبێت.

جێگر نازم وتیشى خۆشبەختانە دواى تەواوکردنى خوێندنى ماستەرەکەم، لە ئێستادا ژمارەیەک لە زانکۆ پێشەنگەکانى جیهانى ئۆفەرى خوێندنى دکتۆرایان پێداوم لەوانەش زانکۆى (کۆلۆمبیا و کۆرنەر) لە نیۆرک و زانکۆى (ئێڵ ئیس ئى) لە بەریتانیا.

لە کۆتایى دیدارەکەشدا د.یوسف گۆڕان خەڵاتى ڕێزلێنانى بەخشیە (جێگر نازم) و لەهەمان کاتدا هەموو جۆرە پاڵپشتى و پشتیوانیەکى خۆى بۆ دوپات کردەوە.

واش بڕیارە لە سەرەتایى مانگى حوزەیرانى ئەمساڵدا (جێگر نازم) بەئامادەبونى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ڕاگرى کۆلێژەکانى یاسا و شارەزاییانى یاسا سمینارێک لە چوارچێوەى یاساى بەراوردکارى ساز بدات.