وەزیرى خوێندنى باڵا پێشوازى لە وەزیرى پەروەردە دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 3/2/2010 پڕۆفیسۆر د.دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەددین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە دیوانى وەزارەت پێشوازی لە سەفین دزەیى وەزیرى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و شاندێکى هاوڕێى کرد، کە لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرەگشتییەکان پێک هاتبوون، لەکۆبوونەوەیەکدا چەندان تەوەرى گرنگ لەبارەى "پلانى سیستمى پەروەردە و خوێندنى باڵا و بەرزکردنەوەى ئاستى دڵنیایى جۆرى بە ڕەچاوکردنى ستانداردى جیهانى و هەرێم" تاوتوێ کران.

لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و وەزیرى پەروەردە ڕەوشى ئەمڕۆى پەروەردە و خوێندنى باڵایان ڕاڤە کرد و جەختیان لە بەرزکردنەوەى ئاستى دڵنیایى جۆرى سیستمى کارگێڕى هەردوو وەزارەت کردەوە.

لەتەوەرێکى تردا بیروڕا لەبارەى دانانى میکانیزمێکى زانستی بۆ وەرگرتنى دەرچووانى قوتابخانە ئەهلییەکان لە زانکۆ و دەستەکانى هەرێم ئاڵوگۆڕ کرا بە سوود وەرگرتن لە ستانداردى جیهانى و ڕەچاوکردنى هەرێمى کوردستان، هەروەها ئاماژەیان بە هاوئاهەنگى و هاوکارى هەردوولا لەبوارى ئامادەکردنى مامۆستاکانى کۆلێژەکانى پەروەردە و پەروەردەى بنیاتەوە کرد بە سوود وەرگرتن لە شارەزا و پسپۆڕانى بەئەزموون لە زانکۆ و دەستەکان لەبوارى ڕاهێناندا، بەئامانجى خزمەت گەیاندن بە سیستمى پەروەردە و خوێندنى باڵا و پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى بازاڕى کار لە هەرێمى کوردستان دا.

هەر لەکاتى کۆبوونەوەکەدا باس لە پێدانى پشکى کورسى و توانابنەڕەتییەکانى خوێندنى باڵا بۆ پسپۆڕییەکان لە وەزارەتى پەروەردە کرا وەکو (المناهج، الاحێاء، التخگیگ، التقویم و القیاس، ادارە المواد المالیە و البشریە) لەناوەوەى و دەرەوەى هەرێم لەڕێگەى ناردن و زەمالاتەوە، هەروەها شێوازى سوود وەرگرتن لە سیستمى فەند لە بانکى دراوى نێودەوڵەتى و ڕێکخراوەکانى وەک یونسێف و یونسکۆ و ڕێکخراوەکانى تر تەوەرێکى ترى ئەم کۆبوونەوەیە بوو.