Nov 2016

ڕاگەیاندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا سه‌باره‌ت به‌خۆپیشاندانه‌كه‌ی زانكۆی سلێمانی

DSC00641.JPG

 شەوی ڕابردوو ژمارەیەک لە خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی گردبونەوەیەکیان لەبەردەم زانكۆی سلێمانی ئەنجامدا، بەڵام بەداخەوە خۆپیشاندانەکە ئاڕاستەکەی گۆڕاو و توندوتیژی لێکەوتۆتەوە، بۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەپێویستی زانی ئەم ڕاگەیاندراوە بڵاو بکاتەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەێنێت وەک هەمیشە پشتگیری لە خۆپیشاندانی مەدەنیانە دەکات و، بەدەنگ ئەو داوایانەشەوە ئەچێ کە بەشێوەیەکی مەدەنیانە بۆ وەزاتەکەمان بەرز دەکرێنەوە، لەهەمان کاتدا داوا لە خوێندکاران دەکەین بەهۆشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە گردبونەوەکان بکەن، کە توندوتیژی و کاری تێکدەرانەی لێده‌کەوێتەوە، دەربڕینی بیروڕای مەدەنیانە نەک هەر پشتگیری دەکەین، بەڵکو کارێکی ئاسایی و یاساییه‌، وەزارەتەکەمان بەئەرکی خۆی دەزانێ کە خوێندکاران فێری ڕەخنەو ڕەخەنەلەخۆگرتنیان بکات، بەڵام لە چوارچێوەی یاساو لە پێناو گەشەپێدانی کۆمەڵگەو پڕۆسەی مەعریفەو زانست لە کوردستان.

وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەهەموو جۆرێک دژی ئەوەیە کە سامان و موڵک و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بکرێنە ئامانج و زیانیان پێ بگەێندرێ، چونکە ئەم دامەزراوانە لە بنەڕەتدا بۆ خزمەتکردنی خوێندکاران دامەزراون، زیانگەیاندن پێیان زیان بەخوێندکاران دەگەێنێ، بۆیە وەزارەتەکەمان لەبەرامبەر هه‌ر هۆکارێک کە ڕەوتی خوێندن و دامەزراوەکان بشێوێنێ پشتگیری لە چەسپاندنی یاسا دەکات و، داواش لە ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی دەکات کە ڕێگە نەدات ماڵ و موڵکی گشتی کە لە خزمەتی خوێندکاران و بۆ خزمەتی خوێندکارانە بەهەدەر بڕوات و دەستدرێژی بکرێتە سەر، پێویستیشە بەرامبەر بەو کارانەو لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکاندا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە پێمان وایە ئەو جۆرە هەڵس و کەوتانە نەک هەر زیان بەخوێندکاران و ناو ناوبانگی زانکۆی سلێمانی و پڕۆسەی خوێندن دەگەێنێ، بەڵکو کاریگەری نەرێنی لەسەر مافی خۆپیشاندانی مەدەنیانەی خوێندکاران بەجێ دێڵێ، کە مافێکی دیموکراسیانەی خوێندکارانە، لێرەوە وه‌زاره‌ته‌كه‌مان هانی خوێندکارانی دڵسۆز دەدات کە ڕێگر بن لەبەردەم ئەو جۆرە خوێندکارانەی کە بەناویانەوە لەلایەن هەندێک کەسی نابەرپرسیار ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە دەکەن، چونکە ئەو جۆرە کارانە کاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگی خوێندکاران و پڕۆسەی خوێندنی باڵا بەجێ دێڵێت.

له‌هه‌مان كاتدا وەزارەتەکەمان خۆی بەبەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بەپاراستنی شکۆ و هەیبەتی مامۆستایان، چونکە مامۆستایان هەڵگری پەیامی پیرۆزن و بەهەزاران نەوەیان بۆ گەلەکەمان پێگەیاندوە و، لە ئێستاشدا ئەرکی پێگەیاندنی هەزاران خوێندکاری دیکەیان لەسەر شانە، سه‌رباری ئه‌وانه‌ش بەرگەی ناسەقامگیری باری دارای و ئەمنی هەرێمی کوردستانیان گرتوەو، بێ گوێدانە بەرژەوەندییەکانی خۆیان درێژیان بەپەیامی زانست و مەعریفەیی  داوە.

ئیمە لە کاتێکدا ڕۆڵەکانمان لە بەرەکانی جەنگن و، بەخوێن بەرگری لە نیشتیمانەکەمان دەکەن، کەچی کەسانێکیش لە ناوخۆی نیشتیماندا بەناوی مافی خوێندکار لە هەوڵدان لە ڕێی پشێوی نانه‌و، شکاندنی دەزگاو دامەزراوەکانی خوێندکاران ئەم پڕۆسەیە پەک بخه‌ن، بۆیە ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە سەرباری ئەو دۆخە نالەبارەی کە هەیە دەبێت ڕەوتی خوێندن بەردەوام بێت و داهاتوی نەوەکانمان لە ڕێی کەسانی نابەر پرسەوە نەکەوێتە ژێر مەترسیەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

15/11/2015