کردنەوەى دبلۆمى باڵا، ماستەرو دکتۆرا، گەورەترین پرۆسەی تواناسازی نیشتیمانییە لە مێژوى خوێندنى باڵاى کوردستان

كۆبونه‌وه‌ی خوێندنی باڵا

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەخت لە پەیڕەوکردنى شەفافیەت و دادپەوەرى لە پڕۆسەى وەرگرتنى خوێندنى باڵا/دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش (ژورى سەرپەرشتیکردنى پرۆسەى خوێندنى باڵا) پێکدەهێنێت.

لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتى (16/2/2020) لە دیوانى وەزارەت لەسەر ڕاسپاردەى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى (ژورى سەرپەرشتیکردنى پڕۆسەى خوێندنى باڵا) پێکهێنرا، دواتریش بەئامادەبونى هەریەک لە (د. ئامانج عەبدوڵا سەعید راوێژکارى وەزیر و د. نەژدەت ئاکرەیى بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوەو پەرەپێدان و فوئاد عەلى سمایل جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوە و پەرەپێدان و سەرتیپ خاڵص بەڕێوەبەرى خوێندنى باڵاى وەزارەت کۆبونەوە.

لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر پرۆسەى خوێندنى باڵا کە  لە سەرەتاوە رێنمایی تایبەت بۆ هەریەک لە خوێندنى دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆرا بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠) دەرچوەو لە رۆژنامەى فەرمی (وەقایعی کوردستان) بڵاوکراوەتەوە، جەختیش کرایەوە بۆ یەکەمجارە لە مێژووى خوێندنى باڵا لە کوردستان پرۆسەیەکى گەورەی لەم شێوەیە ئەنجام بدرێت و بۆ ئەمەش (11,242) پێشکەشکار لەسەرتاسەرى کوردستان پێشکەشى خوێندنى دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆرایان کردووە، ئەمەش بە یەکێک لە گەورەترین پرۆسەی تواناسازی نیشتیمانی ئەژمار دەکرێت کە دەرفەت دەڕەخسینێت بۆ زیاتر لە پێنج هەزار گەنجی وڵاتەکەمان کە خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی کوردستان تەواو بکەن.

هەر لە کۆبونەوەکەدا باس لەو میکانیزم و رێوشوێنانە کرا کە وەزارەت لە رێگەى رێنمایی و گشتاندن و نووسراوى فەرمى بۆ زانکۆکان گرتوویەتەبەر بۆ مەبەستی ڕێکخستنی پرۆسەکانی پێشکەشکردن و ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى و شێوازى پەیرەوکردنى سیستمى خاڵبەندى بۆ ڕیزبەندکردنی پێشکەشکاران بە پێی پێوەرەکانی پرۆفایلی ئەکادیمی و ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی توانستی زانستی، بۆ ئەمەش جەخت کرایەوە کە: وەرگرتن لە چوارچێوەى پلان و جێبەجێکردنى گشت یاسا و رێنماییەکان دەبێت. هەروەها رۆڵى زانکۆکان بەرزنرخێنرا بۆ ئەو هەوڵ و رێوشوێنانەى کە گیراونەتەبەر بۆ سەرخستى هەمو پرۆسەکانی تایبەت بە خوێندنی باڵا .

هەر لەم ڕوانگەیەوە (ژورى سەرپەرشتیکردنى پڕۆسەى خوێندنى باڵا) بە چاودێری ڕاستەوخۆی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەموو رێوشوێن و میکانیزمە زانستیی و کارگێڕییەکانی گەڵاڵە  کردوە بۆ ئەوەى بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆکان ئەنجامى بدات، تاوەکو ئەنجامەکانى پرۆسەکە لەبەر ڕۆشنایی بنەماکانی ڕەخساندنی هەلی یەکسان و شەفافیەت و دادپەوەرى لە چوارچێوەى یاساو رێنماییەکان دا بەڕێوەبچێت.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەیەدا جەختکرایەوە کە وردبینی بۆ پڕۆسەى سیستمى خاڵبەندى و ڕێکخستنی پێشبرکێ لە رێگەى لێژنەیەکى تایبەت لە زانکۆکان ئەنجام دەدرێت و دوای تەواوبونی پرۆسەکەش ئەنجامە بەراییەکان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە پەسەند دەکرێت و لەگەڵ داتای هەموو پێشکەشکاراندا ڕادەگەیەنرێت، دواتریش دەرگاى سکاڵاو تانەگرتن دەکرێتەوە و هەمو سکاڵاکان بەهەند وەردەگیرێن و لەلایەن لێژنەی وردبینی زانکۆکانەوە دیراسەت دەکرێن و ئامادە دەکرێن بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی.