Nov 2016

ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ بەراییەکانی خولی سێهەمی به‌رنامه‌ی تواناسازی

newsitem-1195-04.12.2011-ku.jpg

وەزاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی به‌ خۆشحاڵيه‌وه‌ ئەنجامە بەراییەکانی خولی سێهەمی به‌رنامه‌ی تواناسازی ڕاده‌گه‌يه‌نێت. لەم خولەدا پێشکەوتووترین تەکنۆلۆجیا و کاریگەرترین سیستەمی داتابەیس بەکارهێنرا ، پێشكه‌شكاران توانیان له‌ ڕێگای ئنته‌رنێت و بەشێوازی ئۆنلاین‌ هه‌ر خۆیان ته‌واوی زانیارییه‌كانیان داخڵ بكه‌ن و دۆكیومێنته‌كانیان بۆ وه‌زاره‌ت بنێرن و خاڵه‌ كۆكراوه‌كانيان پێشوه‌خت بزانن. هه‌مان ئه‌و خاڵه‌ كۆكراوانه‌ له‌ داتابه‌يسێك دا به‌ شێوازێکی ئه‌له‌كترۆنی و به‌بێ ده‌ستكاری له‌ ليستێكدا ڕيزبه‌ند بوون و بوونه‌ بنه‌مايه‌ك بۆ بڕياردان. ئەم هەنگاوەش زامنی تەواوی شەفافیەت و ڕەخساندنی هەلی یەکسان و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە.

شایەنی باسە ئەم راگەیاندنە بریتیە لە ئەنجامە بەراییەکان، دوای وردبینی تەواوی دۆکیومینتەکان و لێکۆڵینەوە لە سکاڵای پێشکەشکاران، ئەنجامە کۆتاییەکان ڕادەگەیەنرێت.

لە خولی سێهەمی بەرنامەی تواناسازیدا دیاریکردنی بوارەپسپۆڕییەکان و ژمارەی کورسییەکان لەبەر ڕۆشنایی پلان و ئەولەویەت و پێویستی زانکۆکان بڕیاری لەسەر دراوە، بۆ نمونە ئەگەر لە بواریکی پسپۆڕیدا هیچ کاندیدیک نەپاڵێورابێت ئەوە مانەی ئەوەیە کە زانکۆكان داوای ئەو بوارە پسپۆڕیەیان نەکردووە.
هاوکات لەم خولەدا لەگەڵ ڕەچاوکردنی مەرج و ڕێنماییەکانی بەرنامەی تواناسازی پینج خاڵی زیادە بەخشراوەتە کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان.

هەروەها ژمارەیەک کورسی خویندن لە خولی سێهەمدا بەخشراوەتە زانکۆی کەرکوک، پاڵێوراوانی کەرکوک لە نێوخۆیاندا بەپیێ مەرج و رێنماییە گشتییەکانی بەرنامەی تواناسازی پێشبڕکێیان کردووە و سەرکەوتووەکان لە بواری پسپۆڕی جیاجیادا بە پێێ هەمان سیستەمی خاڵبەندی پاڵێوراون.

پێشکەشکردنی سكاڵا

ئەو پێشکەشکارانەی سکاڵایان هەیە دەتوانن بە زووترین کات لەڕێگای فۆرمی تایبەتەوە سکاڵاکانیان بۆ لێژنەی بەرنامەی تواناسازی بنێرن، دوامۆڵەتیش بۆ پیشکەشکردنی سکاڵاکان ڕۆژی ٩/١٢/٢٠١١-یە.

شایانی باسە فۆرمی سکاڵا بە شێوازی ئۆنلاین ئامادە کراوە و پێویست ناکات هیچ پێشکەشکارێک سەردانی وەزارەتی خویندنی باڵا بکات بەڵکو دەتوانن ڕاستەوخۆ لە ڕێگای ()-وە فۆرمی سکاڵا بکەنەوە و زانیارییە پێویستەکان داخڵ بکەن و دواتریش بەشێوازی ئەلکترۆنی فۆرمەکە بنێرن.

بەرپرسیارێتی یاسایی:

پێشکەشکاران دەبێت دڵنیا بن لە ڕاستی ئەو زانیارییانەی کە لە کاتی پرکردنەوەی فۆرمی پێشکەشکردندا داخڵیان کردووە، بەتایبەت ئەو زانیاریانەی کە پەیوەندی بە مەرجەبنەڕەتییەکانی بەرنامەی تواناسازییەوە هەیە و خاڵی پێ وەردەگیرێت کە بریتین لە:

  1. پێویسته‌ پێشکەشکار بڕوانامه‌ی بەکالۆریۆسه‌كه‌ی له‌ زانكۆیه‌كی حکومه‌تيی هەرێمی کوردستان یان زانکۆیەکی جيهانيی باوه‌ڕپێكراوی له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای حكومه‌تی هه‌ر‌ێمی كوردستانه‌وه‌ به‌ده‌ست هێنابێت. له‌ كاتی ئێستادا، به‌رنامه‌ی تواناسازی هه‌رێم ده‌رچوانی زانكۆ ئه‌هليه‌كانی عيراق ناگرێته‌وه‌.
  2. له‌و خوله‌دا‌ ته‌نيا كارمه‌ندانی سه‌ر كه‌رتی تايبه‌ت و سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی ده‌گرێته‌وه‌. كارمه‌ندانی ده‌زگا حكومه‌تيه‌كانی تری سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ته‌كانی تر ده‌رفه‌تيان له‌ ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانانه‌وه‌ بۆ ڕه‌خساوه‌.
  3. ده‌بێت داواكار بۆ خوێندنی ماسته‌ر/ دكتۆرا تێكڕای نمره‌ی ده‌رچوونی له‌ به‌كالۆریۆس له‌ 65% كه‌متر نه‌بێت یان له‌ ڕیزبه‌ندی چاره‌كی یه‌كه‌می ده‌رچووانی خولی یەکەمدا بێت.
  4. پێویسته‌ داواكار ته‌مه‌نی له‌ 35 ساڵ زیاتر نه‌بێت بۆ خوێندنی ماسته‌رو له‌ 40 ساڵیش زیاتر نه‌بێت بۆ خوێندنی دكتۆرا.
  5. گەر پێشکەشکار ئۆفەری خوێندنی هەبوو پیویستە دڵنیا بێت لە جۆری ئۆفەرەکەی (مەرجدار یان بێمەرج).
  6. گەر پێشکەشکار تاقیکردنەوەی ستانداردی توانستی ئەنجام دابوو دەبیت نمرەی تاقیکردنەوەکەی بە شێوەیەکی دروست داخڵ کردبێت.
  7. پێویستە پێشکەشکار ساڵانی خزمەتی لە دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردسان بە راست و دروستی داخڵ کردبێت، لە بەرنامەی تواناسازیدا تەنها خزمەتی فەرمی حکومی کاری پیدەکرێت نەک خزمەتی هەژمار کراو.

هەر پێشکەشکارێک لە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکەدا بەبێ مەبەست زانیاری هەلەی داخڵ کردبێت پێویستە بە زووترین کات لە ماوەی یەک هەفتەدا لە رێگای هەمان فۆرمی سکاڵاوە ئاگاداری تیمی بەرنامەی توناسازی بکات و داوای ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی بکات. بەڵام گەر لە دوای لێکۆڵینەوە و وردبینی دەرکەوت هەر پێشکەشکارێک بە مەبەست زانیاری یان دۆکیومینتی هەڵەی پیشکەش کردبێت و تیمی بەرنامەی تواناسازی لێ ئاگادار نەکردبێتەوە ئەوا دوچاری لێپرسینەوەی یاسایی دەبیت و ناوی دەخریتە لیستی ڕەش و بۆ ماوەی سێ ساڵ مافی نابێت داوا بۆ بەرنامەی تواناسازی پێشکەش بکات ، ئەم هەنگاوەش بۆ مەبەستی پارێزگاریکردنە لە بەها یاسایی و زانستییەکانی بەرنامەی تواناسازی و مافە گشتییەکانی هاوڵاتیان.