وەزارەتى خوێندنى باڵا و رێکخراوێکى ئەمریکى، بەرنامەى خوێندن لە زانكۆكانی جیهان تاوتوێ دەکەن


رۆژى شەمە 3/4/2010 د. بیریوان خیلانى، ڕاوێژکارى وەزیر بۆ کاروبارى زانستى و د. گۆڤەند شێروانى, ب. گ. ناردن و د. شارۆن لینزى پێشوازیان لە شاندێکى ڕێکخراوى ئەمریکى بە ناوى ئەکادیمیاى پەرەپێدانى پەروەردەیی (AED) کرد. شاندەکە پێکهاتبوو لە هەر یەک لە  ساندرا ماکدۆناڵد جێگرى سەرۆک و بەڕێوەبەرى سەنتەرى هاوبەشیە ئەکادیمییەکان و ستیفن کەزار لە ڕێکخراوى ناوبراو.
 لە دانیشتنێکدا باسی بەهێزکردنى پەیوەندی و هاوئاهەنگى زیاتر كرا، لەنێوان ڕێکخراوەکەیان و ئەو کارانەى لە ئایندەدا دەتوانن بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجامى بدەن.
لەبەشێکى ترى دانیشتنەکەدا ڕووناکى خرایە سەر ڕێکخستن و ئامادەکردنى وۆرکشۆپ بۆ رێنوێنیکارى قوتابیان (Students Advisors) بەمەبەستى ئەنجامدانى راهێنان دەربارەى  هەڵبژاردنى زانکۆى گونجاو، چۆنیەتى گەڕان و دۆزینەوەى زانیارى لەسەر زانکۆ جیهانییەکان، چۆنیەتى پێشکەشکردن بۆ ڤیزا و هەروەها شارەزابوون لە سیستەمى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان، هه‌روه‌ك ئاماژە کرا بە ڕێکخستنى پرۆگرامى گۆڕینەوەى قوتابیانى زانکۆ لەسەر ئاستى بەکالۆریۆس و پێشکەشکردنى کۆرسى زمانى ئینگلیزى.
پاشان هەریەک لە د. بیریوان خیلانى و د. گۆڤەند شێروانى باسیان لە جۆر و شێوازى ناردنى قوتابیان کرد لە وەزارەت و ئەو پرۆژە نوێیەى، کە بڕیارە لە داهاتوویەکى نزیکدا بەناوى پڕۆژەى سەد ملیۆن دۆلار ڕابگەیەنرێت و بۆ شاندى میوانیان ڕوونکردەوە لەوانە Full Scholarship واتە قوتابى خوێندکار تەواوى خوێندنەکەى بۆ بەدەستهێنانى ئەو بڕوانامەیەى دەیەوێت لە دەرەوەى وڵات دەخوێنێت،Half Scholarship   واتە قوتابى خوێندکار ساڵێک لە خوێندنەکەى بە شێوەى توێژینەوە لە زانکۆیەکى جیهانى تەواو دەکات، Capacity Building  لەڕێگەى ئەو پرۆگرامەوە مامۆستایانى زانکۆ ماوەى 6 تا 12 مانگ لە زانکۆیەکى جیهانى کار دەکەن، هەروەها ناردنى مامۆستایان بۆ ماوەى 3 هەفتە تا مانگێک بۆ زانکۆیەکى جیهانى لە دەرەوەى وڵات.
دوا بەدواى گفتوگۆکردنى پڕۆژەى ناردنى قوتابییە خوێندکارەکان و مامۆستایانی زانکۆكانی هەرێم، لەلایەن خۆیانەوە رێکخراوى (AED) ئامادەیی خۆیان پێشاندا بۆ یارمەتیدانى وەزارەت بۆ دەستنیشانکردن و هەڵبژاردنى زانکۆى نمونەیى و رێنوێنیکردن و جێگیرکردنى قوتابیان لە زانکۆکانى ئەمریکا و بەریتانیا و هەر وڵاتێک کە وەزارەت خواستى لەسەر بێت