خولى دووەمى بەرنامەى تواناسازى ڕادەگەیەنرێت

هاوڵاتیانى ئازیزى هەرێمى کوردستان ئاگادار دەکەین کە ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى 23/1/ 2011 خولى دووەمى بەرنامەى تواناسازى بۆ ساڵى 2011 دەستپێدەکات، لەم خولەدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سیستەمێکى ئەلکترۆنى پێشکەوتووى ئامادە کردووە بەجۆرێک پرۆسەى پێشکەشکردنى داواکارى بە شێوازى ئەلکترۆنى ئەنجام دەدرێت، خوازیاران دەتوانن لەڕێگاى ماڵپەرى سەرەکى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستیەوە (www.mhe-krg-hcdp.org)  فۆرمى پێشکەشکردنى داواکارى پڕ بکەنەوە و دۆکیومێنتە پێویستەکان بە ڕێگاى ئەلکترۆنى هاوپێچ بکەن.

بۆ زانیارى زیاتر دەربارەى ووردەکارییەکانى خولى دووەمى بەرنامەى تواناسازى داواکارین خوازیاران بە بەردەوامى سەردانى ماڵپەڕى سەرەکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى (www.mhe-krg.org)  بکەن، هاوکات ڕایدەگەیەنین کە دوا مۆڵەت بۆ پێشکەش کردنى داواکارى (20/02/2011) یە.

شایەنى باسە بەرنامەى تواناسازى یەکێکە لە دەستپێشخەرییە گرنگەکانى کابینەى شەشەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان. بە پێى ئەم بەرنامەیە ساڵانە سەد ملیۆن دۆلار لە بودجەى هەرێمى کوردستان تەرخان دەکرێت بۆ ناردنە دەرەوەى گەنجانى بەهرەمەندى کوردستان بۆ تەواوکردنى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ پێشکەوتووەکانى دنیا لە بوارى پسپۆڕى جیا جیادا. بەرنامەى تواناسازى هەنگاوێکى گرنگە بۆ گەشەپێدانى توانامرۆییەکانى کوردستان و ئامادەکردنى کادیرى زانستى لێهاتوو بۆ ئەوەى لە ئایندەدا ببنە پێشڕەوى ئەکادیمى و لە بەڕێوەبردنى دام و دەزگاکانى خوێندنى باڵا و سێکتەرەکانى ترى حکومەت و کەرتى تایبەت دا بەشدارى کاریگەر بکەن. لە مانگى ئابى 2010 دا خولى یەکەمى ئەم بەرنامەیە ڕاگەیەنرا، پرۆسەى پێشکەشکردنى داواکارى و پاڵاوتنى کاندیدەکان بە میکانیزمێکى زانستى و شەفاف بەڕێوەچوو، بە جۆرێک هەلى یەکسان بۆ هەموو گەنجانى کوردستان ڕەخسێنرا و تاکە پێوەرى کاندیدکردنیش بریتى بوو لە تواناو بەهرەى پاڵێوراوان لە ڕێگاى بەکارهێنانى سیستەمى خاڵڕیزى (پۆینت بەیس) و لە چوارچێوەى ئەو مەرج و ڕێنماییانەى کە لە ڕێکخستنى بەرنامەى تواناسازى دا ئاماژەیان پێکراوە. پرۆسەى پاڵاوتنى کاندیدەکانى خولى یەکەم زۆر بەسەرکەوتوویى بەئەنجام گەیەنرا و لە ئێستادا یەکەمین پۆلى پاڵێوراوانى بەرنامەى تواناسازى بۆ دەستپێکردنى خوێندن بەڕێدەکرێن.