بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستى کوردستان و عێراق، وەزیرى خوێندنى باڵا بەشى زمانى چینى لە زانکۆى سەڵاحەدین کردەوە

كردنه‌وه‌ی به‌شی زمانی صینی

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە هەنگاوێکى زانستیداو بەئاراستەى کرانەوە بەڕوى دونیاو ئاشنابون بەکلتور و فەرهەنگ و مێژوى وڵاتى چین، كردنەوەى بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەددین دەبێتە تەنها بەش لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق، بۆ پیشکەشکارانی کوردستان و عیراق کەدەتوانن بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەزمانی چینی وەربگرن.

ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٣/١٢/٢٠١٩) لەمیانى پێشکەشکردنى وتارێکدا هات کە لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى بەشى زمانى چینى لە زانکۆى سەڵاحەدین  هەولێر پێشکەشیکرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و کونسوڵى کۆمارى چینى میللى و سەرۆک زانکۆ و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و مامۆستاو خوێندکاران ئامادەیبون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستى کوردستان و عێراق و لە هەنگاوێکى زانستیداو بەئاراستەى کرانەوە بەڕوى وڵاتانى دونیاو ئاشنا بون بە کلتور و فەرهەنگ و مێژوى وڵاتى چین، بەشى زمانى چینى لە زانکۆى سەڵاحەدین کردەوە.

لە وتەیەکدا د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: هیوامان وایە کردنەوەی بەشى زمانى چینى ببێتە مایەی زیاتر پتەوکردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمار ی میللی چین. بۆ ئەمەش ڕایگەیاند: کۆماری میللی چین یەکێکە لە ئابوریە بەهێزو کاریگەرەکانی جیهان، دەوڵەتێکی بەهێزی پیشەسازیەو لەروی ئابوریەوە زۆر بە خێرایی گەشە دەکات. کەرتی خوێندنی باڵاش لە چین زۆر کاریگەر و فراوانە، زانکۆکانی ئەم وڵاتە لە ڕیزبەندی باشترین زانکۆکانی جیهانن، لەبواری خەرجییەکانی توێژینەوەو پەرەپێدان لە سەر ئاستی جیهان لە ڕیزبەندی دوەمدان، بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی (World Bank) خەرجی توێژینەوەو پەرەپێدان لە کۆماری میللی چین لە ساڵی ٢٠١٩ دا دەگاتە ٥٠٠ بلیۆن دۆلار کە دەکاتە ڕێژەی ٢٢٪ی خەرجی توێژینەوە و پەرەپێدانی هەمو جیهان.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەر لە وتارەکەیدا وتیشى: ئێمە هیوامان وایە کە بتوانین پەیوەندی زیاتر لەگەڵ زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای کۆماری میللی چین دروست بکەین، بە هاوکاری لەگەڵ کونسوڵی گشتی ئەم وڵاتە کار بکەین بۆ رەخساندنی هەماهەنگی زانستی و ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران و ئەنجامدانی کار و توێژینەوەی هاوبەش لەگەڵ زانکۆکانیان.

د. ئارام محمد قادر ڕاشیگەیاند: زانکۆکانی کوردستان ئامادەن بۆ پیشوازیکردن لەو خوێندکارانەی چین کە دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان بخوێنن لە ئاستی بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵا، هەروەها پیشوازی لەو خوازیارانەش دەکات کە دەیانەوێت بۆ وەرگرتنی کۆرسی کورت خایەن یان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی بێنە هەرێمی کوردستان.

هەر لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى بەشى زمانى چینى لە زانکۆى سەڵاحەدین، هەریەک لە (د. ئەحمەد دزەیى) سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین و (نی روچى) کونسوڵى گشتى چین لە دوتەى جیادا، ئاماژەیان بە گرنگى و هەنگاوەکانى کردنەوەى بەشى زمانى چینى لە کۆلێژى زمانى زانکۆى سەڵاحەدین کرد، کە بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠)  ١٨ هەژدە خوێندکارى وەرگرتوەو لە ئێستاشدا هاوشانى بەش و کۆلێژەکانى ترى زانکۆى سەڵاحەدین خوێندن لەم بەشە دەستى پێکردەوە. هەروەک بەرنامەو پلانى داهاتویان بۆ گەشەپێدانى بەشەکە و فراوانکردن و دابینکردنى ستافى ئەکادیمى و هەنگاوەکانى کارى داهاتو خستەڕو. واش بڕیارە ساڵى داهاتو بەشى زمان و ئەدەبى کوردى لە زانکۆى پەکین لە وڵاتى چین بکرێتەوە

بۆ خوێندنەوەى دەقى وتارى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کلیک (لێـــــره‌) بکە.