د.ئارام محمد: ئەرکمان پاراستن و بوژاندنەوەو پێشخستنی زمانی كوردییە

وه‌زیری خوێندنی باڵا سه‌ردانی كۆڕی ئه‌كادیمیای كوردستان ده‌كات

لەمیانى سەردانیکردنى بۆ ئەکادیمیاى کوردى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەرکى ئێمە پاراستن و بوژاندنەوەو پێشخستنی زمانی كوردییە، بە هەمو دیالێكتە جیاوازەكان و  یەكخستنی زاراوەو دەستەواژەکانیەتى.

ئەم وتانەى د.ئارام محمد قادر لەمیانى سەردانیکردنى ئه‌كاديمياى كوردى هات، کە بەیاوەرى ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتى (٢٥/٩/٢٠١٩) ئەنجامیداو لەلایەن د. عه‌بدولفه‌تاح بۆتانى سه‌رۆكى ئه‌كاديمياى كوردى و د. نه‌جاتى عه‌بدوڵڵا جێگرى سه‌رۆكى ئه‌كاديميا پێشوازى لێکرا.

لەدواى بەسەرکردنەوەى کتێبخانەو ناوەندى دەستنووس و بەڵگەنامەو بڵاوکراوەى ناو بەناو و دیجیتاڵ و بەش و هۆبە جیاجیاکانى ئەکادیمیاى کوردى و لەنزیکەوە ئاگاداربون لە بەرهەمە زانستى و ئەکادیمییەکان و ئاشنابوون بە کارو چالاکییەکانیان، وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: پێویستەو ئەرکمانە بەیەکەوە کاربکەین زمانى کوردى بەرەو پێش ببەین، و زمانەکەمان لەمەترسى بپارێزین و هەوڵ بۆ پێشخستنى بەشێوەیەکى زانستى بدەین، ئەویش لەچوارچێوەى ئەنجامدانى توێژینەوەى تایبەت بۆ ئەو بوارە. هاوکات د.ئارام محمد قادر جەختى لە ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى زانستى کردەوە بۆ پێشخستنى ئاستى زمانى کوردى، بەتایبەت لەلایەنى کوردناسى.

د.ئارام محمد وتیشى: ئەرکى ئێمە پاراستن و بووژاندنەوە و پێشخستنی زمانی كوردییە، بە هەمو دیالێكتە جیاوازەكانییەوەو یەكخستنی زاراوەو دەستەواژەکانیەتى لەنێوان دیالێكتەکاندا، وتیشى: یەكخستن و كۆدەنگی نەتەوەیی لەسەر زمانی فەرمی لە هەرێمی كوردستان و وپێشخستنی كولتوور و پاراستن و دۆکیۆمێنتکردنی بەڵگەنامە مێژووییەکان، ئەرکێکى دیکەى گرنگى هەمو لایەکمانەو ئەکادیمیاى کوردى لەو چوارچێوەیەدا پێویستە ڕۆڵى زیاتر بگێڕێت. هاوکات بوونى پەیوەندی لەگەڵ زانکۆکانی ناوەوەو دەرەوەی هەرێم بۆ توێژینەوەی زانستی هاوبەش و بەدۆکیومێنتکردن و پاراستنی بەڵگەنامەو دەستنووسەکان و بابەتی کوردناسی، لە زانکۆکانی کوردستان وکاراکردنی وەرگێڕانی کتێب و سەرچاوە جۆراوجۆرەکان بۆ زمانی کوردی بە کارێکى گرنگى ئەکادیمیا داناو، بۆ ئەمەش ئامادەیى هەماهەنگى و هاوکارى وەزارەتى بۆ دوپاتکردنەوە.

لەلایەن خۆشیەوە د. عەبدولفەتاح بۆتانى سەرۆکى ئەکادیمیاى کوردى سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵاى کرد بۆ ئەو بەسەرکردنەوەیە و، وتى: بۆیەکەمجارە وەزیرێکى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان سەردانى ئەکادیمیاى کوردى دەکات، ئەمەش بۆ ئێمە جێگاى خۆشحاڵى و هەست کردنە بە گرنگى پێدان بەزمان و ئەدەبى کوردى، وتیشى: خۆشحاڵین پەیوەندیەکى بەهێز و بەردەواممان هەبێت.

لەدواى بەخێرهێنانى وەفدى وەزارەت د. نه‌جاتى عه‌بدوڵڵا جێگرى سه‌رۆكى ئه‌كاديميا وتى: ئێوە هاتوونەتە ناو ماڵى زمانى کوردى شکۆ بۆ زمانى کوردى بگێڕنەوەو هاتوون بۆ ئەوەى بەهەمومان بتوانین خزمەت بە زمانى کوردى بکەین، چونکە زمانەکەمان لەژێر هەرەشەیەکى گەورەدایە. لەو چوارچێوەیەشدا جێگرى ئەکادیماى کوردى چەند پێشنیازێکى خستەڕوو ئەوانیش: ساڵانە تەرخان کردنى چەند زەمالەیەک بۆ زمانى کوردى لەڕێگەى ئەکادیمیاو بۆ پسپۆڕیەتە ناوازەکان لەپێناو سودى ئەکادیماو زمانى کوردى. هاوکات هەوڵدان بۆ یەکخستنى ڕێنووسى زمانى کوردى و بەستنى پەیوەندییەکى بەهێز لەنێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و ڕۆشنبیرى لەگەڵ ئەکادیمیاى کوردى و یەکخستنى کۆدى کتێبەخانەکانى کوردستان بەشێکى دیکەى پێشنیازەکان بوون.