د.یوسف گۆران: بونیادنانەوەى وڵات بەبێ کادیرى تەکنیکى و پیشەیى کارێکى ئەستەمە

Dastey xwindni tekniki eraqi

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە ئێستادا بازارى کارى کوردستان لە هەموکات زیاتر پێویستى بەکادیرى تەکنیکى و پیشەیى هەیە، بۆیە بونیاندنانەوەو پەرەپێدانى وڵات بەبێ هەبونى توێژێکى کارا لە کادیرانى تەکنیکى کارێکى ئەستەم دەبێ.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى دیدارێکى لەگەڵ د.ماجد حەمید مجید سەرۆکى دەستەى تەکنیکى ئێراقى هات، کە ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (٢٣/١/٢٠١٧) سەردانى دیوانى وەزارەتى کرد.

لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى د.کاوە شێروانى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى و، د.رافع ڕشدى یاریدەدەرى سەرۆکى دەستەى تەکنیکى ئێراق بۆ کاروبارى کارگێڕىو، د.فیراس خەیرى یاریدەدەرى سەرۆکى دەستەى تەکنیکى ئێراقى بۆ کاروبارى زانستى بەڕێوەچو گفتوگۆ لەبارەى ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان هەردولا و چۆنێیەتى پەرەپێدانى کرا.

لەسەرەتاى دیدارەکەدا، د.یوسف گۆران دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، خۆشحاڵى بەو سەردانە دەربڕى و، هیواى خواست سەرەتایەکى باش بێ بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییەکانى دەستەى تەکنیکى ئێراقى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان لەهەرێمى کودستان، وتیشى ئاراستە و ستراتیژى کارکردنمان لە هەرێمى کوردستان بایەخدانە بە پەرەپێدان بەخوێندنى تەکنیکى و پیشەیى و، لە ئێستادا سێ زانکۆى پۆلیتەکنیکمان هەیە.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕونیشیکردەوە کە پێداویستیەکانى کوردستان و ئێراق بەهۆى ئەوەى خاوەن یەک ژینگەیە بۆیە پێداویستیەکانیشیان هاوشێوەى یەکترن، لەهەمان کاتدا خاوەنى یەک سیستمى خوێندنیشین، بۆیە باشکردنى پەیوەندییەکانمان و سود وەرگرتن لە ئەزمون و شارەزایى یەکتر سودى بۆ سەرانسەرى ئێراق و کوردستان دەبێ، لەو چوارچێوەیەشدا ئامادەیى وەزارەتەکەى پیشاندا بۆ هەمو جۆرە هاوکارى و هەماهەنگیەک بۆ پتەوکردنى پەیوەندییەکان.

د.یوسف گۆران وتیشى: ئێمە دەمانەوێ زیاتر دەستى کار بۆ بازارى کارى کوردستان ئامادەبکەین، چونکە بازارى ئێستاى کوردستان لەهەموکات زیاتر پێویستى بە توانا مرۆییە ناوخۆییەکان و کادیرى تەکنیکیە، هەربۆیە بونیاندنانەوەو پەرەپێدانى وڵات بەبێ هەبونى توێژێکى کارا لە کادیرانى تەکنیکى کارێکى ئەستەم دەبێ و پرۆسەى ئاوەدانى سەرکەوتو نابێ و پارەیەکى زۆرمان بەهەدەر دەڕوات.

لەبەرمبەردا، د.ماجد حەمید مجید سەرۆکى دەستەى تەکنیکى ئێراقى دواى ئەوەى سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستانى کرد، ئینجا کورتەیەکى لەبارەى خوێندنى تەکنیکى و پێکهاتەى دەستەى تەکنیکى ئێراقى و ستراتیژى کارکردنیان بۆ د.یوسف گۆران خستەڕو، وتیشى هاتوین تا لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان و، زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان ئەو پەیوەندییە لە مێژینەى هەمان زیندوى بکەینەوەو زیاتر پەرەى پێ بدەین، لەهەمان کاتدا دەمانەوێ پڕۆژەو کارى هاوبەش و پێکەوەیمان هەبێ.