خوێندکاران وقوتابیانی فەرەنسا

newsitem-1460-28.11.2012-ku.jpg

ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە دەربارەی یاداشتی خوێندکاران وقوتابیانی فەرەنسا، ڕۆژی ٢٧/١١/٢٠١٢ لە ماڵپەڕی سەرەکی خەندان بابەتێک بڵاوکراوەتەوە لەژێر ناونیشانی (خوێندکارانی تواناسازی لە فەرەنسا دوایین یاداشت ئاراستەی بەرپرسانی هەرێم دەکەن)، لەبەر بوونی کۆمەڵێک زانیاری ناڕاست لە ناوەرۆکی بابەتەکەدا وەزارەتمان بە پیویستی زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بڵاو بکاتەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی لە ساڵی (٢٠٠٩)وە گرێبەستی لەگەڵ ڕێکخراوی کنووزی فەرەنسی هەبووە، لە سەرەتادا ئەم گرێبەستە تایبەت بووە بە ناردنی ژمارەیەک لە دەرچوانی زانکۆکانی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن لە زانکۆکانی فەرەنسا درێژە بە خوێندن بدەن، دواتر ئەم گرێبەستە فروان کرا بۆ ئەوەی کاندیدەکانی بەرنامەی تواناسازیش بگرێتەوە، مەبەستی سەرەکی لەم گرێبەستە بریتییە لە دابینکردنی هاوکاری و رێنمایی بۆ بۆکاندیدەکانی کوردستان لە ڕووی کارئاسانی سەفەر و وەرگرتنی ڤیزا و پیشوازی لە کاندیدەکان و دابینکردنی بەشی ناوخۆیی و بەدەستهێنانی ئۆفەری کۆرسی زمان و کارئاسانی بەدەستهێنانی کۆرسی ئەکادیمی و ڕێکخستنی خەرجی بژێوی ژیانی مانگانەی کاندیدەکان. ڕێکخراوی کنووز ڕێکخراوێکی حکومیی قازانج نەویستە لە ماوەی کارەکانی دا هەزاران قوتابی و خوێندکاری وڵاتانی جیا جیای جیهانی سەپەرشتی کردووە بۆ ئەوەی بتوانن لە زانکۆکانی فەرەنسا درێژە بە خوێندن بدەن. لە ساڵی (٢٠٠٩)وە تا مانگی ئابی (٢٠١٢)ڕێکخراوی ناوبراو تاڕادەیەکی زۆر ئەرکەکانی خۆی بەجێ گەیاندووە و خۆشبەختانە ژمارەیەک لە کاندیدەکانی ساڵی (٢٠٠٩) بە بێ کێشە خوێندنەکانیان تەواو کردووە و بە سەرکەوتوویی گەڕاونەتەوە کوردستان. بەڵام لە مانگی ئەیلۆلی (٢٠١٢)وە ئەرکی سەرپەرشتی کردنی قوتابیان و خوێندکارانی نێودەوڵەتی لە فەرەنسا بە بڕیاری حکومەتی فەرەنسی لە ڕێکخراوی کنوز وەرگیرایەوە و ڕادەستی ڕێکخراوێکی دیکەی حکومی بە ناوی (کامپوس فرانس) کرا. ئەم بڕیارەش پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە حکومەتی فەرەنساوە هەیە.

ئەم دەستاودەستکردنی ئەرکانە لەنێوان هەر دوو ڕێکخراوی ناوبراودا بووە هۆی دواکەوتنی پرۆسێسکردنی مامەڵە و خەرجکردنی موستەحەقاتی دارایی کاندیدەکانی کوردستان، بە تایبەت لەسەروبەندی ئەم پرۆسەیەدا ئەکی سەرپەرشتی کردنی نزیکەی دوو ملیۆن قوتابی و خوێندکاری نیودەوڵەتی خرایە ئەستۆی ڕێکخراوی کامپوس فرانس، بۆیە ئەوانیش کاتی زیاتریان پێویست بوو تا کارەکانیان ڕێکبخەن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی تەواوی خەرجی موستەحەقاتی کاندیدەکانی کوردستانی ڕەوانەی حسابی کامپوسفرانس کردووە بەم شێوەیەی خوارەوە:


1. ناردی موستەحەقاتی دارایی کاندیدەکانی ساڵی ٢٠٠٩ بە بڕی (٣٧٦٦٤٠) دۆلاری ئەمەریکی بە پسوڵەی بانکیی ژمارە (١٢/١١٢٧١S) لە ڕۆژی (١٩/١١/٢٠١٢).
2. ناردی موستەحەقاتی دارایی کاندیدەکانی ساڵی ٢٠١١ بە بڕی (٥٦٢٦٤٨) دۆلاری ئەمەریکی بە پسوڵەی بانکیی ژمارە (١٢/١١٣١٤S) لە ڕۆژی (٢٧/١١/٢٠١٢).

شایانی ئاماژە پێکردنە وێنەی هەردوو پسولەی بانکی لەگەڵ ئەم ڕوونکردنەوەیەدا هاوپێچە. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بە بەردەوامی هەوڵی داوە کە خەرجی کاندیدەکانی بەرنامەی تواناسازی دوانەکەوێت هەر بۆ زانیاری خوێنەرانی ئازیزیش لە ماوەی کە متر لە (٦) مانگی ڕابردوودا وەزارەتەکەمان بە سەرکەوتووی توانیویەتی بڕی (٥٥١٩٩٨٦١) دۆلار بۆ کاندیدەکانی بەرنامەی تواناسازی سەرف بکات. خشتەی سەرفکردنی ئەم بڕەپارەیەش بەم شێوازەی لای خوارەوەیە:

بە داخەوە ئەو کاندیدە ئازیزانە لە نوسراوەکەیاندا کۆمەڵێک وشەو دەستەواژەی ناشیاو و ناڕەواو تانە و تەشەرئامێزیان بەرامبەر کارمەندانی وەزارەت بەکار هێناوە کە دوورە لە پرانسیپە ئەکادیمی و شارستانییەکان، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا ئەو کاندیدە بەڕێزانە ئاوێنەی ڕووی گەشی بەرنامەی تواناسازی و دەستپیشخەرییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن. ناکرێت ئەوان ببنە مایەی لەکەدارکردنی وەزارەت و ئەو بەرنامە بە نرخەی کە لە خزمەتی پێگەیاندنی کادری ئایندەی کوردستاندایە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ یەکە بە یەکەی کاندیدەکانی بەرنامەی تواناسازی لە فەرەنسا، تەواوی پرسیار و ڕاو سەرنج و تێبینییەکانیان وەڵام دراوەتەوە، هەر کاتێکیش هاتبێتنە وەزارەت بە چاوی ڕێز و ستایشەوە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لەنزیکەوە سەرپەرشتیان دەکات و وەک نوینەری وەزارەتی خوێندنی باڵا بەدواداچوون بۆ کارەکانیان ئەنجام دەدات.

هاوکات ڕێکخراوی کامپوس فرانس بە هاوکاری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ڕاپۆرتی تایبەتیان دەبارەی بەرەوپێشچونی ئاستی زانستی یەکە بە یەکەی کاندیدەکان ڕەوانەی وەزارەت کردووە، وەزارەتیش بێ دواکەوتن بڕیاری پێویستی دەربارەی هەر یەک لە کاندیدەکان داوە.

هەڵبەتە بەشێک لە کاندیدەکان نەیانتوانیوە وەک پێویست لەڕووی گەشەکردنی ئاستی توانستی زمانی فەرەنسییەوە بگەنە ئاستی پێویست بۆوەرگرتنی ئۆفەر و دەستپیکردنی خوێندنی ئەکادیمی، لەم بارەیەوە وەزارەتمان بەدەر لە ڕێنماییەکان بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی خوێندنی زمای فەرەنسی بۆ ماوەی (٦) مانگ بۆ ئەو کاندیدە ئازیزانە داوە، بەردەوامیش دەبین لە هاوکاریکردن و چاودێریکردنی ئاستی زانستیی و ئەکادیمییان.
پرسی ڤیزای خێزانی کاندیدەکانی فەرەنسا چەندین جار بە ئامادەبوونی کانیدەکان خۆیان و بەڕێز نوێنەری حکومەتی هەرێم لەفەرەنسا لەگەڵ کونسوڵگەری فەرەنسا لە شاری هەولیر باس کراوە و بە جددی کاری بۆ کراوە، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کە مەسەلەی ڤیزا پەیوەندی بە یاسا و ڕێنماییەکانی حکومەتی فەرەنسییەوە هەیە و لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتمان دا نییە، هێندەی پەیوەندی بە وەزارەتمانەوە هەبێت کارئاسانی تەواو بۆ وەرگرتنی ڤیزا ئەنجام دراوە.

لە کۆتاییدا دەڵێین کاندیدانی ئازیز و خۆشەویستی بەرنامەی تواناسازی لە فەرەنسا:

ئێوە نمایندەی نەتەوەیەکن، دەبێت هەوڵ بدەن ڕووی گەشی کوردسانی نیشان بدەن، خۆتان بەدوور بگرن لەبەکارهێنانی و وشەی ناشیا و تانەو تەشەر وهەڵوێستی ناشارستانی ، ئێمە ئومیدی گەورەمان پێتانە دەبێت لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییە نیشتیمانییە بن کە لە ئەستۆتانە، دەرگای وەزارەتی خوێندنی باڵا هەمیشە بۆتان ئاوەڵایە، بۆ یە هەوڵ مەدەن ئەو متمانەیەی کە پێدان دراوە لەدەستی بدەن.