هەموو هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ و کۆمەڵێک بژاردەمان لەبەر دەستە

كۆبونه‌وه‌

پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (٢٢/٣/٢٠٢٠) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبونەوەى ژمارە (٣)ى ئەنجومەنى وەزارەت بەڕێوەچو، کە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، كۆبونەوەكە لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ئەنجامدرا.

لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا كە بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ئەندامانی دیکەی ئەنجومەن تێیدا بەشداربون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا ئاماژەى بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای بڵاوبونەوەی پەتای کۆڕۆنای نوێ (COVID-19) کردو تیشکى خستە سەر دواین گۆڕانکاریەکان بۆ بەڕەنگاربونەوەی ڤایرۆسەکە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکان کە کۆى هەوڵەکان بە پرۆسەیەکى سەرکەوتو و ئیجابى هەڵسەنگێنرا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی زانستی ورد دەربارەی پلان و بژاردەکانی بەردەم زانکۆ و دامەزراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجام درا سەبارەت بە بەردەوام بونی پرۆسەی خوێندن لە حاڵەتی درێژکردنەوەی پشووەکان بەهۆی ڕێککارە خۆپارێزیەکانی تایبەت بە ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنای نوێ، هەروەها بژاردەی خوێندنی ئۆنلاین و بەکارهێنانی ئەو پلاتفۆرمانەی کە لە ئێستادا لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە کاری بۆ دەکرێت  تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بون.

لەم کۆبونەوەیەدا هەریەک لە بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى سەرنج و تیبینیەکانی خۆیان پێشکەش کرد و پلان و پیشنیاری پێویست بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندن گەڵالە کرا. هەر لە کۆبونەکەدا ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە کۆی دەنگ بریاریان دا کە هەمو توانا مرۆیی و لۆجیستییەکانی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا بەکار دەهێنرێت بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ.

هەروەها لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆناو ڕەچاوکردنی دۆخی تەندروستی و پابەندبون بە ڕێنماییەکان لە داهاتودا بڕیاری پێویست لەبارەی میکانیزمی بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن دەدرێت.

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا دڵنیایی دەداتە قوتابیان و خوێندکاران کە بژاردەی گونجاو لەبەر دەستن بۆ پاراستنی خوێندنی ئەمساڵ، تا دەگاتە پەیرەوکردنی شێواز و سیستمی ئۆنلاین کە یەکێکە لەو بژاردانەو داوا لە زانکۆکان کرا لەڕوی لۆجیستی و تەکنیکییەوە ئامادەکاری پێویستى بۆ بکەن.

لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت کۆک بون لەسەر ئەو پرەنسیپەی کە سەرەڕای گرفت و ئاڵنگارییەکان، زانکۆکانی کوردستان لە توانایاندایە پە پشتیوانی تەواوی خوێندکاران و قوتابیان بن بۆ ئەوەی هەمو پێکەوە کار بکەین بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندنی باڵا لە هەرێمەکەمان.