د.یوسف گۆران: ئەنجامەکانى ڕێزبەندى زانکۆکان دەکەینە پێوەرى مامەڵەکردنى وەزارەت لەگەڵ سەرجەم زانکۆکان

KOBWNEWE.jpg

 وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: کارەکانى داخڵکردنى زانیاریى و داتاکان لە قۆناغى کۆتایدایەو, لە ئایندەیەکى نزیکدا بۆ یەکەمین جار ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان ڕادەگەێنین، دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکانیش ڕێزبەندى زانکۆکان دەکەینە پێوەرى مامەڵەکردنى وەزارەتەکەمان لەگەڵ سەرجەم زانکۆکان.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران لە میانەى کۆبوەنەوەیەکیدا هات لەگەڵ سەرۆکى سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کودرستان, کە ئەمڕۆ دووشەممە, ڕێکەوتى (٢/١١/٢٠١٥) لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچوو.

کە لەو کۆبونەوەیەدا کە سەرۆکى سەرجەم زانکۆکان تایبەتەکان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەت و, د.ئیبراهیم سمۆ سەرۆکى لێژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى لە پارڵەمانى کوردستان و, د.ڕێواس فایەق بڕیاردەى لێژنەکە ئامادەیبون, چەندین تەوەرى جیا خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

لە سەرەتایى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتەیەکى پێشکەش کرد و وتى: لەماوەى ڕابردودا درکمان بە بۆشاییەک کردبوو لە نێوان وەزارەتەکەمان و زانکۆ تایبەتەکان، بۆیە ئەخوازین لێرە بەدواوە ئەو بۆشاییە پڕ بکەینەوەو پردێکى بەهێزى پەیوەندى دروست بکەین بۆ خزمەتکردن بە بوارى خوێندنى باڵا لە کوردستان.

د.یوسف گۆران ڕاشگەیاند: بەستنى ئەم جۆرە کۆبونەوانە گرنگن بۆ ئەوەى میکانزمى نوێ دابنین بۆ سەرجەم ئەو کیشەو گرفتانەى ڕوبەڕوى ئێمە لە وەزارەت و زانکۆ تایبەتەکان و لێژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە پاڕلەمانى کوردستان دەبنەوە.

هەر لە قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە ئاماژەى بە ڕۆڵ و پێگەى زانکۆ تایبەتەکان داو وتى: ڕۆڵ و پێگەتان بەتەواوەتى بەرز دەنرخێنم، چونکە وەک وەزارەت ئێمە لە ڕابردودا ڕۆڵمان هەبوە لە داڕشتنى ئەو قانونەى کە ئیستا کارى پێ دەکەن، ئەوەش ئاماژەیەکى گرنگ بوە بۆ ئەوەى کە ئێمە پاڵپشت بوین بۆ دامەزراندنى زانکۆى تایبەت لە کوردستان، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە وەک وەزارەت وا لە زانکۆ تایبەتەکان ناڕوانن کە تەنها سەرۆقاڵى بارزگانى بن، بەڵکو وا لییان دەڕوانین کە تەواوکارى کارەکانى حکومەت و وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستین، لەو چوارچێوەیەشدا توانیوتانە ڕۆڵى باش بگێڕن چ لە خۆگرتنى ئەو ژمارە زۆرى خوێندکاران، چ لە بوارى توێژینەوەى زانستی و کۆڕ و کۆبونەوەو سمیناردا.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا د.یوسف گۆران باسى لە کارنامەى کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد بۆ بوارى خوێندنى باڵا و لەوبارەیەوە وتى: ئێمە بایەخى زۆر بە تویژینەوە دەدەین، چ لە سەرئاستى وەزارەت، چ لەسەر ئاستى زانکۆکان و، دەمانەوێت بایەخدان بەتوێژینەوە بکەین بەکەلتورێکى بەهێز، لەو چوارچێوەیەشدا داواى لە زانکۆ تایبەتەکان کرد بایەخى زیاتر بەتوێژینەوەو سێنتەرەکانى توێژینەوە بدەن و بودجەى زیاترو تایبەتى لە بودجەى گشتى بۆ تەرخان بکەن، وتیشى پێویستە ئەنجامى توێژینەوەکان ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەى لێ ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەو مەبەشتەش داوالێکردن چالاکى زیاتر ئەنجام بدەن، هەروەک ئامادەیى وەزارەتەکەشى پیشاندا بۆ هەر جۆرە کارئاسانى و هاریکاریەک بۆ سەرخستنى کارەکانیان و لادانى بەربەستەکان.

سەبارەت بەڕیزبەندى زانکۆکانیش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: کارەکان زۆر بەباشى بەڕێوەدەچن و، سودمان لە پێوەرە ئەکدیمیە جیهانیەکان وەرگرتوە، لە ئێستادا کارەکانى داخڵکردنى زانیاریى و داتاکان لە قۆناغى کۆتایدایەو, لە ئایندەیەکى نزیکدا بۆ یەکەمین جار ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان ڕادەگەێنین، دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکانیش ڕێزبەندى زانکۆکان دەکەینە پێوەرى مامەڵەکردنى وەزارەتەکەمان لەگەڵ سەرجەم زانکۆکان، هیواشى خواست زانکۆ تایبەتەکان سود لەو ڕێگەیان وەربگرن کە دەبێتە هۆى بەرزکردنەوەى ڕیزبەندییەکانیان و بایەخى زیاتر بەکواڵیتى و بوارەکانى دیکەى خوێندنى باڵا بدەن تا ئاستى خوێندنى باڵا لە کوردستان پێش بکەوێت و ڕانکینکى زانکۆکانى کوردستانیش لە نێو ڕانکینگى زانکۆ جیهانیەکاندا بەرز بێتەوە.

سەبارەت بەکێشەى ئەو خوێندکارانەى کە لە ساڵى خوێندنى (٢٠١٤-٢٠١٥) کەوتون، د.یوسف گۆران ڕاگەیاند بەڕەچاوکردنى بارى دارایى و دۆخى ئەمنى هەرێمى کوردستان، لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت کە هەفتەى ڕابردوو بەڕێوەچوو, ڕێنمایى زانکۆکانمان کرد هاریکارى ئەو خوێندکارانە بکەن، بەهەمان شێوە داواى لە زانکۆ تایبەتەکانیش کرد هەمان ڕێنمایى و بەپێى ئەو دەسەڵاتەى پێیان دراوە بەسەر ئەو خوێندکارانە جێبەجێ بکەن کە لە ساڵى خوێندنى (٢٠١٤-٢٠١٥) کەوتون.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا کە د.کەریم عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى سەرپەرشتى دەکرد، گفتوگۆ لەبارەى ئەو کێشەو گرفتانە کرا، کە لە ئێستادا ڕوبەروى خوێندکاران و مامۆستایان و زانکۆ تایبەتەکان بۆتەوە.