Nov 2016

69 %ى بەشداربووان لە ئەداى وەزیرى خوێندنى باڵا ڕازین

بەپێى ڕاپرسییەکى ڕێکخراوى لاوانى سەردەم (CYO)، کە لەنێو زانکۆکانى کوردستان و  بۆ پڕۆژەى ڕیفۆرمى زانکۆکان ئەنجامیداوە، ڕێژەى 8،28% پێیانوایە هەنگاوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ڕیفۆرم لە سیستەمى خوێندنى باڵا لە بەرژەوەندى زانکۆکانە و ڕێژەى3 ،27% بە نەخێر و ڕێژەى 43،9% بە تارادەیەک وەڵامیانداوەتەوە. تەوەرێکى  ڕاپرسییەکە سەبارەت بە ئەداى وەزیرى خوێندنى باڵایە، ڕیژەى 16% بە زۆر باش و  ڕێژەى 53% بە باش هەڵیدەسنگێنن.

لەم هەفتەیەدا، لە دەزگا ڕاگەیاندنە کوردییەکان بڵاوکرایەوە، کە ڕیکخراوێکى کۆمەڵى مەدەنى، ڕاپرسییەکى سەبارەت بە ڕیفۆرمى زانکۆکانى هەرێم (کە بەرنامەیەکى سەرەکى کابینەى شەشەمى حکومەتى هەرێمە) ئەنجامداوە و لە هەموو تەوەرەکانى ڕاپرسییەکەدا، ڕێژەیەکى بەرچاوى بەشداربووەکان، لە پڕۆسەى ڕیفۆرمى زانکۆکان ڕازین.

ژمارەى بەشدار بووانى راپرسییەکە لە (3411) خوێندکار و مامۆستاى زانکۆ، (2161) بەژداربوو لە ڕەگەزى نێر و (1250) بەژداربووى تر لە رەگەزى مێ. کە بەسەر حەوت زانکۆى هەرێم دابەش بوون زانکۆى (سەلاحەدین، سلێمانى،دهۆک، کۆیە، سۆران، هەولێرى پزیشکى و زانکۆى کوردستان). هەریەکێکیش لەو زانکۆیانە، ڕێژەى جیاوازیان لە فۆڕمى راپرسى بەسەردابەشکراوە.

یەکێک لە تەوەرەکانى راپرسییەکە، سەبارەت بە ئەداى وەزیرى خوێندنى باڵایە، لەم هەڵسەنگاندنەدا، 16% پێیانوایە زۆر باشە و 53% پێیان باشە و 31% بە خراپ هەڵیدەسەنگێنن. لە بارەى بۆچونى بەشداربوانى راِپرسییەکە سەبارەت بە گۆڕینى سیستەمى ماستەر و دکتۆرا و ئاستى خزمەتکردنى بە زانستى و ئەکادیمى زانکۆکان، 6، 63% بە ئاستى زۆر و4،36% بە ئاستى کەم  دیارییان کردووە.

لایەنێکى ترى ڕاپرسییە، پرسیارە لە بارەى سودى پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى، کە پڕۆسەیەکە بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆکان و لە بەرنامەى کارى وەزارەتە و ئێستا جێبەجێدەکرێت، ریَِژەى 5، 67 % بە بەڵێ و 5، 32% بە نەخێر وەڵامیانداوەتەوە.

دلیڤان عەبدوڵا سەرۆکى ڕێکخراوى لاوانى سەردەم، لە لێدوانێکى بۆ هەفتەنامەى ئاوێنە (کە یەکێکە لە ڕۆژنامە ئەهلییەکان لە هەرێمى کوردستان)، لەبارەى ڕاپرسییەکەوە باسى لەوە کردووە، کە  ڕێکخراوەکەیان ناحکومیە و بەشێکى تایبەتى هەیە بە ڕاپرسى و لێژنەى لە زۆربەى شارو شارۆچکەکان دایە بەشێوەیەکى زانستى ئەنجامیدەدەن. هەروەک ئاماژە بەوەش دەکات، کە لەماوەى ڕابردوو چەندین ڕاپرسییان لە بارەى وەزارەتى جیاجیا بەشێوەى خۆبەخشى کردویانە، هەروەک دەڵێت " ئەوەى وەزارەتى خوێندنى باڵاش لەم چوارچێوەیە و بە پێویستمان زانیوە، چونکە بڕیارى تازە لەم وەزارەتە درا و سیستەمى خوێندنى باڵاى گۆڕى".

سەبارەت بەوەى جیاوازى لە ژمارەى فۆڕمەکاندا هەیە لە نێوان زانکۆکان، سەرۆکى ڕێکخراوى لاوانى سەردەم  هۆکارەکەى بۆ ئەوە گێِرایەوە، کە ژمارەى خوێندکاران لە زانکۆیەک بۆ زانکۆیەکى تر  جیاوازى زۆریان هەیە.