وەزیری خوێندنی باڵا سوپاسی خوێندكار و قوتابیە خۆبەخشەکانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین دەکات

2.jpg

 لە بەرامبەر ئەو کارە خۆبەخشانەیان و، پێشوازیکردنیان لە خوێندکار و قوتابیانی تازە وەرگیراو لە زانکۆکەیان، د.یوسف گۆران وەزیری خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سوپاسی ئەو کۆمەڵە خوێندکار و قوتابیە دەکات کە بەشیوازێکی شارستانیانە پێشوازی لە خوێندکار و قوتابیانی تازە وەرگیراو دەکات.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە نوسراوێکدا بەژمارە (٢٧٢٨٥)، کە لە ڕێکەوتی (١٤/١٢/٢٠١٥) ئاڕاستەی خوێندکار و قوتابیە خۆبەخشەکانی زانکۆی سەڵاحەددینی کردوە تێیدا هاتووە: سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی ئەم خوێندکار و قوتابیانە دەکەین، کە خۆبەخشانەی پێشوازی لە خوێندکار و قوتابیانی تازە وەرگیراو لە زانکۆکان دەکەن، چونکە زۆر بە لەخۆبوردوییەوە هاوکاری ئەو خوێندکار و قوتابیانە دەکەن، کە بۆ تەواوکردنی مامەڵەی وەرگرتنیان سەردانی زانکۆکان دەکەن. لە کۆتایی نوسراوەکەشدا د.یوسف گۆران هیوای خواستوە نمونەی ئەو جۆرە خوێندکار و قوتابیانە زۆر بێت بۆ سەرخستنی پڕۆسەی زانست لە هەرێمی کوردستاندا.

ئەو سوپاس و پێزانینەی وەزیری خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی لە کاتێکدایە، کە ساڵانە لەگەڵ ڕوکردنی خوێندکار و قوتابیانی تازە وەرگیراو بۆ زانکۆ و کۆلێژو بەشەکانیان، له‌ زۆرێك له‌ زانكۆكانی كوردستان بە ناو و ‌ناتۆرەو نەریتێکی نەشیاو پێشوازی لە خوێندکار و قوتابیانی تازە وەرگیراو دەکرێت‌ كاتێك به‌ڕێ ده‌كه‌ون بۆ ته‌واوكردنی مامه‌ڵه‌ی وه‌رگرتنیان له‌ زانكۆكه‌.

بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردو بۆ پێشوازیکردنی لە خوێندکار و قوتابیانی تازە وەرگیراو بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٥-٢٠١٦)، ژماره‌یه‌ك لە خوێندكار و قوتابیانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین له‌شاری هه‌ولێر خۆبه‌خشانه‌ گروپێکی پێشوازییان دروست کردەوە و، لە ئیستا ڕۆژانە بەشێوازێکی شارستانیانە پێشوازی لەو خوێندکار و قوتابیانە دەکەن كه‌ له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ناویان له‌ زانكۆكه‌یان هاتۆ‌ته‌وه‌.