بە ئامادەبونى وەزیرى خوێندنى باڵا، مەراسیمى ڕێزلێنان بەبۆنەى خانەنشین بونى سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى بەڕێوەچو

مەراسیمی خانەنشینبوون

لەبەرامبەر هەوڵ و ماندوبونەکانى لە ماوەى کارکردنى وەک سەرۆکى زانکۆ،  وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: د. دارا عمر میران لە ماوەی ئەرکەکەیدا وەک سەرۆکی زانکۆی هەولێرى پزیشکى و ئەندامی ئەنجومەنی وەزارەت، جێ دەستی لە سێکتەرى خوێندنى باڵا دیارەو ماندوبون و دڵسۆزیەکانى بەرز دەنرخێنین.

پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (٢٧/٧/٢٠٢٠) بە ئامادەبونى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بریکارى وەزارەت و بەڕێوەبەرانى گشتى، مەراسیمى ڕێزلێنان و ماڵئاوایى بەبۆنەى خانەنشین بونى د. دارا عمر میران سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى، لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو.

لە مەراسیمەکەدا د. ئارام محمد قادر سوپاس و پێزانینى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاراستەى د. دارا عمر میران کردو ڕایگەیاند: هەوڵ و ماندوبون و بەشداری کاراتان لە خزمەتکردنی کەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جێگەى دەستخۆشییە، هەروەها وتیشى: لە ماوەی کارکردنتان وەک سەرۆکی زانکۆی هەولێرى پزیشکى و ئەندامی ئەنجومەنی وەزارەت، جێ دەستتان دیار بوە بۆ ئەمەش پەرۆشی و ماندوبون و دەست پێشخەرییەکانتان بەرز دەنرخێنین.

هەر لە مەراسیمەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هیواى سەرکەوتن و بەردەوامى دان بە کارە زانستییەکان بۆ د. کامەران یونس محمدئەمین خواست کە وەک سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى بە وەکالەت دەستبەکاربوە.

جێگەى ئاماژەیە پرۆفیسۆر د. دارا عمر میران لە ڕێکەوتى (٢٠/١/٢٠١٥) وەک سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى دەستبەکاربوەو لە ڕێکەوتى (١/٧/٢٠٢٠) فەرمانى خانەنشین بونى دەرچوە. ئەمڕۆش لە مەراسیمێکدا سوپاس و ڕێزلێنانى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێبەخشراو هیواى سەرکەوتن و تەمەن درێژییان بۆ خواست.