وەزیرى خوێندنى باڵا بەفەرمى بانگهێشتى کۆنفرانسى پەروەدە و خوێندن لە بەریتانیا دەکرێت

وه‌زیری خوێندنی باڵا پێشوازی له‌ كونسڵی به‌ریتانیا ده‌كات

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت: لەبوارى زانستى و ئەکادیمى و پەرەپێدانى تواناکان و خوێندنى باڵا، وەزارەتەکەمان (٤٩) پڕۆژەى زانستى هاوبەشى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى وڵاتى بەریتانیا هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٢٩/١٠/٢٠١٩) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ (جەیمس ثۆرنتۆن) کونسوڵى گشتى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان کۆبۆوە.

لەو کۆبونەوەیەدا کە بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، کونسوڵى بەریتانیا خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بۆ سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و باسى لە ئەرک و کارى هاوبەشى زانکۆکانی بەریتانیا کرد لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان. هەر لە وتەکەیدا کونسوڵى بەریتانیا بانگهێشتنامەى فەرمى وەزیرى پەروەردەى وڵاتى بەریتانیاى ئاراستەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان کرد، بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسى پەروەدەو خوێندنى جیهانى لە وڵاتى بەریتانیا، کە وابڕیارە لە مانگى کانونى دوەمى ساڵى داهاتو بەبەشدارى (٩٥) وڵات بەڕێوەبچێت.

لەبەرامبەردا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنان، باسى لە پەیوەندییەکانى حکومەت و گەلى کوردستان لەگەڵ وڵاتى بەریتانیا کرد و، بۆ ئەمەش وتى: لەقۆناخى داهاتو دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بۆ ئاستێکى فراوانتر پەرەپێبدەین، بەو پێیەى وەزارەتەکەمان (٤٩) پڕۆژەى هاوبەشى لەبوارى زانستى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى وڵاتى بەریتانیا هەیە، د. ئارام محمد داواشى کرد ئاستى ئەو پەیوەندییانە لەبوارى توێژینەوەو پەرەپێدانى تواناکان و ڕاهێنان و ئاڵوگۆڕى زانستى زیاتر فراوانبکەین، چونکە سیستمى خوێندنى بەرتانیا بۆ ئێمە گرنگى زۆرى هەیە و پێویستمان بە شارەزایى و پسیۆڕى ئەو وڵاتەیە.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا چەند بابەتێکى ترى پەیوەست بە سیستمى خوێندن و پلان و بەرنامەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ پەرەپێدانى ئاست و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى زانکۆکان گفتوگۆى لەبارەوە کرا.