18 كۆلێژو سەنتەری زمانی بەریتانی كاروچالاكیەكانیان لە بواری زمان نمایش كرد

newsitem-1324-14.05.2012-ku_01.jpg

د. عەلی سەعید: ئامادەكارییەكان بەردەوامن بۆ راگەیاندنی خولی چوارەمی بەرنامەی تواناسازی

بەئامانجی ناساندنی سەنتەرەكانیان بەهەرێمی كوردستان و بەتایبەت بەخوێندكاران و قوتابیان، ئەمرۆ دووشەممە 14/5/2012 لە مەراسیمێكدا بەئامادەبوونی د.عەلی سەعید وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەك لە بەرێوەبەرە گشتیەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و (كریس باوەر) كۆنسڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێری پایتەخت، لە هۆڵی كۆبونەوەكانی هۆتێل رۆتانەی شاری هەولێر 18 كۆلێژو سەنتەری زمانی بەریتانی كاروچالاكیەكانیان لە بواری زمان نمایش كرد.

بەو بۆنەیەوە(كریس باوەر) كۆنسڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر لە وتەیەكدا دوای ئەوەی بەگرنگیەوە باسی لە فێربوون زمان كرد، هیوای خواست ئەو سەنتەرو كۆلێژانەی بەریتانیا كە تایبەتن بەفێربوونی زمانی ئینگلیزی بتوانن هاوبەشی خۆیان لە كوردستان بدۆزنەوە، بەو پێی كوردستان لە ئێستادا پێویستیەكی زۆری بەزمان هەیە، هەروەك تەئكیدی لەسەر ئەوەش كردەوە كە ئەو سەنتەرو كۆلێژانەی كە ئێستا لە كوردستانن لەرووی كوالیتیەوە باشن و دەبێت پابەندبونیشیان هەبێت بە فێربوون.

پاشان د.عەلی سەعید وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەوتارێكدا هاتنی ئەو سەنتەرو كۆلێژانەی زمانی بەریتانی بۆ كوردستان بەهەنگاوێكی گرنگ وەسف كرد بۆ پەرەپێدان بەزمانی ئینگلیزی لە كوردستان، د.عەلی سەعید هەر لە وتارەكەیدا تیشكی خستەر سەر ریفۆرمی خوێندنی باڵا لە كوردستان بەتایبەت لە رووی چۆنایەتیەوە، لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵا راگەیاند: تا ئێستا ژمارەیەكی زۆری كاندیدكراوەكانی بەرنامەی تواناسازی بەرەو وڵاتانی دنیا بەرێكەوتوون كە پێشبینی كرد 85% چووبن بۆ زانكۆكانی بەریتانیا.

د.عەلی سەعید ئەوەشی راگەیاند: سەرباری بەرنامەی تواناسازی و دەرەوە لەسەر ئاستی ناخۆش لە كوردستان گرنگیەكی زۆر بەزمانی ئینگلیزی دەدرێت، بۆیە هیوای خواست ئەو سەنتەرو كۆلێژانەی زمان سوود لەو دەرفەتە وەربگرن كە لە بواری زمانی لە كوردستان رەخساوە.لە بەشێكی دیكەی مەراسیمەكەدا نوێنەری سەنتەرو كۆلێژەكانی زمانی بەریتانی خۆیان بەئامادەبووان ناساند.

دوا بەدوای مەراسیمەكەش د.عەلی سەعید وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن ووتی: ئەم بۆنەیە بەهاریكاری نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیاو كۆنسڵگەری گشتی بەریتانیا لە شاری هەولێر رێكخراوە، بۆ ئەوەش خۆشحاڵی خۆی پیشاندا كە ئەو سەنتەرو كۆلێژانەی تایبەت بە زمان لە بەریتانیاوە هاتونەتە كوردستان و كارو بەرهەمەكانیان نمایش دەكەن كە سوودێكی زۆر بەكاندیداكراوەكانی بەرنامەی تواناسازی دەگەێنێت.

كۆنسڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن خۆشحاڵی خۆی پیشاندا كە لە كوردستان بایەخ بەفێربوونی زمانی ئینگلیزی دەدرێت و وەزارەتی خوێندنی باڵاش ئەو بابەتەی بەهەند وەرگرتووە، وتیشی خەڵكی كوردستان تینووی ( ئازادی، فێربوون، خوێندنە)، لەو چوارچێوەیەشدا ئامادەی ئەو سەنتەرو كۆلێژی زمانەی پیشاندا تا هاریكاری خەڵكی كوردستان بكەن بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی جا لە كوردستان بێت، یاخود لەدەرەوە، لە كۆتای لێدوانەكەشیدا (كریس باوەر) ئاماژەی بە وتەیەكی سەرۆك وەزیری نوێی بەریتانیا كرد كە لە كاتی دەستەبەكاربونیدا وەك كارنامەی سەرەكی خۆی جەختی لەسەر كردۆتەوە ئەوەش دروشمی ( پەروەدە، پەروەردە، پەروەردە) هیواشی خواست لە كوردستان بایەخ بە بواری پەروەردە بدرێت.

لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێرانیشدا سەبارەت بەبەرنامەی تواناسازی د. عەلی سەعید وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی راگەیاند: تا ئێستا (4500) خوێندكارو قوتابی لە چوارچێوەی سێ‌ خولی بەرنامەی تواناسازیدا كاندیدا كراون كە (1800)یان پەیوەندیان بەزانكۆكانی خۆیانەوە كردەوە لە قۆناغی فێربوونی زمان و خوێندنن، ئەوەشی راگەیاند: كە ئامادەكارییەكان بۆ خولی چوارەمی بەرنامەی تواناسازی بەردەوامە.

لە بەشی كۆتایی مەراسیمەكەدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەهاورێیەتی ئامادەبووانی مەراسیمەكە، بەرهەم و كارەكانی سەنتەرو كۆلێژەكانی زمانیان بەسەركردەوە.