مەرج و ڕێنماییە سەرەکییەکان بۆ دەرکردنى گۆڤارى زانستى

magazine_cover111.jpg
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ ڕێكه‌وتی (18/3/2015) به‌ فه‌رمانیێك كه‌ به‌ئیمزای د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ژماره‌ (5624/9) ده‌رچوه‌ مەرج و ڕێنماییە سەرەکییەکان بۆ دەرکردنى گۆڤارى زانستى ده‌ستنیشان كردوه‌.

مه‌رجه‌كان:
1. دەركردنی گۆڤاری زانستی لە لایەن زانكۆیەكی مۆڵەت پێدراو لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان، یان دەزگایەكی زانستی ئەكادیمی باوەڕپێكراوەوە دەبێت كە توێژینەوەی زانستی ئەنجام بدات.
2. بەشێوەیەكی دەوری و ڕێك وپێك دەربچێت و بە ئەلیكترۆنیش بڵاوبكرێتەوە و بە لایەنی كەم ساڵانە (2) دوو ژمارەی لێ دەربچێت، لە كاتی وەستانی گۆڤارەكە بۆ ماوەی ساڵێك ئەوا پێشوەختە ڕوونكردنەوە لە لایەن ئەنجومەنی زانكۆوە بەرزدەكرێتەوە بۆ وەزارەت، ئەگەر دووبارە بووەوە ئەوا مۆڵەتی دەرچوونەكەی هەڵدەوەشێتەوە.
3. دەبێت توێژینەوە پێشكەشكراوەكان لە ئاستێكی زانستی بەرزدا بن.
4. پێویستە پێش هەڵسەنگاندنی توێژینەوەكان پڕۆسەی (الأنتحال الفكري-Plagiarism ) ئەنجامبدرێت بۆ هەموو توێژینەوەكان.
5.دەستەی نووسەران و راوێژكاری بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
‌أ. هەر گۆڤارێك دەستەیەكی نووسەران (الهیئة التحریر)ی دەبێت كە ژمارەیان لە (5) پێنج ئەندام كەمتر نەبێت و (3) سیانیان پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و (2) دووانەكەی تریان بڕوانامەی دكتۆرایان هەبێت لە پسپۆری جیا جیای بوارەكانی گۆڤارەكە.
‌ب. هەبوونی دەستەیەكی راوێژكاری كە ژمارەیان لە (7) حەوت ئەندام كەمتر نەبێت لە پسپۆری جیا جیای بوارەكانی گۆڤارەكە بە مەرجێك پلەی زانستیان لە پلەی (پڕۆفیسۆری یاریدەدەر) كەمتر نەبێت.
6. ژمارەی تۆماری نێودەوڵەتی (ISSN- إعتماد الترقیم الدولي للیونسكو للمجلة)ی هەبێت.
7. ڕێنماییەكانی بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستی دەبێت ڕوون و ئاشكرا بێت و لە ناوەڕۆكی یان لەسەر بەرگی گۆڤارەكە ئاماژەی پێ بدرێت .
8. بەرگ و ساڵی دەرچوون بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
‌أ. دەبێت لەسەر بەرگی گۆڤارەكە بە روونی ئاماژە بە ناوی گۆڤار و زانكۆ و دەزگا ئەكادیمییەكە و ژمارە و بەرگی گۆڤارەكە بدرێت.
‌ب. ئاماژە بە ساڵی دەرچوونی گۆڤارەكە بدرێت بە ساڵنامەی كوردی و زایینی.
9. لە لایەن ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە مۆڵەتی دەرچوونی سەرەتایی (مبدئي) بە گۆڤاری زانستی دەدرێـت ئەمەش دوای ئەوەی لیژنەی تایبەت بە دەركردنی گۆڤاری زانستی ڕاسپاردە دەكات.
10. هەر گۆڤارێك كە مۆڵەتی پێ دەبەخشرێت ژمارە (.) سفر دەردەكات و وێنەیەك لە گۆڤارەكە ڕەوانەی وەزارەت دەكرێت بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی دووبارەی بۆ بكرێت بۆ بەخشینی مۆڵەتی دەرچوونی كۆتایی بە شێوەی هەمیشەیی لە لایەن ئەنجومەنی وەزارەتەوە بەم شێوەیە:
‌أ. دوای دەرچوونی ژمارە (.) سفری هەر گۆڤارێكی زانستی هەوڵ دەدرێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی گۆڤارەكە بە پشت بەستن بە فاكتەرە نێودەوڵەتییەكان.
‌ب. ئەگەر ژمارە (0) سفری هەر گۆڤارێك لە هەڵسەنگاندن دەرنەچوو ئەوا ژمارە (1)ی گۆڤارەكە دەرناچێت.
‌ج. لە كاتی دەرچوونی ژمارە (0) سفر لە هەڵسەنگاندن، توێژینەوەكانی ژمارە (0) سفریش ژمارەی (1) یەكی گۆڤارەكە هەڵدەگرن و بەكاردێن بۆ بەرزكردنەوەی پلەی زانستی.
11. پێویستە هەر (2) دوو ساڵ جارێك پێداچوونەوە بە ژمارە دەرچووەكانی گۆڤارەكە بكرێتەوە لە لایەن وەزارەتەوە بە بەشداریكردنی لیژنەی باڵای دڵنیایی جۆری وەزارەت.
12. پێویستە گۆڤاری زانستی لە پەرتوكخانە و دامودەزگا زانستییەكان دابنرێت و بنێردرێت بۆ زانكۆكانی تر.
13. ئەم ڕێنماییە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە كاری پێدەكرێت.