ئاگاداریەک بۆ ئەو خوێندکارانەى بەنیازن لە دەرەوەى وڵات بخوێنن

logy wezarett

ژمارەیەک کەس و کۆمپانیا بەناوى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، پارە لە خەڵکى وەردەگرن لەبەرامبەر هێنانى قبوڵى زانکۆیى لە زانکۆکانى دەرەوە، سەرجەم خوێندکاران ئاگاداردەکەینەوە ئەو کەس و کۆمپانیانە پەیوەندییەکیان بە وەزارەتەکەمانەوە نیە.

لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند ماوەیەکە ژمارەیەک کەس و کۆمپانیا بەڕێگەى جیا لە نێو فێرخوازان و ناوەندەکانى خوێندن سەرنجى فێرخوازان بۆ خۆیان ڕادەکێشن و، پارە لە خەڵکى وەردەگرن لەبەرامبەر هێنانى قبوڵى زانکۆیى لە زانکۆکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان و، واشى لە خەڵکى دەگەێنن کە نوێنەرایەتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکەن.

بۆیە وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، فێرخوازان ئاگادار دەکەینەوە بەقسەى ئەو کەس و لایەن و کۆمپانیانە فریو نەخۆن، چونکە دور و نزیک هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان بە وەزارەتەکەمانەوە نیە و بەهیچ جۆرێکیش بەرپرسیار نین بەرامبەر بەقسە و بەڵێنەکانیان.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راشیگەیاند: وەزارەتەکەمان ڕێوشوێنى ڕەوانەکردنى خوێندکاران بۆ دەرەوەى وڵات بەپێیى ڕێنماییەکان ڕێکخستوە و، هەر خوازیارێکیش ئەخوازێت لە زانکۆکانى دەرەوەى وڵات لەسەر خەرجى تایبەتى خۆیان درێژە بەخوێندن بدات دەتوانێت سەردانى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان بکات، یان سەردانى وێبسایتى وەزارەت بکات بۆ زانینى لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان لەهەرێمى کوردستان و، چۆنیەتى کردنەوەى دۆسیەى تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتى نێردراوان.